Smiley face
Smiley face
Smiley face

لە کەرکوک خوێندنگایەکی کوردیی بەناوی ژنێکی شەهیدەوە کرایەوە

2018-03-18 14:36:16



ڕۆژنیوز – هاوار ستار

 

لە شاری کەرکوک خوێندنگایه‌کی خوێندنی کوردیی له‌ شاری که‌رکوک به‌ ناوی (شه‌هید ره‌نگین) کرایه‌وه‌.

 

ئه‌مڕۆ له‌شاری که‌رکوک خوێندنگای شه‌هید ره‌نگین-ی کچان به‌ مه‌راسیمێک کرایەوە و له‌و مه‌راسیمه‌شدا دایکی شه‌هید ره‌نگین و نوێنه‌رانی هه‌ردوو په‌روه‌رده‌ی خوێندنی کوردی و عه‌ره‌بی ئاماده‌بوون.

 

له‌ مه‌راسیمەکەدا، ژیاننامه‌ی شه‌هید ره‌نگین خوێندرایه‌وه‌ و پاشان به‌ شانۆگه‌رییه‌ک چۆنیه‌تی شه‌هید بوونی ئەو ژنە پێشمەرگەیە باسکرا.

 

 

پاشان سرودی نیشتیمانیی و چالاکی هه‌ڵدانی ئاڵا ئه‌نجامدران و یادی هه‌ڵه‌بجه‌-ش به‌رز راگیرا و هه‌روه‌ها رێز له‌ چه‌ند که‌سایەتیی و مامۆستایه‌ک نرا که‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ کردنه‌وه‌ی خوێندنگاکە.

 

 

نه‌سرین ئەحمەد، به‌رێوبه‌ری ناوه‌ندیی شه‌هید ڕەنگین، بە ڕۆژنیوزی وت:"شه‌هید ره‌نگین ئه‌و ژنه‌ قاره‌مانه‌ بوو که‌ خوێنی به‌ که‌رکوک به‌خشیی، لێره‌وه‌ په‌یمان ده‌ده‌ین خوێندنگه‌که‌مان بکه‌ینه‌ ناوه‌ندێک تا خوێندکاره‌کانمان فێری کوردایه‌تی ببن و له‌ شاری که‌رکوک بوونی خۆیان وه‌کو کورد بسه‌لمێنن".

 

 

نه‌سیرن حه‌مه‌لاو، دایکی شه‌هید ڕەنگین، لەڕێگای ڕۆژنیوزەوە داوای لە سەرکردەکانی کورد کرد، کە بەیەکەوە و بە دڵ پارێزگاریی لە خاکی کوردستان بکەن.

 

 

کردنەوەی ئەو خویندنگایە لەکاتێکدایە، کە لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە کەرکوک کەوتووە ژێر کۆنترۆڵی عێراق و لەژێر کۆنترۆڵی کورددا نەماوە.

 

ناوه‌ندی شه‌هید ره‌نگین ده‌که‌وێته‌ ناوچەی له‌تیف ئاوا-ی شاری که‌رکوک و 550 خوێندکاری کچ تێیدا ده‌خوێنن.

 

شه‌هید ره‌نگین ناوی ته‌واوی (ره‌نگین یوسف عه‌زیز)ه‌ و له‌ ساڵی 1989 له‌ شاری سلێمانی له‌ دایکبووه‌، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی بازرگانیی بوو، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی چه‌ته‌کانی داعش به‌شداری به‌ره‌کانی جه‌نگی کردووه‌ له‌ جه‌له‌ولا و سه‌عدییه‌ و داقوق و میحوه‌ره‌کانی که‌رکوک، دواجار له‌ میحوه‌ری داقوق به‌ تۆپ بارانی چه‌ته‌کانی داعش له‌ 4/10/2014 به‌ سه‌ختی بریندار کرا و له‌به‌ر سه‌ختی برینه‌که‌ی له‌ به‌رواری 11/10/2014 شه‌هید بوو.

 

شه‌هید ره‌نگین پله‌ی سه‌ربازیی نه‌قیب-ی هه‌بووه‌ و جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌وجی ژنان بووه‌ له‌ هێزه‌کانی 70 و له‌ دوای خۆیشی دوو منداڵی به‌ جێهێشتووه‌.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin