Smiley face
Smiley face
Smiley face

خوێندکاره‌ یه‌که‌مه‌کان: حکومەت یاریمان پێدەکات

2018-01-23 12:00:21



ڕۆژنیوز - دانا عومه‌ر

 

خوێندکاره‌ یه‌که‌مه‌کانى زانکۆ و په‌یمانگاکان له‌ دژى دانه‌مه‌زراندنیان گردبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا و ڕایانگه‌یاند، که‌ وه‌ک تۆپێک یارییان پێده‌کرێت له‌ نێوان وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حکومه‌تى هه‌رێمدا، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتێکیان ئاڕاسته‌ى قوباد تاڵه‌بانى کرد.

 

کاتژمێر 10:30 خوله‌کى ئه‌مڕۆ خوێنکاره‌ یه‌که‌مه‌کانى ده‌رچووى ساڵى 2015-2016، زانکۆ و په‌یمانگاکانى هه‌رێمى کوردستان، گردبووونه‌وه‌یه‌کیان له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌ سیتى له ‌شارى سلێمانى ئه‌نجامدا، له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌نووسیدا یاداشتێکیان خوێنده‌وه‌ و دواتر یاداشته‌که‌یان له‌ ڕێگه‌ى نووسینگه‌ى سلێمانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ته‌وه‌ ئاڕاسته‌ى قوباد تاڵه‌بانى کرد.

 

پێشه‌وا محه‌مه‌د، یاداشته‌که‌ى خوێنده‌وه‌، کە تیایدا هاتبوو:"ماوه‌ى دوو ساڵه‌ له‌ چاوه‌ڕوانى دامه‌زرانداین، له‌م دوو ساڵه‌دا چه‌ندین جار سه‌ردانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان-مان کردووه‌، چه‌ندین به‌ڵێنیان پێداوین و جێبه‌جێ نه‌کراوه‌، بۆیه‌ وه‌ک تۆپێکمان لێهاتووه‌ له‌ نێوان وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا یاریمان پێده‌کرێت".

 

 

هەر له‌ یاداشته‌که‌شدا هاتبوو:"داوا له‌ قوباد تاڵه‌بانى ده‌که‌ین، که‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بکات، ناوى یه‌که‌مه‌کان به‌رز بکاته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئه‌وانیش فه‌رمانى دامه‌زراندنمان بۆ ده‌ربکه‌ن، چونکه‌ ئه‌وه‌ مافێکى خۆمانه‌ و ده‌بێت دابمه‌زرێین".

 

له‌دواى خوێندنه‌وه‌ى یاداشته‌که‌ خوێندکاره‌کان به‌ره‌و ناو ده‌روازه‌ سیتى و به‌رده‌م نووسینگه‌ى قوباد تاڵه‌بانى به‌ڕێککه‌وتن، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى نه‌یانهێشت ڕاگه‌یاندنه‌کان بڕۆنه‌ ژووره‌وه‌ نه‌زاندرا، که‌ کێ یاداشته‌که‌ى لێوه‌رگرتن و کێ پێشوازى لێکردن، به‌پێى قسه‌ى خوێندکاره‌کان یاداشته‌که‌یان لێوه‌رگیراوه‌ و پێیان وتراوه‌ ئاڕاسته‌ى نووسینگه‌ى هه‌ولێرى قوباد تاڵه‌بانى ده‌که‌ن.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin