Smiley face
Smiley face
Smiley face

هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی گه‌ل: ئامانجی تورك ته‌نیا دەستێوەردانی عه‌فرین نییه‌

2018-01-22 20:14:24



ڕۆژنیوز- شه‌ماڵ حه‌سه‌ن

 

هاوسه‌رۆكیی كۆنگره‌ی گه‌ل، له‌باره‌ی دۆخی عه‌فرینەوە، ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات کە ئامانجی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك ته‌نیا بۆعه‌فرین نییه‌، ده‌شڵێت: مه‌سه‌له‌ی عه‌فرین، مه‌سه‌له‌ی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستانه.‌

 

ڕەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل، لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکی بۆ سەر عەفرین و ڕۆژئاوای کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز بیروڕای خۆی خستەڕوو.

 

كارتاڵ به ‌ڕۆژنیوزی وت: له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا ئیستا، ده‌وڵه‌تی تورك بۆئه‌وه‌ی شۆڕشی ڕۆژئاوا تێكبدات، گه‌لێك سیاسه‌تی پیسی تاقیكرده‌وه‌، به‌ڕێگای هێزی سه‌له‌فیی و به‌تایبه‌ت به‌ڕێگای داعش، ویستی ئه‌نجامێکی دەستبکەوێت، بەڵام هه‌وڵه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بێ ئه‌نجام بوون، بۆیە ناچار ماوە به‌ ده‌ستی خۆی و سیاسه‌تی خۆی ڕاستەوخۆ ده‌ستێوه‌ردانی عه‌فرین بكات و كورد لاواز بكات، له‌و قۆناغەشدا‌ دیاره‌ کە ڕووسیا و ئیران و ڕژێمی سوریا، له‌گه‌ڵ توركیا ڕێكه‌وتوون.

 

ڕه‌مزی كارتاڵ، وتیشی: ئامانجی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك ته‌نیا بۆعه‌فرین نییه‌، مه‌سه‌له‌ی عه‌فرین، مه‌سه‌له‌ی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستانه‌، ئه‌گه‌ر ئامانجەکانی ده‌وڵه‌تی تورك له‌ عه‌فرین بە ئه‌نجام بگات، ده‌بێته‌ به‌هانه‌ بۆ ئه‌وەی دەست لە کاروباری هه‌رێمه‌كانیی تریش وەربدات، هەروەکچۆن بینیمان له ‌ماوه‌ی ڕابردوودا له‌باشووری كوردستان ئێران و توركیا و عێراق له‌دژی ده‌ستكه‌وته‌كانی باشوور سیاسه‌تێکیان به‌ڕێوه‌برد لە دژی ئەزموونەکەی باشور، له‌عه‌فرین-یش به هەمان شێوه‌ و به‌م سیاسه‌ته‌ ده‌یانەوێت شۆڕشی ڕۆژئاوا تێكبده‌ن، پێویسته‌ هه‌ركه‌س بزانێت، بابه‌تیی عه‌فرین بۆهه‌رچوارپارچه‌ی كوردستان بۆ گه‌لی كورد، بابه‌تێكی گشتی و گرنگه‌.

 

كارتاڵ، ئاماژه‌ی به‌ پاڵپشتییه‌كانی كوردانی ئه‌وروپا كرد بۆ عه‌فرین، وتی: له‌ئه‌وروپاش گه‌له‌كه‌مان بۆ عەفرین له‌سه‌ر پێیانه‌، ئه‌و چالاكییانه‌ی گه‌لی ئێمه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕای گشتی و كۆنسه‌ی ئه‌وروپا و میدیاكانی ئه‌وروپا ده‌بێت، ڕێكخستنی مه‌ده‌نیی و دۆستی گه‌لی كورد هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌خاته‌ جووله، ئه‌مه فشار ده‌خاته‌ سه‌ر‌ ده‌وڵه‌تیی تورك و ته‌نگەتاوی ده‌كات، ده‌نگی گه‌لی كوردیش مه‌زنتر ده‌كات.

 

ڕه‌مزی كارتاڵ، ئاماژه‌ی به‌و بێده‌نگییه كرد کە له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌باره‌ی عه‌فرینەوە هەیە و ڕایگه‌یاند: بێده‌نگییەک له ‌جیهاندا هه‌یه‌، ئەوەش هۆكاری خۆی هه‌یه، ئێمه‌ ده‌زانین کە جیهان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌تان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌و بیده‌نگییه‌ تێكبشكێنین، ده‌ستپێك پێویسته‌ گه‌لی كورد، ده‌نگی خۆی یه‌ك بخات، هێز و ڕێكخستنی خۆی پەرە پێبدات، دۆسته‌كانی بخاته‌ جوله‌، ئه‌وكات ئه‌و بیده‌نگیه‌ی جیهان بشكێت.

 

ئەوەشی وت: وەکچۆن به‌رخۆدانی كۆبانێ سەرەتا هیچ هاوكاریی نه‌كرا، بەڵام چونكه‌ به‌رخۆدان به‌رده‌وام بوو، دواتر جیهان بینی، پاڵپشتیكردن له‌به‌رخۆدانیی كۆبانێ به‌رژه‌وه‌ندی ئەوانیش تێداهه‌یه، ئیستاش بزانن ده‌وڵه‌تی تورك سه‌رناكه‌وێت له ‌عه‌فرین، به‌رخۆدانی گه‌لی كورد پێشده‌كه‌وێت، جیهان ئه‌مه‌ دەبینێت، ئەوسا جیهانیش پاڵپشتیی ده‌كات، بۆئەوە خۆمان بە خاوەنی عەفرین بزانین، یه‌كه‌م پێویسته‌ هه‌رچواربه‌شی كوردستان و ڕەوەندی كوردی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، پاڵپشتیی له‌عه‌فرین بكه‌ین.

 

ڕه‌مزی كارتاڵ، هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی گه‌ل، له‌كۆتاییدا بانگه‌وازییه‌كی كرد، و ڕایگه‌یاند: هێرشی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ عه‌فرین، به‌ پاڵپشتیکردن و خۆ بەخاوەن زانینی ‌عه‌فرین ده‌توانین یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد پەرە پێبدەین، هەر بەو کارە ده‌توانین هێزی گه‌لی كورد مه‌زن بكه‌ین له‌سوریادا.

 

ئەوەش وت: هەر بە خۆ بەخاوەن زانینی ‌عه‌فرین، دەتوانین سیاسه‌تی ڕوسیا و ئێران و ڕژێم و توركیا، به‌تاڵ بكه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش تێكچوونی فاشیزمی ده‌وڵه‌تی تورك له‌ عه‌فرین، بۆ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان، ده‌رفه‌ت دروست ده‌كات، هەربۆیە هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستان پێویسته‌ خۆی بەخاوەنی ‌عه‌فرین بزانێت.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin