Smiley face
Smiley face
Smiley face

شەپۆلی پشتگیرییەکانی باشور بۆ عەفرین.. بەوێنە

2018-03-11 18:48:11



ڕۆژنیوز – پەیامنێران

 

له‌ چه‌ندین شار و شارۆچکه‌ی باشوری کوردستان، هاوڵاتیان بۆ خاوەنداریکردن لە عه‌فرین، گردبوونه‌وه‌ و ڕێپێوانیان ئەنجامدا و پشتگیریی خۆیان بۆ عەفرین دووپاتکردەوە.

 

دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، له‌ شاره‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی و که‌رکوک و شارۆچکه‌کانی قه‌ڵادزێ و ڕانیه‌ و که‌لار و تەقتەق و سەیدسادق و کۆیە و چەمچەماڵ و کفری، چالاکی بۆ خاوەنداریکردن لە عەفرین بەڕێوەچوو.

 

سەیدسادق

 

کاتژمێر ٠٣:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ، بەدەستپێشخەریی ئەنجومەنی هەرێمی شارەزووری تەڤگەری ئازادیی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، ڕێپێوانێک لە دەروازەی شارۆچکەکەوە بۆ ناوبازاڕ بەڕێوەچوو.

 

دوای گەیشتنی ڕێپێوانەکە، بەشداربووان گردبوونەوە، لە گردبوونەوەکەدا، وتاری هەریەکە لە هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی شارەزووری تەڤگەری ئازادیی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ژنانی گەنجی تێکۆشەر پێشکەشکران، تیایدا جەخت لەسەر یەکڕێزیی گەلی کورد، بۆ پاراستنی عەفرین کرایەوە.

 

سەیدسادق

 

قەڵادزێ

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، بەشێک لە هاوڵاتیان و چین و توێژەکانی شارۆچکەکە، ڕێپێوانێکیان لە باخی گشتییەوە تاوەکو بەردەم باخی پیرەمێرد ئەنجامدا.

 

بەشداربووانی ڕێپێوانەکە دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی عەفرین" و "بەگیان و خوێن لەگەڵتین عەفرین"یان دەوتەوە.

 

هەروەها، وتاری هەریەکە لە ڕێکخراوی ڕژاک و هاوڵاتیانی قەڵادزێ و ژنانی گەنجی تێکۆشەر چەند وتارێکی دیکە پێشکەشکران، تیایاندا داوا لە گەلای کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان کرا، کە بۆ خاوەنداریکردن لە عەفرین، بڕژێنە سەر شەقامەکان.

 

قەڵادزێ

 

چەمچەماڵ

 

کاتژمێر ٠٣:٠٠ ی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی چەمچەماڵ-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بە پێشەنگایەتیی گەنجانی وڵاتپاریزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر و تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕێکخراوی ڕژاک، ڕێپێوانێک لە بەرامبەر سەرۆکایەتیی زانکۆی چەرموو تاکوو ناوبازاڕ.

 

لە ڕێپێوانەکەدا، بەیاننامەی هاوبەشی تەڤگەری ئازادیی، ڕژاک، گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر خوێندرایەوە، تیایدا ئامادەییان دەربڕی، هەرچییەکیان لەدەست بێت، بۆ پشتیوانیی عەفرین ئەنجامی دەدەن.

 

چەمچەماڵ

 

تەقتەق

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شارەدێی تەقتەق-ی سەر بە شارۆچکەی كۆیە، تەڤگەری ئازادیی گردبوونەوەیەكی لەبەردەم باخی شەهید نامیق ڕێكخست.

 

لە گردبوونەوەکەدا، بەیاننامەی تەڤگەری ئازادیی خوێندرایەوە، تایدا هێرشەکانی سەر عەفرین بە دەستدرێژیی بۆ سەر تەواوی کوردستان بە بەرچاوی ڕایگشتیی نێودەوڵەتیی لەقەڵەمدرا، پشتگیریی خۆشیان بۆ عەفرین دووپاتکردەوە.

 

تەقتەق

 

کەلار

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم قوتابخانەی شەهید ئارام لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، تا ناو بازاڕی شارۆچکەکە، بە دەستپێشخەری ئەنجومەنی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕێپێوانێک بەریوەچوو.

 

لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا وتاری ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز پێشکەشکرا و تیایدا ئاماژە بەوەکرا کە، هێرشەکانی سەر عەفرین تەنها بۆ داگیرکردنی خاکی عەفرین نییە، بەڵکو هێرش و داگیرکارییە بۆ سەر تەواوی گەلی کورد، بۆ ئەمەش پێویستە وەکوو بەرخۆدانی کۆبانێ بە یەکێتی و یەک هێزیی و یەک هەڵوێستیی، گەلەکەمان دژی ئەم داگیرکارییە بووەستینەوە.

 

کەلار

 

ڕانیە

 

لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕینیش، بەدەستپێشخەریی تەڤگەری ئازادیی، ڕێپێوانێک لەناو بازاڕی شارۆچکەکە بەڕێوەچوو، تیایدا دروشمەکانی "تا کۆتایی لەگەڵتین عەفرین"، "بڕوخێ تورکی فاشیست" و "بژی بەرخۆدانی عەفرین" دەوترانەوە، تیایدا پشتیوانیی بۆ عەفرین دووپاتکرایەوە.

 

ڕانیە

 

کفری

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ناو بازاڕی شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، بەدەستپێشخەری ژمارەیەک لە چالاکوانان و هاوڵاتیانی سلێمانی، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

 

بەشداربووانی گردبوونەوەکە پشتیوانیان بۆ بەرخۆدانی عەفرین دووپاتکردەوە و بێدەنگیی وڵاتانی نێودەوڵەتییان لە ئاست داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین شەرمەزارکرد.

 

کفری

 

کۆیە

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە بەشداریی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان، لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، لە پارکی ناوبازاری شارەکە گردبوونەوەیەک بەرێوەچوو.

 

لە گردبوونەوەکەدا داوا لە کوردانی سەرتاسەری جیهان کرا، کە بڕژێنە سەر شەقامەکان و هەموو شوێنێک بکەنە گۆرەپانی پشتگیری بۆ عەفرین، داواش کرا کە وڵاتانی بە ناو دیموکراسی چیتر لە ئاست ئەو دوژمنکاریانەی تورکیا بێدەنگ نەبن.

 

کۆیە

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin