Smiley face
Smiley face
Smiley face

پارێزەرێک: یاسای لێبوردنی گشتی بکوژی ژنان دەباتەوە ناو کۆمەڵگا

2018-02-01 08:39:12



ڕۆژنیوز- سەمیرا شەهابی

 

پارێزەرێک، ئاماژە بەوەدەکات، کە سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک یاسا، بەڵام دیاردەی کوشتنی ژنان و توندوتیژییەکان ڕووی لە زیادبوونە، دەشڵێت: یاسای لێبوردنی گشتیی وادەکات بکوژی ژنان بێتەوە ناو کۆمەڵگا.

 

لەبەرواری 17/12/2017 دا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای لێبوردنی گشتیی دەرچوو، کە بەپێی یاساکە بکوژی ژنان بێجگە لە کوشتن بەناوی شەرەفەوە دەگرێتەوە، ئەمەش ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

شۆخان حەمە ڕەشید، ڕێکخەری گروپی ژیان، کە هاوکات پارێزەریشە، ڕەخنەی لە  هەموارکردنی یاسای لێبوردنی گشتیی گرت و بە ڕۆژنیوزی وت:"بەپێی ئەم یاسایە، ئەوکەسانەی کە بکوژی ژنان-ن جارێکی دیکە دێنەوە ناو کۆمەڵگا".

 

ئەو پارێزەرە، وتیشی:"هەمیشە لە ناو خێزانەکانماندا وا باو بووە، کە ئاساییە ژن لە لایەن هاوسەرەکەیەوە لێبدرێت یان توندوتیژیی بەرامبەری بکرێت، لەم یاسایەشدا لێبوردن ئەو کەسانەدەگرێتەوە، کە ژن بە هۆکاری توندوتیژیی و لە پشت پەردەی کێشە خێزانییەکانەوە دەکوژن".

 

شۆخان، لەگەڵ باسکردنی خراپییەکانی یاسای لێبوردنی گشتی-دا ئاماژەی بە یاساکانی سزادان-یش کرد و وتی:"سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک لە یاسا، بەڵام کوشتنی ژنان ڕووی لە زیادبوونە، بۆیە تاکەکان لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا پێویستیان بە هوشیاریی یاسایی هەیە، بۆ ئەوەی ئاگاداربن لە سزاکان".

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin