Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنێکی ڕۆژهەڵات بە گۆرانییەک پشتیوانی لە بەرخۆدانی ژنانی عەفرین دەکات

2018-02-01 10:05:39



ڕۆژنیوز - دڵشاد خۆشناو

 

ژنە هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە گۆرانییەکی حەماسی (شۆڕشگێڕیی) پشتیوانی لە بەرخۆدانی ژنانی عەفرین دەکات، دەشڵێت ئەو گۆرانییەم پێشکەشە بەو ژنانەی کە مانایەکی نوێیان لە ژنبوون هێنایە ناو کەلتوور و مێژووی جیهانەوە.

 

چیمەن ڕەحمانی، ژنە هونەرمەندی کرماشانی، بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی عەفرین کلیپێکی بڵاوکردەوە بەناوی (کوردە ژن)، کە تێکستی نووسینەکەی لەلایەن (سیمین چایچی) شاعیری سنەیی و ئاوازەکەشی لەلایەن هونەرمەند (سامان یەزدانپوور)ەوە دانراوە.

 

چیمەن لە لێدوانێکی تایبەتیدا لەبارەی هۆکاری دروستکردنی ئەو گۆرانییەوە بۆ ڕۆژنیوز ڕایگەیاند کە هۆکارەکەی ئەو بەرخۆدانەی کۆبانێ بووە کە لەلایەن ژنانەوە ئەنجام درا و سەری هەموو خەڵکی جیهانی تێدا سوڕما، ژنانی کورد بۆ تەواوی دونیا سەلماندیان کە ژن بەو هەموو هەستە ناسک و جوانەی کە هەیەتی، دەتوانێت بەرامبەر بە داعشێک کە تەنانەت بە بیستنی ناویشی خەڵک دەترسا، ژنی کورد لە کۆبانێ نەک تەنیا بەرخۆدانی کرد بەرامبەر بەو دڕندایەتییە، بەڵکو کارێکی کرد کە چەتەکانی داعش بەو بیروبۆچوونە گڵاوەی کە هەیانبوو بەرامبەر بە ژن، لە ژنانی کورد بترسێن.

 

هەروەها وتیشی: ژنان لە کۆبانێ مانایەکی نوێ لە ژنبوونیان هێنایە ناو کەلتوور و مێژووی جیهانەوە، سنووری ئەو واتا نەژادیانەی تێپەڕاند، بیروبڕوای داعش و داعشیانەیان تێکشکاند، بۆیە هەوڵمدا کارێک وەکو پشتیوانییەک بۆ ئەو بەرخۆدانەی ژنان لە ڕۆژئاوا، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیم بە سیمین چایچییەوە کرد بۆ ئەوەی شیعرێکی ژنانەی گونجاوم بۆ بنووسێت بۆ پشتیوانیکردنی ژنانی کورد بەو واتا نوێیەی کە ژنانی کۆبانی بە مانای ژنبوونیان بەخشیووە بە مرۆڤایەتی، ئەوە سیمین شیعرەکەی بۆ نووسیم و سامان یەزدانپووریش ئاوازێکی حەماسی بۆ دانام.

 

لەبارەی کاتی بڵاوکردنەوەی کلیپەکە وتی: سەرەتا بڕیارم دا بە شێوەیەکی سوریالی کاری کلیپەکەی بۆ بکەم، بەڵام دوای ئەوەی کە بەرخۆدانی عەفرین دەستیپێکرد، بەباشم زانی کە ئێستا کاتەکەی گەنجاوە و پێوستە بۆ پشتیوانیکردنی ئەو بەرخۆدانە و بۆ ڕێزلێنان لەو ژنانەی کە لەو بەرخۆدانەدان بەشدارن، ئێستا کلیپەکە بڵاو بکەمەوە و گوێ بە لایەنە هونەرییەکەی نەدەم، بۆیە بڕیارم دا دەنگەکە بخەمە سەر وێنە و دیمەنی ئەو ژنانەی کە لە گۆڕەپانی شەڕ و بەرخۆدانن.

 

لەبارەی دەرنەکەوتنی خۆی لە کلیپەکەدا ئەوەی وت کە چەندین کەس پێشنیاریان کرد کە خۆشم لە کلیپەکە دەرکەوم، بەڵام ڕازی نەبووم، من بە ئەنقەست ویستم ئەو واقیعیەتە نیشان بدرێت کە ژنان لە ڕۆژئاوا بەرگری لە هەموو ڕۆژئاوا دەکەن بە ژن و پیاو منداڵەوە، هۆکاری دەرنەکەوتنەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەو پێیوابوو کە هەستی دیمەنە واقیعییەکان کەم دەبێتەوە، چونکە دەیەویست بینەر بە تەواوی لەناوی ئەو دیمەن و هەستە بەرخۆدانەدا بمێنێتەوە و نقوم بێت، هچ شتێکی تر هەستی بیرکردنەوە و بینینی بینەر نەپچڕێنێت.

 

چیمەن ڕەحمانی، کچی هونەرمەندی کۆچکردووی سەرپێلزەهاوی (یەدوڵڵا ڕەحمانی)یە، پێشتریش گۆرانی (یەک لە هەزاران)ی بە کلیپێک بڵاو کردەوە کە ئەویش لەبارەی کێشەکانی ژنانەوە بوو.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin