Smiley face
Smiley face
Smiley face

تا ئێستا وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ لیستی ناوەکانیان بۆ کۆمسیۆن نەناردووە

2018-01-23 19:00:36



ڕۆژنیوز - قەرەچوغ ئەنوەر

 

سەرۆکی لیژنەی کاروباری پەرلەمان لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە تاوەکو ئێستا هەریەکە لە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ، لیستی ناوەکانیان بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێم نەناردووە.

 

ئەمڕۆ، لیژنەی کاروباری پەرلەمان لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە ھەرێم، کۆبوونەوەیەکیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردبینیکردنی لیستی تۆماری دەنگدەران و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان کرد لە بیەنای پەرلەمانی هەرێم لە شاری هەولێر ئەنجامدا.

 

قارەمان قادر، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پەرلەمان، لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەکەمان نزیکەی شەش کاتژمێری خایاندووە و بەوردی گفتوگۆمان لەسەر کار و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن کرد.

 

ڕاشیگەیاند: ئەنجومەنی کۆمسیاران پێیان ڕاگەیاندین، کە ھەرکات وادەی ھەڵبژاردن دیاریکرا، ئەوە کۆمسیۆن پێویستی بە ماوەی ١٠٥ ڕۆژ دەبێت بۆ ئامادەکاریییەکان و ئەنجومەنەکەشیان بڕی ٢٩ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دیناری پەسەند کردووە، بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان.

 

سەرۆکی لیژنەی کاروباری پەرلەمان، لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد: کۆمسیۆنی بەردەوامە لە وردبینیکردنی تۆماری دەنگدەران لەناوی مردووان و دووبارە، بەڵام تاکو ئێستا وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و داد، وەڵامی داواکارییەکەی کۆمسیۆنیان نەداوەتەوە سەبارەت بەپێدانی لیستی ناوی کارمەندانی وەزارەتەکانیان و مردووان.

 

قارەمان قادر، ئەوەشی ئاشکراکرد: کۆمسیۆن لە کۆبوونەوەکەدا پێی ڕاگەیاندین، کە ئەگەر یاسای هەڵبژارندەکانی ھەموار بکرێتەوە یاخود گۆڕانکاری بەسەر ئەو بڕە پارەیەی داواییان کردووە ڕووبدات، ئەوا ئەو وادەیەی کە ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت درێژدەبێتەوە.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin