Smiley face
Smiley face
Smiley face

یەکێتی داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکات لەسەر عەفرین بێنە دەنگ

2018-03-19 18:17:27



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، داوا لە كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دەکات، کە له‌ به‌رامبه‌ر پێشلكارییه‌كان و داگیركردن و په‌لاماردانی عه‌فرین و گه‌لی ڕۆژئاوای كوردستان بێنه‌ ده‌نگ.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

 

لە پەیامەکەدا هاتووە: به‌داخه‌وه‌ ئه‌مساڵ هاوكاتی جه‌ژنه‌كانی نه‌ورۆزو ڕاپه‌رین، به‌هۆی پیلان و سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی هه‌ندێك له‌ وڵاتان و هاوكات، خۆ بێده‌نگكردن و بێ هه‌ڵوێستیی نێوده‌وڵه‌تیی و به‌ به‌رچاوی ئازادیخوازو دیموكراسیخواز و مرۆڤدۆستانی دونیاوه‌، كانتۆنی عه‌فرین و گه‌لی ڕۆژئاوای كوردستان ڕووبه‌روی داگیركاری و كۆمه‌ڵكوژی سوپای توركیاو ملیشیا توندڕه‌وه‌كان و پیلانێكی ڕه‌شی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێته‌وه‌، به‌مه‌ش پێده‌چێت مێژوو راستی گووتبێت "گه‌لی كوردستان ته‌نها چیاكان دۆستیانن.

 

ئەوەش هاتووە: وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌رچی جۆره‌ شه‌ڕو پێكدادن و خوێنرشتنێك هه‌یه‌ به‌ ناڕه‌واو نادروست ده‌زانین، جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، خوازیاری چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌و گفتوگۆی بنیاتنه‌رانه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، دڵنیاشین، كه‌ خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌و دیموكراسیانه‌و گیانی به‌رگری و ئێراده‌ی به‌هێزی گه‌له‌كه‌مان له‌ رۆژئاوا، درێژه‌ی ده‌بێت.

 

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دەشڵێت: ئه‌گه‌رچی له‌ ئێستا عه‌فرین داگیركراوه‌و گه‌له‌كه‌مان له‌ ڕۆژئاوا رووبه‌روی په‌لامارو نه‌هامه‌تیی بووەته‌وه‌، به‌ڵام ئاینده‌ هه‌ر بۆ مافی ڕه‌وای گه‌لانی بنده‌ست و چه‌سپاندنی مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌له‌ ئازادو دیموكراسیخوازه‌كان ده‌بێت.

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، مەکتەبی ساسیی یەکێتی، داوا لە كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دەکات، کە له‌ به‌رامبه‌ر پێشلكارییه‌كان و داگیركردن و په‌لاماردانی عه‌فرین و گه‌لی رۆژئاوای كوردستان بێنه‌ ده‌نگ، دەاواش دەکات: له‌رووی مرۆییه‌وه‌ به‌هانای ئاواره‌و برینداره‌كان بچن، فشاری ڕاسته‌قینه‌ بكه‌ن بۆ راگرتنی په‌لاماره‌كان و لێكۆلینه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ش له‌ پێشلكاریی و تاوانه‌كانی جه‌نگ بكه‌ن.

 

هەروەها، دەڵێت: خوازیارین، گه‌له‌كه‌مان و هێزه‌ سیاسیه‌كانی، نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ بكه‌ین به‌ نه‌ورۆزی كۆڵنه‌دان و بۆنه‌ی ڕێكخستنه‌وه‌و یه‌كخستنه‌وه‌ی رێزه‌كانمان، بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ خه‌باتی دیموكراسیانه‌، بۆ به‌دیهێنانی ته‌واوی مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان.

 

لەکۆتایی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتید هاتووە: له‌ نه‌ورۆزی كۆڵنه‌داندا، سڵاو بۆ (عه‌فرین)ی بریندارو  خۆڕاگر ده‌نێرین. سڵاو بۆ كه‌ركوكی كوردستان، كه‌ نه‌ورۆز هاوكاتی یادی (٢٧) ساڵه‌ی رزگاركردنێتی، سڵاو خانه‌قین و خورماتوو و شه‌نگال و هه‌موو ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابرێنراوه‌كان، كه‌ هه‌میشه‌ به‌ كوردستانی ده‌مێننه‌وه‌، سڵاو له‌گه‌لی كوردستان، له‌ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان و پێشمه‌رگه‌و تێكۆشه‌ره‌ قاره‌مانه‌كانی گه‌له‌كه‌مان.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin