Smiley face
Smiley face
Smiley face

حکومەتی هەرێم: چاوخشاندنەوە بە سیستمی مووچەدا دەكرێت

2018-03-19 20:55:09



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی کە بەغدا ناردوویەتی، بۆ مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ڕاشیگەیاند: چاوخشاندنەوەی پێویست بە سیستمی مووچە و دابەشكردنی بەسەر مووچەخۆراندا دەكرێت.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو بڕە پارەیە بڵاوکردەوە، کە لە بەغداوە نێردراوە.

 

لە ڕوونکردنەوەکەدا، هاتووە: سەبارەت بەو بڕە پارەیەی كە بە نووسراوی بانكی ناوەندیی فیدراڵیی عێـراق بە ژمارە (1638) لە 19/3/2018 فەرمانی خەرجكردنی دراوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و دواتریش بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و وتەبێـژی فەرمیی بەڕێزیان جەختیان لەسەر كردەوە، بە پێویستی دەزانین ئەم خاڵانەی خوارەوە بخەینە ڕوو:

 

1. حكوومەتی فیدراڵی بەپێی نووسراوی سەرەوە بە ئاشكرا ئاماژەی داوە كە خەرجكردنی بڕی (317) ملیار و (540) ملیۆن و (465) هەزار دینار بۆ شایستەی دارایی گشت مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، بە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگه‌یشەوە، نەك تەنها مووچەی تەواوی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی و حكوومەتی هەرێمی پابەند كردووە بەم شێوەیەی خوارەوە ئەم بڕە پارەیە خەرج بكات:

 

أ‌) بڕی (281) ملیار و (724) ملیۆن و (634) هەزار دینار بۆ گشت فەرمانبەر و كارمەندانی هەرێمی كوردستان جگە لە هێزەكانی پێشمەرگە.

 

ب‌) بڕی (35) ملیار و (815) ملیۆن و (831) هەزار دینار بۆ مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە.

 

2. بەپێی تەرخانكراوی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتی (الرعایە الإجتماعیە) لە هەرێمی كوردستان كە مووچەی خانەنشینانیش لەخۆدەگرێت، بڕی (1) تریلیۆن و (535) ملیار و (795) ملیۆن دینار تەرخان كراوە كە مانگانە دەكاتە نزیكەی (128) ملیار دینار، بەڵام لە نووسراوی سەرەوەی بانكی ناوەندیی عێراقیدا ئاماژەی پێ نەدراوە و فەرمانی خەرجكردنی نەدراوە.

 

3. سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران جەخت دەكاتەوە كە تەرخانكراوەكانی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینان و سوودمەندانی كۆمەڵایەتی لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 كەمترە لە شایستەی داراییی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەنانەت بە پاشەكەوتیشەوە، بۆیە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان لە توانایدا نییە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەو تەرخانكراوانەی ناو بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 خەرجبكات، بۆیە پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت.

 

4. بە ناچارییەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەو بڕە پارەیەی لە نووسراوی سەرەوەی بانكی ناوەندیی عێراقدا هاتووە، لەگەڵ داهاتی نەوت لە هەرێمی كوردستان، مووچەی پاشەكەوتكراوی مانگی (11)ی ساڵی 2017ی مووچەخۆرانی هەرێمی پێدەدات و دواتر لەبەر رۆشناییی ئەم پێشهاتانەدا چاوخشاندنەوەی پێویست بە سیستمی مووچە و دابەشكردنی بەسەر مووچەخۆراندا دەكرێت بە رەچاوكردنی ئەو داهاتەی كە لەبەردەست وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin