Smiley face
Smiley face
Smiley face

به‌ دروشمى "هه‌ڵه‌بجه‌ و عه‌فرین، یه‌ک ئازار" گردبوونه‌وه‌ ئه‌نجامدرا

2018-03-19 14:12:57



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامی


بۆ پاڵپشتی له‌ گه‌لی عه‌فرین و به‌ دروشمى "هه‌ڵه‌بجه‌ و عه‌فرین، یه‌ک ئازار" جه‌ماوه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ گردبونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامدا و پاڵپشتی خۆیان بۆ به‌رخۆدانی عه‌فرین دووپاتکرده‌وه‌.


ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ک له‌ چالاکوانان و هاوڵاتیانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ به‌رده‌م بانقه‌ کۆنه‌که‌ له‌ناو بازاڕى هه‌ڵه‌بجه‌ گردبونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامدا.


ئاماده‌بوانی گردبوونه‌وه‌که‌ دروشمه‌کانی "هه‌ڵه‌بجه‌ و عه‌فرین یه‌ک ئازار، سه‌رشۆڕی بۆ سوپای داگیرکه‌ری تورک، نا بۆ دارده‌ستی تورک، ئه‌وه‌ی که‌وتووه‌ عه‌فرین نییه‌ مرۆڤایه‌تییه‌، نه‌فره‌ت له‌ بانگه‌شه‌کارانی درۆینه‌ی مافی مرۆڤ"یان به‌رزکردبوه‌وه‌، هه‌روه‌ها وێنه‌ى ئه‌ردۆغانیان سوتاند.


هه‌روه‌ها چه‌ند شاعیرێک هۆنراوه‌یان له‌سه‌ر به‌رخۆدانی گه‌لی عه‌فرین و قاره‌مانییه‌تی شه‌ڕڤانان و شه‌رمه‌زارکردنی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تى خوێنده‌وه‌.


دواتر عوسمان هه‌ڵه‌بجه‌یی، له‌سه‌ر ناوی ئاماده‌بووان، به‌یاننامه‌یه‌کی خوێنده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: به‌ به‌رچاوی ویژدانی مردووی هه‌موو جیهانه‌وه‌ خه‌ڵکی عه‌فرین به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ له‌لایه‌ن تورکه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کانه‌وه‌ جینۆساید ده‌کرێن، ئه‌م بێده‌نگییه‌ ترسناکه‌ی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ دوێنێی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال و ئه‌مڕۆی عه‌فرین و سبه‌ینێی قه‌ندیل ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، که‌ درۆزنترین و قێزه‌ونترین بونه‌وه‌ری سه‌ر زه‌وی بانگه‌شه‌کارانی مافی مرۆڤ و ئازادین.


ئه‌وه‌ش هاتبوو: ئیدانه‌ی داگیرکاری و وه‌حشیگه‌رییه‌کانی سوپای تورک ده‌که‌ین له‌ ناوچه‌که‌ و پرۆتستۆی هه‌ڵوێستی شه‌رمنانه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌ له‌رزۆکه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ین، که‌ نه‌ک هه‌ر به‌ ئه‌رکی ئه‌خلاقی خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م کۆسته‌ گه‌وره‌یه‌، به‌ڵکو زۆر بێشه‌رمانه‌ دژی هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌کانیشه‌ له‌ به‌رامبه‌ر جینۆسایدی عه‌فرین.


له‌ کۆتایی به‌یاننامه‌که‌شدا هاتبوو: تازه‌ترین بڕیاری ئابڕوبه‌ره‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ڕێگه‌دانه‌ به‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی سوپای داگیرکه‌ری تورک بۆ ناو قوڵایی خاکی هه‌رێمی کوردستان، سه‌ربه‌رزی بۆ خه‌ڵکی عه‌فرین، سه‌رشۆڕی بۆ سوپای تورک و جاش و کۆیله‌کانیان.

 


ک.ک


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin