Smiley face
Smiley face
Smiley face

خوێندکاران و مامۆستایانی مەخمور پشتگیریی عەفرینیان کرد

2018-02-14 09:28:04



رۆژنیوز - مەخمور

 

خوێندکار و مامۆستایانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی لە مەخمور، بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرینیان بەرز نرخاند و پشتگیرییان بۆ دەربڕی.

 

ئێوارەی دوێنێ کە لە کامپی پەنابەرانی مەخمور ڕێپێوانێک بۆ پشتگیریکردنی بەرخۆدانی عەفرین ئەنجامدرا، خوێندکاران لە بەر دەم خوێندنگاکەیانەوە تا ناوەندی چاند و هونەریی مەخمور ڕێپێووانیان کرد.

 

پاش ئەوەی ڕێپێوانەکە گەیشتە ناوەدندی چاند و هونەری مەخمور، لەوێ گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا، گردبوونەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان مامۆستا عیشاق کارا، ڕاگەیەندراوی ناوەندی پەروەردەی کامپەکەی خوێندەوە.

 

 

ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە دەستیپێکرد: هەمووان لە منداڵەوە تا پیر لە عەفرین بەرخۆدان دەکەن، بێدەنگی لە بەرامبەر هێرشی حکومەتی تورک بۆ سەر عەفرین بە واتای هاوکاریکردنی ئەو هێرشەیە، ئەو هێزانە دەیانەوێت بە هێرش بۆ سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕێگری بکەن لە پێکهاتنی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلی کورد کە هەموو جیهانی لە چنگی داعش ڕزگارکرد هەرگیز ئەو بێدەنگییەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فەرامۆش ناکات.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەدرا: ئەمڕۆ لە بەر چاوی هەموو جیهان بە هۆی هێرشی سوپای تورک بۆ سەر عەفرین، ٣٠٠ خوێندنگا لەو کانتۆنە داخراون، ٤٠ هەزار منداڵ لە عەفرین لە خوێندن بێبەش بوون، زیاتر لە ٤٠ خوێندکاریش برینداربوون، خوێندنگاکان تۆپباران دەکرێن و هێرش دەکرێتە سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

لە ڕاگەیەنەدراوەکەدا تیشک خرایە سەر ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان و ڕاگەیەندرا: ئەوانەی دوێنێ لە ڕفاندنی ئۆجالان دا هاوکارییان کرد، ئەمڕۆ هاوکاریی هێرش بۆ سەر عەفرین دەکەن، بە هەموو ئەو داگیرکارانە دەڵێین، کە هەوڵدانەکانیان بۆ قڕکردنی گەلی کورد پووچەڵە.

 

لە کۆتاییدا وەک مامۆستایان و خوێندکارانی کامپی شەهید ڕوستەم جودی لە مەخمور پشتگیریی خۆیان بۆ بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین دووپاتکردەوە.

 

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin