Smiley face
Smiley face
Smiley face

چاوەڕوانی هاتنی مووچە لە بەغداوە فەرمانبەرانی ماندوو كردووە

2018-01-26 08:14:31



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

چاوەڕوانی هاتنی مووچە لە بەغداوە كاریگەری دەرونی لەسەر فەرمانبەران كردووە و ئاماژە بەوەدەكەن، كە ئەو چاوەڕوانییە توشی داڕووخانی دەرونی كردوون، مامۆستایەكیش دەڵێت: ئەگەر تا كۆتایی مانگی یەك مووچە لە بەغداوە نەیەت دێینەوە سەر شەقام.

 

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە،هەرێمی كوردستان زۆرینەی داهاتی لەدەستدا، لە ئێستادا فەرمانبەران بەتایبەت فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و تەندروتی ماوەی چەند مانگێكە چاوەڕوانی هاتنی مووچەن لە بەغدا-وە.

 

تەها ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە ڕۆژنیوزی وت:"مووچەخۆران ئێستا لە سەخترین دۆخی ئابووریدان، لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێم لە دوومانگی ڕابردوودا یەك چارەكە مووچەی داوە بە فەرمانبەران، ماوەی چەند مانگێكیشە فەرمانبەران چاوەڕوانی هاتنی مووچەن لە بەغداوە، ترسی ئەوەش هەیە كە حكومەتی هەرێم ئاستەنگ بۆ هاتنی مووچە لە بەغداوە دروست بكات، بەوەی بیەوێت لەڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە مووچە دابەش بكات، هەموو ئەمانە وای كردووە كە مووچە خۆران لەبارێكی دەرونی سەختدابن".

 

 

وتیشی:"مووچەخۆران سەرباری ئەوەی لە ڕووی داراییەوە لە دۆخێكی خراپدان، لە ڕووی دەرونیشەوە لە دۆخێكی خراپدان، لەبەر ئەوەی لە چاوەڕوانیدا دەژین، حكومەتی عێراق بەنیازە تەنها مووچەی دوو وەزارەت بنێرێت، فەرمانبەرانی ئەم دوو وەزارەتە هەندێك ئومێدیان لا پەیدا بووە، بەڵام هەندێك جار هەواڵی ناخۆش لە ڕاگەیاندنەكانەوە بڵاو دەبێتەوە ئومێدی ئەوانیش دەبڕێت، ئەگەر ئەم چاوەڕوانییە لەمانگی یەك تێپەڕێت فەرمانبەران ئارامیان نامێنێت و ڕەنگە بێینەوە سەر شەقام بۆ داواكردنی مافەكانیان".

 

سامانی حاجی فایەق، فەرمانبەرێكی وەزارەتی پێشمەرگە بوو لەسەر هەمان بابەت بە ڕۆژنیوزی وت:"زۆینەی فەرمانبەران دڵیان بەوە خۆشە كە مووچە لە بەغداوە بێت، بەڵام هاتاوەكو ئێستا هەر قەسەیە، مووچەخۆران هەر لە چاوەڕوانیدان، هیچ كاتێكی دیاریكراو نییە بۆ هاتنی مووچە لە بەغداوە، وەزارەتی پێشمەرگە سێ‌ مانگ مووچەی وەرنەگرت ئەمەش دۆخی دارایی پێشمەرگەی خراپكردووە".

 

 

وتیشی:"چاوەڕوانی هاتنی مووچە دەرونی مووچەخۆرانی توشی داڕمان كردووە، مووچەخۆران چەندەها بەرنامەیان بۆ ژیانی خۆیان داناوە بۆ ئەوەی كە مووچە لە بەغداوە هات چۆن باری ژیانی خۆیانی پێ‌ باشتر بكەن، بەڵام كە مووچەكە هەر نایەت بێئومێد دەبن".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin