Smiley face
Smiley face
Smiley face

کراوەیی مەرزی پشتە ٧٢ کاتژمێری خایاند

2018-02-08 10:53:34



ڕۆژنیوز- هاوکار مسته‌فا

 

مەرزی پشتە تەنیا ٧٢ کاتژمێر بە کراوەیی مایەوە و جارێکی دیکە داخرایەوە.

 

به‌ بیانووى تۆمار نه‌بوونیان له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق، ڕۆژی ٣/ئەم مانگە حکومه‌تى عێراق بڕیاریدا به‌داخستنى سه‌رجه‌م مه‌رزه‌ لاوه‌کییه‌کانى سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و شارۆچکه‌ى پێنجوێن، به‌ڵام ڕۆژی دواتر کرانەوە.

 

عادل مه‌لا ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی به‌مۆ، کە مەرزی پشتە دەکەوێتە سنوورەکەیەوە به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند: بڕیاری کردنەوەی ئەو مەرزانە تەنیا بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر بوو،‌ ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستى ساغکردنه‌وه‌ى ئه‌و شمه‌ک و کاڵایانه‌ى که‌ پێش بڕیارى داخستنى مه‌رزه‌که‌ بازرگانان به‌ نیاز بوون هاورده‌ى بکه‌ن.

 

 

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، کە دوێنێ ئه‌و ٧٢ کاتژمێره‌ ته‌واو بوو، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ جارێکى تر مه‌رزی پشتە‌ داخرایه‌وه‌.

 

بەڕێوبەری شارەدێی بەمۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە بازرگانى سنووره‌که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ لایه‌نى عێراقییه‌وه‌ کردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ کردنه‌وه‌ى مه‌رزه‌که‌، به‌ڵام پێیان وتراوه‌ له ڕێگا‌ى یه‌که‌ى ئیداریى ناوچه‌کانتانه‌وه‌ ئه‌و داواکارییه‌ بکه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى له‌تواناماندا بێت ئه‌نجامى ده‌ده‌ین بۆ دوباره‌ کردنه‌وه‌ى مه‌رزه‌که‌.

 

سەبارەت بە کردنەوەی مەرزی شۆشمێ، حه‌مید بارام، به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى بیاره‌ به‌ ڕۆژنیوزى وت: به‌ هه‌وڵى پارێزگاری هەڵەبجە و چه‌ند لایه‌نێکى په‌یوه‌ندیدار بڕیار دراوه‌، که‌ مه‌رزى شۆشمێ به‌ کراوه‌یى بمێنێته‌وه‌.

 

 

لەبارەی مەرزەکانی سنوری پێنجوێن-یش، زانا ڕه‌حمان قایمقامى شارۆچکەکە، به‌ ڕۆژنیوز وت: بەهۆی ئەوەی کردنەوەی بڕیاری مەرزەکە ڕۆژیک دواتر لای ئێمە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، ئه‌مڕۆش کارکردن له‌ مه‌رزه‌کانى(هه‌ڵاڵاوا و کونه‌مێر و توتمان) به‌رده‌وامى هه‌یه‌ و  چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین دابخرێن جگه‌ له‌ سه‌یرانبه‌ن و باشماخ، کە مەرزی سەرەکیین.

 

 

زانا ڕەحمان، وتیشی: هەوڵی جدیمان داوه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حکومه‌تى عێراق بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و مه‌رزانه‌ش دانه‌خرێن، سبەینێ ئەنجامی هەوڵەکانمان دەردەکەوێت.

 

ئەو مەرزانەی، کە بە مەرزی لاوەکیی هەژماردەکرێن لە سنووری هەڵەبجە و پێنجوێن، بریتن لە: مەرزی شۆشمێ، لە سنووری شارەدێی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە و مەرزەکانی هەڵاڵاوا و توتمان و کونەمێر، لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی و مەرزی پشتە لە سنوری شارەدێی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، کە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و عێراق و ئێران) بەیەکەوە دەبەستنەوە.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin