Smiley face
Smiley face
Smiley face

یەپەژە: دیکتاتۆریەتی ئەردۆغان تێکدەشکێنین

2018-03-21 13:43:31



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

یەپەژە بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: بە ئاگری نەورۆز بە بەرخۆدانمان گەشتردەکەینەوە و دیکتاتۆرییەتی ئەردۆغان تێکدەشکێنین.

 

ئەمڕۆ، یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە بەبۆنەی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

 

لە پەیامەکەدا هاتووە: ئاگر، ژیانە، ڕووناکییە، هەبوون و گەشبوونەوەی مژدەی داهاتوویەکی ئازادە، گەلی کورد کە لە مێژوودا لەلایەن دەوڵەت نەتەوەکانی دەوروبەری هەمیشە کۆمەڵکوژکراوە، لە هەڵەبجەوە تا قامیشلو لە گەلیی زیلانەوە تا لیجە، لە مەهابادەوە تا دێرسیم و لە کۆبانێوە تا عەفرین داگیرکەران پیرۆزترین خاکیان قڕکردووە و لە ڕووی فیزیکی و کلتورییەوە کۆمەڵکوژییان کردووە، لە کاوەی ئاسنگەرەوە تا گیانفیدانییان ئازادیی ئەمڕۆمان وەکو ئارین، ڕێڤان، ئاڤێستا، زیلان، بارین و پۆلات گەلەکەمان هەبوونی ئازادیی ژیان کردووە ئەو ڕێبازە تا گەیشتن بە ئازادیی بەردەوامی دەبێت.

 

لە پەیامی یەپەژەدا ئەوەش هاتووە: بە ڕێککەوتنی قێزەونی تورکیا، ڕوسیا، ئێران و هێزە پاشکەوتووەکانی دژبە دیموکراسی پیلانگێڕی لە دژی گەلەکەمان لە عەفرین پێکهات، لەگەڵ هەموو هێرشە دڕندانەکان لەلایەن دووەمین سوپای بەهێزی ناتۆوە بۆ سەر خەڵکی عەفرین، گەلەکەمان بەرخۆدانی بێوێنەی سەردەمیان خولقاند، ئەو بەرخۆدانە عەفرین بۆ داگیرکەران دەکاتە دۆزەخ.

 

یەپەژە هەروەها ڕایگەیاندووە: کات کاتی سەرکەوتنی بەرخۆدانی گەلانە، مسۆگرکردنی ژیانی ئازاد و پاراستنی بایەخەکانی کۆمەڵگا و بەرخۆدانی سەردەم لە ڕێگای گەشترکردنەوەی ئاگری نەورۆز پێکدێت، گەلەکەمان بە دروشمی "هەموو شوێنێک عەفرینە، لە هەموو شوێنێک بەرخۆدانە" لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات پشتگیریی بەرخۆدانی عەفرین دەکەن.

 

لە کۆتاییدا یەپەژە ڕایگەیاندووە: بەڵێنی بەرفراوانترکردنی تێکۆشانی ئازادیی و پاراستنی بایەخەکەنی کۆمەڵگا بۆ ڕێبەر ئاپۆ، خەڵکی عەفرین، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ژنانی جیهان و شەهیدانی بەرخۆدان و بەتایبەتی شەهیدانی بیانی دووبارە دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین، کە ئێمە وەک هێزی یەکگرتووی گەلان بە پێشەنگایەتی ژنان دیکتاتۆرییەتی ئەردۆغان تێکدەشکێنین.

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin