Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنانی گەرمیان: کوشتن و خۆکوشتنی ژنان زەنگێکی مەترسیدارە بۆسەر کۆمەڵگا

2018-02-04 13:59:40



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

ڕێکخراو و چالاکوانانی داکۆکیکار لە مافی ژنان لە سنووری گەرمیان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە کوشتن و کوشتنی ژنان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بە زەنگێکی مەترسیدار بۆ کۆمەڵگا ناویدەبەن، دەشڵێن:"ناکرێت بێدەنگیی هەڵبژێردرێت و هەنگاوی جدیی نەندرێت".

 

ئەمڕۆ، ڕێکخراوەکانی یه‌کگرتووى خوشکانى کوردستان، یه‌کێتى ئافره‌تانى کوردستان، یه‌کێتى ژنانى کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ى ئافره‌تانى کوردستان و ڕێکخراوى خه‌ڵک بۆ گه‌شه‌پێدان، ڕاگەیەنداروێکیان سەبارەت بە زیادبوونی حەڵەتی کوشتنی ژنان لە سنووری گەرمیان بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە:"سه‌ره‌تاى ساڵی ٢٠١٨ بۆ ژنانى سنوورى گه‌رمیان، سه‌ره‌تایه‌کى پڕ توندوتیژیی بوو، به‌تایبه‌ت که‌ چه‌ند حاڵه‌تێکى کوشتن و خۆکوشتنى ژنان له‌ سنووره‌که‌دا تۆمار کراوه‌ و هه‌ر له‌ مانگى کانوونى دووه‌م‌دا، سێ ژن کوژراون و یه‌کێکى تریش خۆی کوشتووه‌".

 

هەروەها، هاتووە:"ئەم ڕێژە زۆرەی قوربانیی زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگا و ناکرێت بێدەنگیی هەڵبژێردرێت و هەنگاوی جدیی نەنرێت، به‌تایبه‌تى سێ ڕووداوى‌ کوشتن که‌ دووانیان خوشک بوون، و تائێستا بکه‌رانى تاوانه‌که‌ ده‌ستگیر نه‌کراون، هه‌روه‌ها ئەو ڕووداوى کوشتنەی له‌ سنوورى  کفری ڕوویدا، کە تائێستا نه‌ک بکه‌رانى ده‌ستگیر نه‌کراون به‌ڵکو ناسنامه‌ى قوربانیه‌که‌ش نه‌دۆزراوه‌ته‌وه"‌.

 

ئەو ڕێکخراوانە، نیگەرانیی خۆیان نیشان دەدەن و دەڵێن:"بکوژانى ژنان به‌پێی پێویست کاریان له‌سه‌ر ناکرێت و نادۆزرێنه‌وه‌ و ده‌ستگیر ناکرێن، له‌کاتێکدا تاوانى کوشتن کارێک نییه‌ چاوپۆشی تێدابکرێت و به‌ خه‌م ساردییه‌وه‌ سەیری بکرێت".

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، هاتووە:"ڕووى ده‌ممان ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و ئیداره‌ى گه‌رمیان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى به‌رنگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیی دژ به‌ ژنان و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژی دژ به‌ ژنان له‌گه‌رمیان و پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منیه‌کانى تر له‌گه‌رمیان ده‌که‌ین، که‌ کاری جدییتر بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسانه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى ناومان هێنان، بۆئه‌وه‌ى بکوژانى ژنان چی دیکه‌ به‌ ئاسانى ده‌رباز نه‌بن و ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌بێته‌ دیارده‌ و سه‌ره‌نجامیش تاوانه‌کانى ده‌رهه‌ق به‌ ژنان په‌ره‌ بسێنێت".

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin