Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەسەسەرد: ئۆجالان کەسێکی ئاسایی نییە و تورکیا لە وشەکانیشی دەترسێت

2018-02-13 09:10:29



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد

 

فەرید ئەسەسەرد ڕایدەگەیەنێت، ئۆجالان کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بیرمەندێکی سیاسییە و شۆڕشگێڕێکە، کەسێکە کە تورکیا لە وشەکانیشی دەترسێت.

 

نزیک دەبینەوە لە ١٩هەمین ساڵیادی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی دژبە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، کە لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە کینیا ڕفێندرا، لە ساڵیادی ڕفاندنەکەیدا سەدان هەزار کورد و ئازادیخواز لە جیهاندا داوای ئازادی ئۆجالان دەکەن و ناڕەزایی بەرامبەر گۆشەگیرکردنی دەردەبڕن.

 

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە ڕۆژنیوزی وت:"هەر زیندانییەکی سیاسی مافی تایبەتی خۆی هەیە، کە یاسا جیهانییەکان و یاساکانی هەر وڵاتێکیش ئەوەیان دابین کردووە، ئەم گۆشەگیرکردنە لەگەڵ یاساکاندا ناگونجێت و کارێکی نامرۆڤانەیە، بەتایبەت کە ئۆجالان کەسێکی ئاسایی نییە، بیرمەندێکی سیاسییە و شۆڕشگێڕێکە".

 

وتیشی:"ئۆجالان کەسێکە هەوڵی گۆڕانی داوە، لە قۆناغی یەکەمدا لە ڕێگەی شۆڕشەوە، وە لە قۆناغێکی دیکەیدا هەوڵی داوە ئاشتی لە زیندانەوە بنیادبنرێت، هەوڵی داوە کە دیوارەکانی زیندان نەبنە ڕێگر لەبەردەم دڵسۆزی و پەرۆشی بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد، ئۆجالان دوو قۆناغی بەکارهێناوە کە ئەوانیش لە ڕێگەی چەک و لە ڕێگەی ئاشتییەوە، بەداخەوە لە ڕێگەی ئاشتی سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، چونکە ئاشتی بە دوو لایەن دروست دەبێت نەک تەنها لایەنێک".

 

سەبارەت بە هەوڵدان بۆ ئازادکردنی لە زیندانی ئیمرالی، ئەسەسەرد، وتی:"لە قۆناغی ئێستادا هەوڵدان بۆ ئازادکردنی ئۆجالان قورسە و کاتەکەی لەبارنییە، بەڵام لە قۆناغی پێشوودا کە پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیا لە هەلومەرجێکی تایبەتدا بوو پێویستی بە پڕۆسەی ئاشتی بوو، دەرفەتێک هەبوو کە ئەم مەسەلەیە باسبکرێت، بەڵام لە ئێستادا ئاڕاستەیەکی زاڵ لە تورکیا نییە بۆ ئازادکردنی ئۆجالان، وە نەک نایەوێت ئازادی بکات بەڵکو گۆشەگیریشی کردووە، تەنانەت لە وشەکانیشی دەترسێت، جاران ڕێگە دەدرا کە کەسەکانی بیبینن و وێنەی لەگەڵ بگرن و گفتوگۆی لەگەڵ بکەن، بەڵام ئەوە چەند ساڵێکە گۆشەگیری خستووەتە سەری، بۆیە پێویستە کارێک بکرێت کە ئەو گۆشەگیریەی سەری لاببرێت و بتوانێت بۆچوونی خۆی بگەیەنێتە دەرەوەی زیندان".

 

ئەسەسەرد پێی وایە تورکیا بە گۆشەگیرکردنی ئۆجالان سەرکەوتوو نابێت و وتی:"ئەگەر تورکیا پێی وابێت کە بەم گۆشەگیرییە دەتوانێت فکری ئۆجالان لە میلـلەتەکەی داببڕێت ئەوا سەرکەوتوو نابێت، لەبەرئەوەی ئۆجالان بناغەیەکی داناوە و خەڵکی پەروەردە کردووە، کە ئەمانە هەڵگری بیروڕای ئەون، وە ڕەنگە کە هەندێک قسەی هەبووبێت و پێیان نەگەیشتبێت، بەڵام ئەوەی پێیان گەیشتووە بەسە بۆئەوەی بەردەوام بن لە تێکۆشانی خۆیان".

 

جێگای باسە، پارێزەرەکانی ئۆجالان لە ڕۆژی ٢٧ی تەموزی ساڵی ٢٠١١وە ڕێگایان پێ نەدراوە سەردانی ئیمرالی بکەن و چاویان بە بریگرتەکەیان بکەوێت.

 

هەروەها، له‌ ٥ى نیسانى ٢٠١٥ ده‌وڵه‌تی تورک بەتەواویی گۆشه‌گیریی خستووەته‌ سه‌ر ئۆجالان و له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌نیا یه‌ک جار و له‌ ١١/٩/٢٠١٦ محه‌مه‌د ئۆجالان-ی برای سه‌ردانی ئیمراڵی کردووه‌ و چاوی پێیکه‌وتووه‌، له‌ دوای ئه‌و سه‌ردانه‌شه‌وه‌ هه‌تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ک له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئۆجالان نییه‌ و هیچ په‌یامێکی ئۆجالان نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندان.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin