Smiley face
Smiley face
Smiley face

فەرەنسییەکان: عەفرین ڕزگاردەکەین

2018-03-19 08:05:22



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

نوێنەرانی ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی فەرەنسا و هەروەها ئەکادیمیسییەنەکان، هونەرمەندەکان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا، بانگەوازییەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە بە ناوی:"عەفرین ڕزگاردەکەین".

 

نووسراوی ئەو بانگەوازییە دوێنێ لە ڕۆژنامەی لیبەراسیۆنی فەرەنسادا بڵاوکرایەوە و تێیدا بانگەوازیی حکومەتی فەرەنسا کرا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش لە بارەی عەفرینەوە داوابکات.

 

لە بانگەوازیی ڕۆشنبیرە فەرەنسییەکاندا هاتووە: سوپای تورک لە ڕۆژی ٢٠ی مانگی ١-ەوە لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشی بۆ سەر عەفرین دەستپێکردووە، ئەوەی لە باکوری سوریا لە دژی گەلی کورد دا ئەنجامدەدرێت پاکتاوکردنی ئیتنیکییە، لە دەستپێکی هێرشەکەوە نزیکەی ٤٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و زۆربەی قوربانییەکان ژنان و منداڵانن.

 

ئەو ڕۆشنبیرانە هەروەها ڕایانگەیاند: هێرشی سوپای تورک بۆ شوێنە گشتییەکان، بۆ نموونە نەخۆشخانەکانی عەفرین، وایکردووە کە سەدان هەزار هاوڵاتی ئاوارەبن، ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەیتی پێش بەو تاوانانە بگرێت ڕێگری دەکات لەوەی دۆخەکە خراپتر ببێت، بەڵام لە ئاست ئەو تراژدیایەی لە بەر چاوانماندا ڕوودەدات، تەنیا هەڵوێستی لە ئاستی قسەدا پیشاندەدرێت، ئەو هەڵوێستانەش نە کاریگەرن و نە جێگای ڕێز.

 

لە بەردەوامیدا ڕایانگەیاند: فەرەنسا دەتوانێت لەو بارەیەوە ڕۆڵی تایبەت بگێڕێت، بۆ نموونە وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامێکی ناتۆ، دەتوانێت دەنگی ئێمەی هاوڵاتیانی فەرەنسا بڵاوبکاتەوە هەڵوێستمان لە ڕووی پراتیکەوە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەم دۆخەی ئێستادا داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکەین، کە فڕینی فرۆکە بە سەر ئاسمانی عەفریندا قەدەغە بکات.

 

جێگای ئاماژەیە، کە ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران، نوێنەرانی حزبە سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کۆتاییدا ئەو بانگەوازییەیان واژۆکردووە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin