Smiley face
Smiley face
Smiley face

دیدارێک لەسەر جینۆسایدی هەڵەبجە بەڕێوەچوو

2018-03-13 19:45:09



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە و سەنتەری گەشەپێدانی چالاكی لاوان، دیدارێكیان بەناونیشانی "جینۆسایدی هەڵەبجە لە ڕوانگەی یاسا و سیاسەتی نێودەوڵەتیی و ڕەنگدانەوەی لە میدیای جیهاندا" ساز كرد.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆڵی موستەفا زەڵمی لە زانكۆی هەڵەبجە، بەئامادەبوونی قائیمقام و ژمارەیەك بەرپرسی حكومی و حزبیی و چالاكوان و ڕۆشنبیرانی شارەكە، دیدارێك لەسەر جینۆسایدی هەڵەبجە "لە ڕوانگەی یاسا و سیاسەتی نێودەوڵەتیی و ڕەنگدانەوەی لە میدیای جیهاندا"، بۆ چەند مامۆستایەكی زانكۆ بەڕێوەچوو.

 

ئاوارە حسێن، مامۆستای بەشی یاسای زانكۆی هەڵەبجە، بابەتێكی لەسەر بەهای بە نێودەوڵەتیكردنی جینۆسایدی هەڵەبجە پێشكەشكرد و وتی: تاوەكو ئێستا نەتوانراوە تاوانەكانی دژ بەگەلی كورد بەجینۆساید بناسێنرێن، بەتایبەت كیمیاباران و ئەنفال، ئەوەش وایكرد تاوانەكانی تری وەك شەنگال و ئێستاش لە عەفرین دووبارە ببنەوە.

 

 

دەشڵێت: بەرپرسانی هەرێمیش كەمتەرخەمبوون لەئاست داواكاری و هەوڵدان بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی دژ بە گەلەكەمان، بەتایبەت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە دەتوانرا لەڕێگای فشار خستنەر سەر حكومەتی عێراقی بۆ ئەندامبوون لە دادگای باڵای تاونەكان-لاهای ئەو مافەی بەدەستبهێنایە.

 

دواتر د.كارزان محەمەد، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە یاسای ڕاگەیاندن، بابەتی خۆی لەسەر جینۆسایدی هەڵەبجە و ڕەنگدانەوەی لە میدیای نێودەوڵەتیدا پێشكەشكرد و وتی: لە ساتەوەختی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ڕۆڵی میدیا بەجۆرێك بووە، كە چاوی هەموو جیهانی خستە سەر ئەو ڕووداوە مێژووییە و دژ بە مرۆڤایەتییە.

 

 

وتیشی: بەداخەوە تاوانی زۆرتر و زیاتر دەرهەق بە گەلی كورد كراوە لەمێژوودا، بەڵام بەهۆی نەبوونی میدیا و تۆماركردنی ڕووداوەكان و بە ئەرشیف نەكردنی وایكردوە، كە زۆر بەكەمی باس بكرێت و دەنگدانەوەی ئەوتۆی لە جیهاندا نەبووبێت، هەر بۆیە ئەو تاوانانەی ئێستاش كە لە شەنگال و عەفرین ئەنجام دەدرێن، بەهۆی بوونی چاوی میدیای نێودەوڵەتی، ڕووداوەكان بەخێرایی دەگات و دەكرێت بە ئەرشیف بكرێن بۆ ئەوەی بەجینۆساید بناسێنرێن.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin