Smiley face
Smiley face
Smiley face

شانۆیی "هه‌ڵه‌بجه‌ نامه‌یه‌کی نه‌خوێندراوه‌" نمایش کرا.. به‌ وێنه‌

2018-03-17 14:16:20



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامی


له‌ درێژه‌ی کار و چالاکییه‌کانی یادی ٣٠ ساڵه‌ی تاوانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، شانۆیی "هه‌ڵه‌بجه‌ نامه‌یه‌کی نه‌خوێندراوه‌" له‌لایه‌ن تیپی شانۆیی زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ نمایش کرا.


پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ هۆڵی مسته‌فا زه‌ڵمی، له‌ ڕۆژی دووه‌می چالاکییه‌کانی ٣٠هه‌مین ساڵیادی تاوانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ ئاماده‌بونی سه‌رۆکی زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ژماره‌یه‌ک له‌ مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکه‌ و ژماره‌یه‌ک له‌ که‌سوکاری شه‌هیدان، تیپی شانۆیی زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌ شانۆیی "هه‌ڵه‌بجه‌ نامه‌یه‌کی نه‌خوێندراوه‌"-یان پێشکه‌ش کرد.


شانۆگه‌رییه‌که‌ گوزارشت بوو له‌ ژیانی پێش کیمیابارانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌روه‌ها ڕووداوه‌کانى ڕۆژی١٦/٣/١٩٨٨ و ئازاره‌کانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌و ڕۆژه‌ و ناڵاندنی به‌رکه‌وتوانی چه‌کی کیمیایی و نه‌هامه‌تییه‌کانی که‌سوکاری شه‌هیدان تاوه‌کو ئه‌مڕۆ.


له‌ به‌شێکی دیکه‌ى شانۆگه‌رییه‌که‌ باس له‌ ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤان و گه‌ریلای هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان کرا بۆ پاراستنی خاک و نیشتیمان، بێده‌نگ بوونی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی زلهێز-یش له‌ئاست ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌شێکی تری شانۆگه‌رییه‌که‌ بوو.


له‌ درێژه‌ی نمایشکردنی شانۆگه‌رییه‌که‌ باس له‌ ڕۆڵی منداڵێکی ڕزگاربووی تاوانه‌که‌ کرا به‌ ناوی "هه‌ڵه‌بجه‌" که‌ بۆ ساڕێژی زامه‌کانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌وڵی بوون به‌ پارێزه‌ری ده‌دات له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ که‌یسی قوربانیانی کیمیابارانی شاره‌که‌ی بکات و تاوانه‌که‌ به‌ جینۆساید بناسێنێت و سکاڵا له‌ دژی بکه‌ران و هاوکارانی ئه‌و تاوانه‌ تۆمار بکات که‌ چه‌کی کیمیاییان به‌ ڕژێمی به‌عس فرۆشتبوو.

 


وه‌ک ده‌رهێنه‌ر و به‌شداربوی شانۆگه‌رییه‌که‌ش ده‌ڵێت: ئامانجمان له‌ نمایشکردنی ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ بۆ خستنه‌ڕووی ئازاره‌کانی قوربانیانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و شاره‌ به‌ کیمیایی بۆمباران کرا، به‌ڵام ژیان دوای ٣٠ ساڵ هێشتا به‌رده‌وامه‌ و به‌رکه‌وتوانی و قوربانیانیش پێویستیان به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ی جدیی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه‌ زیندووه‌ و نامرێت.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin