Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنان ده‌ڵێن ڕێکخراوه‌کان له‌ سۆران و ڕواندز یادى ٨ى مارس-یان نه‌کرده‌وه‌

2018-03-13 11:49:20



ڕۆژنیوز - زاهیر ئیبراهیم


ژنانى سۆران و ڕواندز ڕه‌خنه‌ له‌ ڕێکخراوه‌کانى ژنان ده‌گرن، که‌ یادى ٨ى مارس-یان نه‌کردوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و یاده‌ به‌ بێده‌نگیی تێپه‌ڕیوه‌.


له‌ زۆر ناوچه‌ى کوردستان یادى ٨ى مارس به‌ ئاهه‌نگ و چالاکى جۆراوجۆر کرایه‌وه‌، به‌ڵام ژنانى سۆران و ڕواندز نیگه‌رانن له‌ ڕێکخراوه‌کانى ژنان و له‌ باره‌ى یادنه‌کردنه‌وه‌ى ٨ى مارس و توندوتیژى سه‌ر ژنان بۆ ڕۆژنیوز ده‌دوێن.


منیره‌ به‌کر فه‌رمانبه‌ر و دانیشتووی گوندی ده‌رگه‌ڵه‌ی سه‌ر به‌ شارۆچکه‌ی ڕواندز له‌ پارێزگای هه‌ولێر وتی: ٨ی مارس ده‌بێت بکرێته‌ که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی و پێگه‌یشتنی ژنان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و بیرکردنه‌وه‌ خێڵه‌کیه‌ی که‌ به‌ که‌م ده‌ڕوانێته‌ ژن، که‌چی له‌ ده‌ڤه‌ری ئێمه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ به‌بێ هیچ کار و چالاکیه‌ک به‌ڕێکرا.

 


وتیشی: ڕێکخراوه‌کان به‌ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌ خۆیان له‌ به‌رپرسیارێتى ده‌شارنه‌وه‌ که‌ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌ش به‌س نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌ چاره‌سه‌رکردنی پرسی ژن بکرێته‌وه‌.


هه‌روه‌ها کوردستان ئه‌سعه‌د چالاکوان و ئه‌ندامى ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تانی کوردستان بۆچوونى وایه‌: له‌ دوای ڕاپه‌رین و له‌ ئێستاشدا ڕێکخراوه‌کان زۆر بێکاریگه‌ربوونه‌ و ناتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن له‌ ئاست ئه‌و بارودۆخه‌ی ڕووبه‌ڕووی ژنان بۆته‌وه‌.

 


باس له‌وه‌ش ده‌کات: پێویسته‌ له‌ دوای ٨ی مارس ته‌واوی ڕێکخراوه‌کان دان به‌ لاوازی خۆیان بنێن و بڵێن که‌ نه‌مانتوانی له‌ ئاست به‌ڵێن و خواسته‌کانی ژنان بین و داوای لێبوردن بکه‌ن.


فه‌یرۆز ڕه‌سوڵ دانیشتوی ساره‌دێی خه‌لیفانی سه‌ر به‌ شارۆچکه‌ی سۆران، ده‌ڵێت: به‌ داحه‌وه‌ ته‌نیا له‌م ڕۆژانه‌دا هه‌ندێ چالاکی سه‌ره‌تایی و بێسود ده‌بینین که‌ له‌ هه‌ندێ شوێن ئه‌و چالاکیه‌ش نه‌کرا وه‌ک له‌ سۆران.

 


ئه‌وه‌شى وت: ژماره‌یه‌کی زۆری ڕێکخراوی ژنان هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ له‌ کێشه‌کانی ژنان تێبگه‌ن و ببنه‌ مایه‌ی فشار بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا.


ک.ک



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin