Smiley face
Smiley face
Smiley face

دیداری ئیستخباراتی تورکیا ـ سوریا، ئه‌ردۆغان به‌دوای ده‌رچه‌یه‌ک له‌ عه‌فرین ده‌گه‌ڕێت

2018-02-09 10:28:40



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندی هه‌واڵه‌کان


سه‌لاح خدر، ڕۆژنامه‌نووس، شرۆڤه‌یه‌کی سه‌باره‌ت به‌ دیدارێکی هه‌واڵگریی تورکیا و سوریا و سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا بۆ ئێران و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌و سێ وڵاته‌ و شکسته‌کانی ئه‌ردۆغان له‌ عه‌فرین، ئاماده‌کردوه‌، ڕۆژنیوز دەقی ئەو شرۆڤەیە بڵاودەکاتەوە.

 

 

ده‌قی شرۆڤه‌که‌:


دیداری ئیستخباراتی تورکیا ـ سوریا

ئه‌ردۆغان به‌دوای ده‌رچه‌یه‌ک له‌ عه‌فرین ده‌گه‌ڕێت


مانگی کانونی یه‌که‌می ساڵی 2017 بوو ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ سه‌ردانێکیدا بۆ وڵاتی تونس لێدوانێکی چاپه‌مه‌نیی دا و به‌شار ئه‌سه‌دی وه‌ک سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تی تیرۆر و مه‌ترسیدار وه‌سف کرد و وتی "به‌شار ئه‌سه‌د تیرۆریسته‌ و کارکردن له‌گه‌ڵ تیرۆریست مه‌حاڵه‌"، به‌ڵام ئه‌ردۆغان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی باشترین نمونه‌ن بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له‌ ده‌سته‌واژه‌ی تیرۆر و تیرۆریست.


به‌ ڕوانین له‌ ئه‌زمونی 15 ساڵی حوکمداریی ئه‌ردۆغان و حزبه‌که‌ی، ده‌رده‌که‌وێت که‌ له‌ مێژوودا هیچ دیکتاتۆر و سه‌رکرده‌یه‌ک نمونه‌ی ئه‌ردۆغان تیرۆریست و فاشیست و بێ مۆراڵ نه‌بینراوه‌، ئه‌و ته‌نها له‌پێناو دژایه‌تیکردنی کوردان، له‌گه‌ڵ خراپترین هێز هاوپه‌یمانی و مامه‌ڵه‌ ده‌کات، ئێستاش له‌گه‌ڵ ئه‌و قسانه‌دا که‌ دژ به‌ ئه‌سه‌د ده‌یکات، بووه‌ته‌ هاوپه‌یمانی ئاشکرای دیمه‌شق دژ به‌ ڕۆژئاوای کوردستان.


ڕۆژی ٧ی ئه‌م مانگه‌ ڕاوێژکاری ده‌زگای ئیستغباراتی میتی تورک له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌ سورییه‌که‌ی له‌وباره‌یه‌وه‌ کۆبوونه‌ته‌وه‌.


نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوسی سوریی نزار نایف، پێرێ له‌ تویتێکدا ئاماژه‌ی به‌و دیداره‌ کردووه‌ و نوسیویه‌تی "به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ لازقیه‌وه‌، سه‌رۆکی ده‌زگای ئیستغباراتی تورک هاکان فیدان، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌ته‌ بنکه‌ی حه‌میمیم و له‌گه‌ڵ عه‌لی مه‌ملوک سه‌رۆکی نوسینگه‌ی ئاسایشی نیشتیمانی سوری "موخابه‌رات" کۆبووه‌ته‌وه‌".


بنکه‌ی حه‌میمیم له‌ شاری لازقیه‌ی سوریایه‌ ناوه‌ندێکی سه‌ربازی ڕووسی – سورییه‌.


ئه‌م دیداره‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنه‌ داگیرکارییه‌کانی تورکیا و چه‌ته‌کانی له‌سه‌ر عه‌فرین و تێکچوونی پیلان و شکستی تورکیا له‌به‌رامبه‌ر به‌رخۆدانی شه‌ڕڤانان که‌ زیانێکی زۆری به‌رکه‌وتووه‌، ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک بوو فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی تورکیا نه‌یتوانی بۆردومانی عه‌فرین بکه‌ن، سێ ڕۆژ به‌رله‌ئێستاش حکومه‌تی سوریا ڕایگه‌یاند که‌ سه‌کۆ موشه‌کییه‌ دژه‌ ئاسمانییه‌کانی ناردووه‌ته‌ باکووری سوریا.


ئه‌م دیداره‌ ئیستغباراتیه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵاتی داگیرکه‌ر دوای لێدوانێکی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا مه‌ولود چاوشئۆغڵو دێت، که‌ چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر وتبووی، ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین نابێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر سوریا و جموجوڵه‌کانمان به‌ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سوریا ئه‌نجام ده‌ده‌ین.


وه‌لێ پێرێ چوارشه‌ممه‌ ئه‌ردۆغان و ڤلادمیر پوتین له‌سه‌ر دۆخی عه‌فرین و سوریا به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌یان کردووه‌، هاوزه‌مانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ شاندی میتی تورک له‌گه‌ڵ موخابه‌راتی سوری له‌ حه‌میمیم کۆبووه‌ته‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ش په‌یوه‌نییه‌کی ته‌له‌فۆنی له‌نێوان حه‌سه‌ن ڕوحانی سه‌رۆکی ئێران و پوتین له‌سه‌ر هه‌مان مژار ئه‌نجامدرابوو، چونکه‌ ئێران خیتابی به‌رامبه‌ر تورکیا له‌سه‌ر سوریا و به‌تایبه‌ت ئیدلب توندکردووه‌، ئه‌م ترافیکه‌ دبلۆماسیانه‌ گرژبوونی هاوپه‌یمانییه‌ سێ کوچکه‌ییه‌که‌ ده‌رده‌خات.


لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت که‌ به‌رخۆدانی عه‌فرین ته‌واوی هاوکێشه‌ و پیلانه‌کانی تێکداوه‌، ئێستا تورکیا به‌دوای ده‌رچه‌یه‌کدا ده‌گه‌ڕێت له‌و لیتاوه‌ی عه‌فرین که‌ تێی که‌وتووه‌، بۆئه‌وه‌ش هه‌وڵ ده‌دات به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت، هاوکاری له‌ سوریا وه‌ربگرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی چیدی دیمه‌شق بڕیار له‌ ده‌ستی خۆیدا نه‌ماوه‌ و له‌نێوان ئێران و ڕووسیا پارچه‌ بووه‌ نا‌توانن تورکیا ڕزگار بکه‌ن.


ئه‌وه‌ی بۆ کوردان و گه‌لانی ناوچه‌که‌ گرنگه‌، تێکچوونی ئۆتۆریته‌ی ئه‌ردۆغانه‌ له‌ خاڵی عه‌فریندا، چونکه‌ دوای ئه‌و کانتۆنه‌ مه‌حاڵه‌ هێزه‌کانی تورکیا بتوانن له‌ عه‌زاز و شه‌هبای باکووری سوریاش بمێننه‌وه‌ و ئه‌نجام به‌ ڕووخانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌ردۆغان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و ئازادیی بۆ ناوچه‌که‌ کۆتایی دێت.


ک.ک

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin