Smiley face
Smiley face
Smiley face

لە ڕۆژئاوای کوردستان بە پشتبەستن بە گەل سیاسەت دەکرێت

2018-03-17 13:25:29



ڕۆژنیۆز - سلێمانی

 

شاھۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پەیەدە ڕایگەیاند، کە کورد خاوەنی ھێزە و پیلانەکانی تورکیا تێک دەدات، دەشڵێت: ئێمە بە پشتبەستن بە گەل سیاسەت دەکەین، بۆیە سەردەکەوین.

 

ئەمڕۆ، لەژێر دروشمی "عەفرین سەردەکەوێت"، ئەکادیمیای سیاسەت و ھزری دیموکراسیی لە تەلاری ھونەر لە شاری سلێمانی ، کۆڕێکی بۆ شاھۆز حەسەن، ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموراتی-پەیەدە، سەنحاریب برسوم، ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی باکوری سوریا، حیکمەت حەبیب، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، سازدا.

 

 

لە کۆڕەکەدا، شاھۆز حەسەن، ھاوسەرۆکی پەیەدە، ڕایگەیاند:"کورد خاوەنی ھێزە و پیلانەکانی تورکیا تێک دەدات و عەفرین-یش سەردەکەوێت".

 

شاهۆز، وتیشی:"ئێمە سیاسەتەکانی خۆمان بەگوێرەی سیاسەتی نێودەوڵەتیی ڕێک ناخەین، چونکە ئەوان بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان سیاسەت دەکەن، ئێمە سیاسەت بە پشتبەستن بە گەل دەکەین بۆیە سەردەکەوین و گەورەتر دەبین".

 

شاھۆز حەسەن، بانگەوازی بۆ خەڵکی باشووری کوردستان کرد، کە ھاوکاریی پزیشکی و ڕۆژانە بۆ خەڵکی عەفرین کۆبکەنەوە، لەبەر ئەوەی بەشێک لە خەڵکی عەفرین ئاوارە بوون و لە نزیک عەفرین کەمپیان بۆ دروست دەکرێت.

 

دواتر، سەنحاریب برسوم، ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی باکوری سوریا، کە لەپێکھاتەی سریانە، باسی لە سیستمی فیدڕاڵی باکوری سوریا کرد و وتی:" ئەمڕۆ ئێمە پپڕۆژەیەکی دیموکراتی و پێکەوە ژیانی ھاوبەشمان پێکھێناوە لە باکوری سوریا، کە ھەموو پێکھاتەکانی تێدا بەشدارن، مافی ژنان و کەمە نەتەوەکان و ھەموو پێکھاپەکانی باکوری سوریا دەستەبەر کراوە، ئەم بەڕێوبەرێتییە ئیدارەی خەڵکە بەخەڵک، لەھەموو پایەکانی ئیدارەکردندا".

 

سەنحاریب، وتیشی:"ئەو سیستمە بەشێوازێکی دیموکراتی بنیاد نراوە، کە بەسێ ھەڵبژاردن دروست بووە".

 

هەروەها، حیکمەت حەبیب، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی، کە لەپێکھاتەی عەرەب بوو، باسی لە پێکەوە ژیانی پێکھاتەکان کرد لە باکوری سوریا، بۆ ئەوەش نمونەی پێکھێنانی ئەنجومەنی بەڕێوبردنی شارو شارۆچکەکانی باکوری سوریای ھێنایە و وتی:" کە لە دێرک و ڕەقە و ھەموو ئەو شار و شارۆچکانەی تر،کە پێکھاتەی جیاوازی تێدایە ئەنجومەنی بەڕێوبەری شارەکان لە خەڵکی ناوچەکە خۆی دروستکراوە و خۆیان شارەکانیان بەڕێوە دەبەن".

 

حیکمەت، وتیشی:"ئەوەی، کە دەوڵەتی تورکیا دەیکات لە عەفرین، بۆ تێکدانی ئەو دیموکراتی و ئارامیەیە کە لەباکوری سوریا ھەیە، داگیرکردنی باب و عەزاز، لەلایەن سوپای تورکیاوە خەنجەرێک بوو لە خاکی سوریا دراوە، ھاوشێوەی ئەوەی لە قوبروس کردی".

 

ناوبراو، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئێستا دەوڵەتانی دونیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، خەجاڵەتن بەرامبەر بە پێکھاتەکانی باکوری سوریا، بەو بێدەنگیەی ھەیانە بەرامبەر بە ھێرش و کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin