Smiley face
Smiley face
Smiley face

ده‌قى نامه‌یه‌کى ڤیان جاف بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی

2018-02-02 10:03:05



ڕۆژنیوز - ناوه‌ندی هه‌واڵه‌کان


ڤیان جاف له‌و نامانه‌ى که‌ نوسیویه‌تى، نامه‌یه‌کى تێدایه‌، که‌ تایبه‌ت بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ى نوسیوه‌ و باسى له‌وه‌ کردوه‌ "به‌ درێژایی زیاتر له‌ نۆ ساڵ ڕۆژێک‌ له‌ ڕۆژان فیکری خیانه‌ت و په‌شیمانیم ژیان نه‌کرد، زۆر شت له‌  PKKوه‌ فێربووم و زۆر زۆر خۆشحاڵم و سه‌ربه‌رزم".


له‌یلا والی حسێن، ناسراو به‌ (ڤیان جاف) و (ڤیان کارۆخ) و (ڤیان سۆران) له‌ ساڵی ١٩٨١ له‌ شاری سلێمانی له‌ دایکبووه‌ و له‌ به‌هاری ساڵی ١٩٩٧ به‌شداری ڕیزه‌کانی گه‌ریلا بووه‌، له‌ شه‌وی ١/٢ی مانگی شوباتی ٢٠٠٦ له‌ ناوچه‌ی حه‌فتانین به‌ دروشمی"سه‌رله‌نوێ واتادان به‌ گوته‌کانمان" چالاکییه‌کی گیانبازیی ئه‌نجامدا.


ڤیان جاف، ماوه‌یه‌ک پێش ئه‌نجامدانی چالاکییه‌که‌ى چه‌ند نامه‌یه‌کى نوسیوه‌، که‌ تێیاندا هۆکارى ئه‌نجامدانى چالاکییه‌که‌ى و حه‌سره‌ت و هیواى خۆى بۆ ئازادیى باس ده‌کات.


ئه‌نجامدانى ئه‌و چالاکییه‌ و شه‌هیدبوونی ڤیان جاف ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆری له‌ناو خه‌ڵکدا دروستکرد و هۆکارێکیش بوو بۆ به‌شداربوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ گه‌نجانی باشوری کوردستان بۆ ناو ڕیزه‌کانی گه‌ریلا.


له‌یلا یان ڤیان جاف، پێش ئه‌وه‌ى ئه‌و چالاکییه‌ ئه‌نجام بدات، نامه‌یه‌کى بۆ هه‌ڤاڵه‌کانی نوسیبوو، هه‌روه‌ها نامه‌یه‌کیشى بۆ عه‌بدوڵا ئۆجالان، ڕێبه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان نوسیوه‌، نامه‌یه‌کیشى بۆ گه‌لى باکورى کوردستان نوسیوه‌، نامه‌یه‌کیشى تایبه‌ت بۆ گه‌لی باشوری کوردستان نوسیوه‌ و دواهه‌مین نامه‌یشى بۆ بۆ خانه‌واده‌که‌ی نوسیوه‌.


لێره‌دا ده‌قى ئه‌و نامه‌یه‌ بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ ڤیان جاف ئه‌و شه‌وه‌ نوسیویه‌تى که‌ چالاکیه‌که‌ى تێدا ئه‌نجامداوه‌ و بۆ خانه‌واده‌که‌ى نوسیوه‌ و دواهه‌مین نامه‌ى ڤیانه‌:

 

بۆ بنه‌ماڵه‌ی خۆشه‌ویستم:-


پێشه‌کی سڵاوو رێزم هه‌یه‌ بۆ دایک و باوک و خوشک و براکانم و هه‌موو خزمان و دۆستانم، چاوی یه‌که‌ به‌ یه‌که‌تان ماچ ده‌که‌م و هیوای له‌ش ساخی و سه‌لامه‌تیتان بۆ ده‌خوازم.


ئازیزان، نزیکی ١٠ ساڵه‌ به‌هۆی هه‌ل ومه‌رجی تێکۆشان و هه‌ندێکیش عاجزبوونم له‌ئێوه‌ نامه‌م بۆ نه‌ناردن، سه‌ره‌تا که‌ به‌شداری شۆڕشی ڕزگاری گه‌لی کورد و ته‌ڤگه‌ری ئازادی ژنی کورد بووم به‌ ڕێبه‌رایه‌تی PKK و سه‌رۆک ئاپۆ، زۆر له‌یه‌کتر تێنه‌گه‌یشتین، بۆیه‌ تۆزێک یه‌کترمان عاجزکرد، به‌ڵام له‌دوای ١٠ساڵ هیوادارم ئیدی تێبگه‌ن و واتا بده‌ن به‌و رێبازه‌ی که‌ من و به‌ هه‌زاران کوڕ و کچی گه‌نجی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان تیایدا ره‌نج و تێکۆشان ده‌ده‌ن، ئێوه‌ ئیدی بتانه‌وێ‌ و نه‌تانه‌وێ‌، بنه‌ماڵه‌ و خانه‌واده‌یه‌کی شۆڕشن و ئه‌وه‌تان لێ نایه‌ که‌ ده‌رگای خۆتان و دڵی خۆتان به‌ڕووی هه‌ڤاڵان و ئه‌و فیکر و ئامانجه‌دا بگرن که‌ کچه‌که‌تان و به‌ ملیۆنان ئینسان ئاشقیه‌تی، ئێوه‌ که‌سانێکن که‌خاوه‌ن رێزو پله‌و پایه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تین و کوردێکن که‌ له‌ مێژووه‌که‌تاندا هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال و قوربانیدان شاهیدی بۆ هه‌ڵوێستی نیشتمانپه‌روه‌ریتان ده‌کات، گه‌لێکین که‌ فه‌لسه‌فه‌ی تێکۆشانمان له‌سه‌ر راستینه‌ی "شێر شێره‌ چ ژنه‌ چ مێره‌" ئاوا بووه‌، بۆیه‌ ئیدی هه‌بوونی ژن له‌ دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌له‌که‌یدا وه‌کو ئینسانێک به‌ عه‌یب و له‌که‌دارکردنی نامووس مه‌زانن، ئیدی داوای پێوان و داب و نه‌ریته‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی کۆمه‌ڵگا مه‌که‌ن و دان بنێن به‌هه‌بوونی ژندا وه‌ک مرۆڤێک، چونکه‌ دان پێدانانی به‌ مرۆڤبوون و به‌ ئیراده‌بوونی ژن، واتای به‌مرۆڤبوونی گه‌ل و کۆمه‌ڵگایه‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌وا له‌ژیاندا هه‌ر نیمچه‌ ده‌بن.


ئیدی کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ بڕیار بده‌ن خاوه‌ن له‌مرۆڤایه‌تی و مێژووی قاره‌مانێتی و به‌رخۆدانی گه‌له‌که‌مان ده‌ربکه‌ون و ئێوه‌ش بڵێن:"وه‌ک هه‌ر کوردێکی به‌ شه‌ره‌ف و نامووس هه‌ین و به‌پێی توانا خزمه‌ت ده‌که‌ین"، کاتێک که‌ من له‌ئێوه‌ دابڕام، ١٥ ساڵان بووم، ئێستاش ته‌مه‌نم بووه‌ته‌ ٢٤ ساڵ، تکا ده‌که‌م هه‌ندێک واقیعیانه‌ بیربکه‌نه‌وه‌ و بپرسن ئه‌م کچه‌ هه‌تا ئێستا چی ده‌کات و چۆن و بۆچی تێده‌کۆشێت‌؟ داخۆ ئه‌ویش نه‌یده‌توانی و یان بۆچی نه‌یویست وه‌ک "ئاواز و خالید" و به‌ده‌یان که‌سی دیکه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆی بژیت، بهێڵن هه‌ڤاڵان بێنه‌ ماڵتان و ئێوه‌ بچنه‌ لایان، نامه‌کانی من بخوێننه‌وه‌و پرسیاری ژیانی من و هه‌ڤاڵان بکه‌ن، هه‌موو رۆژێ‌ گوێ‌ له‌ته‌له‌فزیۆنی "رۆژ" و رادیۆی "میزۆپۆتامیا" بگرن و کتێبی سه‌رۆک بخوێننه‌وه‌، ئه‌وکاته‌ له‌ کچی خۆتان تێده‌گه‌ن و واتا ده‌ده‌نه‌ مانه‌وه‌ی من له‌نێو ئه‌م ژیانه‌دا، ئیدی من ناڵێم ئه‌مه‌ بکه‌ن و ئه‌وه‌ بکه‌ن خۆتان ده‌ست دابنێن له‌سه‌ر ویژدانتان و بڕیاری خۆتان بده‌ن له‌م باره‌یه‌وه‌ که‌ ته‌نیا سه‌باره‌ت به‌خۆم شتێک ده‌ڵێم، ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌درێژایی زیاتر له‌ ٩ ساڵ ڕۆژێک‌ له‌ ڕۆژان فیکری خیانه‌ت و په‌شیمانیم ژیان نه‌کرد، زۆر شت له‌ PKKوه‌ فێر بووم و زۆر زۆر خۆشحاڵم و سه‌ربه‌رزم، یه‌کێک له‌و شته‌ گرنگانه‌ی که‌ فێربووم، خۆشه‌ویستی راسته‌قینه‌ی دایک و باوک و خوشک و برا و مرۆڤه‌ به‌گشتی، ماوه‌یه‌ک زۆر لێتان تووڕه‌ بووم، ده‌مووت ئه‌مانه‌ بۆچی به‌هه‌ڵه‌ له‌من تێده‌گه‌ن و په‌که‌که‌ وه‌ک شتێکی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌بینن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ربازبوونی کاتدا گه‌یشتمه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ تاوانبار ته‌نیا ئێوه‌ نین، به‌ڵکو هه‌ڵوێستی ئێوه‌ ئه‌نجامی گه‌لێک کێشه‌ی سیاسی و ئه‌قڵییه‌ت و داب و نه‌ریتی به‌سه‌دان ساڵه‌یه‌ و که‌موکورتی منیش هه‌یه‌ به‌وه‌ی که‌ به‌باشی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م نه‌ئافراند که‌ له‌گه‌ڵتاندا وتووێژ بکه‌م، له‌م لایه‌نه‌وه‌ داوای لێبوردنتان لێده‌که‌م و ده‌ڵێم: ئێوه‌ هه‌م وه‌ک خانه‌واده‌ و هه‌م و وه‌ک مرۆڤی کورد له‌دڵ و مێشکمدان و له‌پێناو به‌ دیهێنانی ژیانێکی به‌خته‌وه‌ردا ئاماده‌م گیانی خۆشم فیدا بکه‌م،  پاداشتی منیش بۆ هه‌موو چاکه‌کانی ئێوه‌ خیانه‌تکردن نابێت‌ له‌خوێنی شه‌هیدان، به‌ڵکو خاوه‌ن ده‌رکه‌وتن و خۆفیداکردن ده‌بێت، ئه‌م چالاکییه‌ی که‌ منیش ئه‌نجامی ده‌ده‌م له‌پێناو به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی قڕکردنی گه‌لی کورد و گۆشه‌گیرکردنی سه‌رۆک ئاپۆیه‌ له‌پێناو ئازادی گه‌له‌که‌م و ئازادی ژنانی کورده‌ له‌ده‌ست زوڵم و زۆری و چه‌وساندنه‌وه‌، که‌ له‌گیانم شیرینتر شتێ هه‌بوایه‌ ده‌مدا، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا که‌گه‌لی کورد به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن ده‌چێت و له‌ هه‌رجێیه‌ک له‌سه‌ر پێیه‌و مان ده‌گرێ‌ و رێپێوان ده‌کات، بۆ کچێکی وه‌کو منیش گیانی خۆ به‌ختکردنیش به‌که‌م ده‌زانم و منیش وه‌ک هه‌موو هه‌ڤاڵانی دیکه‌ خۆم به‌ قه‌رزاری گه‌ل و ژنانی ئازارچه‌شتوو ده‌زانم.


حه‌زم ده‌کرد که‌زۆر شتتان بۆ بنووسم و بۆ هه‌ر یه‌که‌تان شتێک بڵێم، به‌ڵام چه‌ند کاتژمێرێکم ماوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی چالاکییه‌که‌م و ناتوانم له‌به‌ر که‌می کات له‌وه‌ زیاترتان بۆ بنووسم، چونکه‌ به‌قه‌ده‌ر ئێوه‌و بگره‌ زیاتر خوشک و برا و که‌س و کارم هه‌ن، ده‌بێت‌ سۆزی خۆم بۆ ئه‌وانیش بێنمه‌ زمان، به‌ڵام له‌دواییدا ده‌مه‌وێ‌ شتێک بڵێم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌: ئه‌گه‌ر خاوه‌ن خۆشه‌ویستییه‌کی ڕاستین له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتر ئه‌وا تکایه‌ ئامانج و رێبازه‌که‌ی من باش بناسن و به‌هه‌ڵه‌ی تێمه‌گه‌ن، چونکه‌ من بۆ ئه‌وه‌ ژیام و بۆ ئه‌وه‌ش به‌ده‌ستی خۆم شه‌هیدبوونی خۆم دیاری کردووه‌ و پلانکردووه‌، وه‌سیه‌تیشم ئه‌وه‌یه‌ که‌" ئاواز" جارێکی دیکه‌ چه‌کی من هه‌ڵگرێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو باوه‌شی چیا ئازاده‌کانی کوردستان، چونکه‌ زۆرم خۆش ده‌وێت‌ و ئه‌و شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ له‌نێو هه‌ڤاڵانی خۆیدا بێت، رێگا بده‌ن به‌ کچه‌کان و گه‌نجه‌کانی تریش با خۆیان دواڕۆژی خۆیان بناسن و خاوه‌ن ئیراده‌ بن.


له‌دواییدا دووباره‌ سڵاو و رێز و خۆشه‌ویستی خۆم بۆ هه‌مووتان ده‌نێرم و هیوای شادی و کامه‌رانیتان بۆ ده‌خوازم.


له‌گه‌ڵ سڵاو و رێزمدا


کچه‌ گه‌ریلاتان له‌یلا والی حسێن ناسراو به‌ "ڤیان"


 ١ی شوباتی ٢٠٠٦ شه‌وی ئه‌نجامدانی چالاکی

 

 

 

ک.ک



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin