Smiley face
Smiley face
Smiley face

هه‌ولێر، پێشه‌نگایه‌کى شێوه‌کاری به‌ناوى "من و تۆ خاوه‌نی نیشتیمانین" کرایه‌وه‌

2018-02-09 13:36:43



ڕۆژنیوز ـ قه‌ره‌چوغ ئه‌نوه‌ر 


له‌ شارى هه‌ولێر پێشه‌نگایه‌کى شێوه‌کارى له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک شێوه‌کارى کورد و مه‌سیحى له‌ژێر ناوى "من و تۆ خاوه‌نى نیشتیمانین" کرایه‌وه‌.


به‌ نمایشکردنی چه‌ندین تابلۆ، شێوه‌کارانی کورد و مه‌سیحی پێشانگایه‌کی سێ ڕۆژه‌یان له‌ په‌یمانگای ته‌کنیکی شاری ھه‌ولێر کرده‌وه‌، که‌ تابلۆکان گوزارشتیان له‌ پێکه‌وه‌ژیان و ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کرد.


سه‌نته‌ری ئاڵا و گروپی ڕه‌نج به‌ ھه‌ماھه‌نگی له‌گه‌ڵ که‌نیسه‌ی مارگۆرگیس دیانا و که‌نیسه‌ی ماریوحه‌نا له‌ هه‌ولێر و به‌ ھاوکاری زانکۆی پۆله‌ته‌کنیکی ھه‌ولێر پێشه‌نگاکه‌یان کرده‌وه‌.


ڕه‌نج عه‌بدوڵا سه‌رپه‌رشتیاری پێشانگاکه‌ به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند: له‌م پێشانگایه‌دا ١٠٥ تابلۆ نمایشکران، که‌ سه‌رجه‌میان گوزارشتیان له‌ پێکه‌وه‌ژیان و ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی ئایینه‌کان ده‌کرد و تابلۆکانیش بۆ فرۆشتن بوون.

 


وتیشی: ده‌مانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م پێشانگایه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ به‌ ڕای گشتی بگه‌یه‌نین که‌ له‌م دۆخه‌ ناھه‌مواره‌ و بێزارکه‌ره‌، با ئاینه‌کانمان پێکه‌وه‌ ژیان فه‌راھه‌م بکه‌ن و مرۆڤه‌کان له‌ ڕق و قینه‌ به‌رامبه‌ر یه‌کتر دووربخرێنه‌وه‌.


باسی له‌وه‌شکرد: پێشانگانه‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژی خایاند و زیاتر له‌ 30 شێوه‌کاری کورد و مه‌سیحی به‌شداربوون و دوێنێ ئێواره‌ دوایین ڕۆژی بوو، له‌م جۆره‌ چالاکیه‌ ھونه‌ریانه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین و ده‌چینه‌ شاره‌کانی تری ھه‌رێمی کوردستان.


هه‌روه‌ها دونیا غه‌فور شێوه‌کار و یه‌کێک له‌ به‌شداربوه‌کانی پێشانگاکه‌ به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند: به‌ سێ تابلۆ به‌شداریم کرد له‌ پێشه‌نگاکه‌، که‌ گوزارشت له‌ ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کات و خۆشحاڵی خۆشم ده‌ربڕم به‌وه‌ی وه‌ک کچێک له‌ پرۆژه‌یه‌کی ھونه‌ری له‌گه‌ڵ شێوه‌کارانی مه‌سیحی به‌شدارم.

 


ئه‌وه‌شى وت: به‌داخه‌وه‌ خێزانه‌کان ِرێگرن له‌ به‌شداریکردنی ژنان له‌ ده‌ربڕینی تواناکانیان له‌ سه‌رجه‌م بواره‌کان، چونکه‌ ژن ھه‌یه‌ له‌ زۆرێک له‌ بواره‌کان توانای زۆره‌ و بوونی کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست و ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ ژنان سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin