ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ و بۆتان
هاوڵاتیانی گەرمیان بانگەوازیی بۆ یەکتی نەتەوەیی دەکەن بۆ سەرکەوتن بەسەر دووژمن-دا و دەڵێن: تورکیا بە درێژایی مێژوو دووژمنی کوردبووە، بۆیە پێویستە لەبەرامبەریدا هەموومان پشتیوانیی عەفرین بکەین.
ئەمڕۆ ٢٥ ڕۆژە بەرخۆدانی سەردەمی عەفرین لەبەرامبەر هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی تورک بۆسەر ئەو کانتۆنە بەرێوەدەچێت و هاوڵاتیانی ئیدارەی گەرمیان-یش لەوبارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
جەزا فازیل، یەکێک لەو هاوڵاتیانەیە و وتی: وڵاتە زلهێزەکان دەیانەوێت عەفرین بکەنە قوربانی مەرام و سیاسەتە چەوتەکانى خۆیان، بەڵام دڵنیام عەفرین مێژووى نوێی کورد دەنووسێتەوە بەم سەرکەوتنە مەزنەى بەسەر تورکیاى فاشیستدا.
هەروەها، شەرمین عەلی، ڕۆژنامەنوس، وتى: ئەو کاتەی داعش پەلاماری کۆبانێیدا هەرێمی کوردستان لەڕێگەی پەرلەمانەوە بڕیاریدا، بە ناردنی هێز بۆ ئەو شارە، ئێستاش ئەرکە لەسەر پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ عەفرین-یش هەمان بڕیار بدەن.
شەرمین عەلی، حکومەتی هەرێم بو بێباک و کەمتەرخەم لە ئاستت عەفرین ناوبرد و وتی:"بچوکترین ئەرک، کە کردنەوەی دەروازە سنورییەکانە بەڕووی ڕۆژئاوادا، هەرێم جێبەجێی نەکردووە".
فاتیح کەریم، هاوڵاتییەکی دیکەیە و وتی: ئەوەی تورکیا دەیکات نامرۆڤانە و دڕندانەیە، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانى مافی مرۆڤ، لە ئاست ئەم تاوانە چیتر بێدەنگ نەبن و هەڵویستان هەبیت.
فاتیح کەریم، وتیشی: گرنگە لایەنە کوردستانیەکانی باشور، واز لەو هەڵویستە شەرمنانەیان بهێنن و کوردانە بێنە دەنگ بۆ پاڵپشتییکردن لە عەفرین.
فەتاح حەمەئەمین ئەحمەد، پێشمەرگەیەکی دێرینە و وتى: بە درێژایی مێژوو تورکیا دوژمنی کورد بووە، بۆیە پێویستە کورد یەکگرتوو بێت و پشتی یەک بگرێت بەتایبەت لەکاتی شەڕدا.
فەتاح حەمە ئەمین ئەحمەد، وتیشی:"تەمەنم نزیکە لە ٦٠ ساڵ، ئامادەم گیانى خۆم لە عەفرین بەخت بکەم، بەمەرجێک ڕێگا هەبێت بۆ ڕۆیشتن".
ش.ف