Smiley face
Smiley face
Smiley face

زیاتر لە نیوەی دەنگدەری سلێمانی خۆیان لە بایۆمەتری تۆمار کردووە

2018-01-23 14:26:58



ڕۆژنیوز - ڕۆزە محەمەد

 

ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە و ڕێژەی 55%ی دەنگدەری سلێمانی خۆیان لە بایۆمەتری تۆمار کردووە و ماوەی مانگێکیان مۆڵەت ماوە کە بایۆمەتری ئەنجام بدەن.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هاوڕێ تۆفیق بەڕێوبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بینای ئۆفیسەکەی خۆیان لە شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، چەند زانیارییەکی لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کارتی دەنگدان و تۆماری بایۆمەتری لە سلێمانی ئاشکرا کرد.

 

ھاوڕێ تۆفیق، لە کۆنگرەکەدا وتی: ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکرێت و پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری ئەلەکترۆنی کە ئەنجام دەدرێت بۆ ئەو مەبەستەیە.

 

وتیشی:"لەپارێزگای سلێمانی زیاتر لە یەک ملیۆن و 389 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام تەنها 692 هەزار و 107 کەس خۆیان تۆمار کردووە کە دەکاتە ڕێژەی 55%ی دەنگدەر لەپارێزگاکە".

 

لە پەیامێکیشیدا بۆ لایەنە سیاسییەکان وتی:"تاوەکو 10-2-2018 وەک دوا وادە دانراوە بۆ ئەوەی حزبەکان لیستی پاڵێوراوانی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دوای ئەو وادەیە لیست وەرناگیرێت".

 

ئاماژەی بەوەش دا: جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ڕێگەی بنکەکانەوە نابن، بەڵکو بەشێوەی ئەلکترۆنی دەبێت و لە ڕێگەی ئینتەرنێتێکی جیھانی دەنگەکان دەنێردرێت بۆ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و لە ماوەی کاتژمێرێکدا دەرەنجامی دەنگەکان ئاشکرا دەکرێن.

 

ئەوەشی خستەڕوو: ھاوڵاتیان لە ڕۆژی دەنگداندا دەبێت کارتی ئەلیکترۆنی  یاخود کارتی نیشتیمانیان پێبێت.

 

باسی لەوەش کرد: ڕەوەندی کوردیش دەتوانن لە شوێنەکانی خۆیان دەنگ بدەن لە ڕێگەی ئەو بنکانەوە کە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دایدەنێت، ھەروەھا ئاوارەکانی خورماتوو خانەقین ۆ ناوچەکانی دیکە کە لە ھەرێمی کوردستانن دەتوانن سەردانی فەرمانگەکانی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بکەن بۆ ناونووسین تاوەکو بتوانن بەشداری ھەڵبژاردنەکان بکەن، ھەروەھا بنکەی تایبەتیش بۆ ئەوان دادەنرێت.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin