Smiley face
Smiley face
Smiley face

کڕینى توێژینه‌وه‌ى ده‌رچوون له‌ زانکۆ ده‌بێته‌ دیارده‌

2018-03-22 14:28:00



ڕۆژنیوز - دانێر قه‌ره‌داغی


خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەم ساڵانەی دوایدا توێژینەوەکانی دوا قۆناغی خوێندنیان ئامادە ناکەن و دەیکڕن، مامۆستایەکیش دەڵێت ساڵێکیان بە کەوتوو بۆ هەژمار دەکرێت.


له‌ چوارچێوه‌ى یه‌کێک له‌ ڕێنماییه‌کانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى هه‌رێم، ده‌بێت خوێندکارانى زانکۆ کاتێک ده‌گه‌نه‌ دوایین قۆناغى خوێندن توێژینه‌وه‌یه‌کى زانستیى ئه‌نجام بده‌ن و ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ش، پێشمه‌رجى به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى به‌کالۆریۆس-ه‌ له‌ زانکۆدا.


ژماره‌ى زانکۆ حکومیى و ئه‌هلییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان له ‌هه‌رێمی کوردستان دا، ١٥ زانکۆی حکومیی و ١٤زانکۆی ئه‌هلی هه‌ن، که‌ ساڵانه‌، به‌ هه‌زاران خوێندکار له‌و زانکۆیان ده‌رده‌چن و بڕوانامه‌ى "به‌کالۆریۆس"یان ده‌درێتێ و به‌مه‌ش پێش وه‌رگرتنى ئه‌و بڕوانامه‌یه‌، توێژینه‌وه‌یه‌کى زانستییان پێشکه‌شى سه‌رۆکایه‌تیى به‌شه‌کانیان کردوه‌.


پڕۆگرامێکى نوێ بۆ توێژینه‌وه‌کان


سه‌رتیپ خالص، که‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، ئاماژه‌به‌وه‌ ده‌کات: وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا داوای له‌ چه‌ند وه‌زاره‌تێک کردوه‌ بۆ ده‌ستنیشانکردنى ناونیشانى چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ک و ئه‌وانیش چه‌ند ناونیشانێکیان ده‌ستنیشانکردوه‌ و بۆ وه‌زاره‌ته‌که‌مانیان ناردوه‌، هەروەها به‌شێکى ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی که‌ ده‌کرێن له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌وه‌ ده‌بن که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان، یاخود په‌یوه‌ندییان به‌ بازاڕی کاره‌وه‌ هه‌یه‌.

 


خوێندکار، توێژینه‌وه‌ قاڵتری ده‌کات له ‌بواره‌که‌یدا


ئومێد عه‌زیز، خوێندکاری زانکۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، که‌ ده‌رچووی ساڵی 2016یه‌، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: له‌ زانکۆی گه‌شه‌پێدان، توێژینه‌وه‌ کراوه‌ته‌ ساڵانه‌ و کارێکی باشیان کردوه‌ و هه‌ردوو ساڵه‌که‌ش نمره‌ی له‌سه‌ر دانراوه‌". 


ئومێد، پێیوایه‌: گرنگی توێژینه‌وه‌ له‌وه‌دایه‌: "ده‌بێته‌ کارێکی پڕاکتیکی بۆخوێندکار"، ئه‌و خوێندکاره‌، "توێژینه‌وه‌که‌ی هه‌ڵبژێردرا به‌ یه‌کێک له ‌باشترین توێژینه‌وه‌کان له‌سه‌ر ئاستى زانکۆکه‌یان".


نوسینى توێژینه‌وه‌یه‌ک به‌ ٣٠٠ هه‌زار دینار


به‌ڵام، به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌م خوێندکاره‌وه‌، ده‌رچویه‌کى دیکه‌ى زانکۆ، که‌ نه‌یویست ناوه‌که‌ی ئاشکرا بکرێت، وتی: "توێژینه‌وه‌ى ده‌رچوونم، به‌ بری ٣٠٠ هه‌زار له‌ بازاڕ کڕى و بۆیان نوسیم و نمره‌ی باشم هێنا، ئه‌گه‌ر خۆم بمنوسییایه‌ ئه‌وه‌نده‌م نه‌ده‌هێنا".


توێژینەوەکان نرخیان جیاوازە


"س.ک" که‌ نوسینگه‌ى چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ شه‌قامى مه‌وله‌ویى شارى سلێمانى، ئاشکرایکرد: "ساڵانه‌ له‌ مانگى نیسان و مایس و هه‌ندێک جاریش مانگى حوزیران دا، سه‌رمان زۆر قاڵده‌بێت به‌ نوسینى توێژینه‌وه‌ى ده‌رچوونى خوێندکارانى زانکۆ و په‌یمانگه‌کانى کوردستان و ڕۆژى وا هه‌یه‌ چوار بۆ پێنج خوێندکار سه‌ردانمان ده‌که‌ن به‌ مه‌به‌ستى نوسینى توێژینه‌وه‌کانیان.


ده‌رباره‌ى نرخى توێژینه‌وه‌کانیش، ئه‌و دوکانداره‌ ڕوونیکرده‌وه‌: "حاڵه‌تى کڕینى توێژینه‌وه‌، نه‌ک له‌ کوردستان، له‌زۆربه‌ى وڵاتانى جیهانیى دا هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت نوسینى توێژینه‌وه‌ى ماسته‌ر و دکتۆراش له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى جیهاندا هه‌یه‌، ئێمه‌ش بۆ نوسینى توێژینه‌وه‌ى ده‌رچوونى په‌یمانگه‌، یان زانکۆ، ئه‌گه‌ر خوێندکاره‌که‌ خۆى هیچى نه‌کردبێت، له‌ نێوان ٢٠٠ هه‌زار بۆ ٣٠٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گرین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێندکاره‌که‌ خۆى به‌شێکى توێژینه‌وه‌که‌ى نوسیبێت و ئه‌و به‌شه‌ى ته‌نها پێویستى به‌ چاککردن بێت له‌گه‌ڵ نوسینى به‌شه‌کانى ترى توێژینه‌وه‌که‌ى، ئه‌وکات له‌نێوان ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هه‌زار دینار، یان که‌متر وه‌رده‌گرین".


دەبێت مامۆستای سەرپەرشتیار ئاگای لە خوێندکار بێت کاتی توێژینەوە


ئیلیاس تایر محه‌مه‌د ئه‌مین، مامۆستا له ‌زانکۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، بە ڕۆژنیوزی وت: "دواى ئه‌وه‌ى گومان له‌ هه‌ندێک توێژینه‌وه‌ ده‌که‌ین، له‌سه‌ر تۆڕى ئینته‌رنێت، سێرچی بۆ ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر دزرابێ ده‌یزانین. ئێمه‌ ده‌زانین هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ هه‌ن به‌ ئاسانیى ده‌سناکه‌ون، ئه‌و خوێندکاره‌ له‌کوێی هێنابێ ده‌یزانین".

 


ئەوەشی وت: "هه‌روه‌ها ڕۆژانه‌ مامۆستای سه‌رپه‌رشتیار و خوێندکار په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتریىدا و سه‌رپه‌رشتیار لێی ده‌پرسێته‌وه‌ و پرسیاری لێده‌کات و ده‌زانێ که‌ خۆی نوسیویه‌تی یان نا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رپه‌رشتیاره‌که‌ مامۆستایه‌کی زیره‌ک بێت، ده‌زانێت خۆی نوسیویه‌تى یان نا".


خوێندکارێک توێژینەوە بکڕێت، بە کەوتوو دادەنرێت


لەبارەی سزای خوێندکاران بۆ غەشکردن، نه‌جات ڕۆستی مامۆستای په‌یمانگای ته‌کنیکی سلێمانی به‌شی ڕاگه‌یاندن، بە ڕۆژنیوزی وت: "توێژینه‌وه‌ی لێوه‌رناگیرێت و به‌ غه‌ش بۆی هه‌ژمار ده‌کرێت هه‌روه‌ها له‌و وانه‌یه‌دا به ‌که‌وتوو بۆی هه‌ژمار ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر به‌رزبکرێته‌وه‌ بۆ لیژنه‌ی باڵا ئه‌وا له ‌هه‌موو وانه‌کان به‌که‌وتوو هه‌ژمار ده‌کرێت".


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin