Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەمڕۆش ڕانیە بۆ عەفرین لەسەر پێ بوو

2018-01-22 17:13:20



ڕۆژنیوز - محەمەد حەسەن

 

ئەمڕۆ لە سێیەمین ڕۆژدا چالاکییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین و شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر عەفرین بەردەوام بوو.

 

کاتژمێر ٠٣:٠٠ ی سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ، لە باخی گشتی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕۆشنبیران و نوێنەری بەشێک لە پارتە سیاسییەکان، گردبوونەوەیەکیان بۆ پشتیوانی عەفرین ئەنجامدا.

 

 

لە سەرەتای گردبوونەوەکەدا، خالد قادر، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، پەیامی کەنەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو:"ئەم هێرش و پەلاماردانانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەوە دەردەخات، کە چاویان بە دەستکەوتەکانی گەلی کورد هەڵنایەت، بۆیە بەهەموو شێوەیەک دژایەتی گەلی کورد دەکات، دەبێت دەوڵەتی تورک باش بزانێت، کە چۆن بەرخۆدانی کۆبانێ سەرکەوت، بەهەمان شێوە بەرخۆدانی عەفرینیش سەردەکەوێت".

 

 

ئەوەش هاتبوو: داوا لە دۆستان و لایەنگرانی گەلی کورد دەکەین، کە دەستەوەستان نەوەستن و تەماشا نەکەن، دەتوانین هەر کەس و لایەک بە توانای خۆیان بە چالاکی و بەشداربوونیان، شکست بە دڕندایەتی دەوڵەتی تورک بهێنن.

 

هەر لە چالاکییەکەدا، مامۆستا مستەفا مەحمود، وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی ڕانیە، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: تا ئێستا کورد ماف و خاکی کەسی داگیر نەکردووە و زوڵمیشی لە کەس نەکردووە، بە بەردەوامی گەلی کورد لە هەموو لایەکەوە بە بیانووی جیا جیا شەهید دەکرێت.

 

 

ئەو مامۆستا ئایینتییە، وتیشی: هەر کەسێک بە هەر جۆرێک دەتوانێت هاوکاری شۆرشی ڕۆئاوای کوردستان بکات، ئەگەر ئەمڕۆ هێرش لەسەر گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا هەیە، سبەینێ بێگومان ئەم هێرشە لەسەر بەشەکانی دیکەی کورستان بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، پێویستە هەموومان یەکگرتوو بین، تەنیا ڕێگاچارە یەکگرتن و یەکێتی نەتەوەییە.

 

لە بەشێکی دیکەی گردبوونەوەکەدا، زریان یاسین، چالاکوانی مەدەنی، وتارێکی بەناوی هاوڵاتیانی شارۆچکەی ڕانیەوە پێشکەشکرد و و وتی: خەلکی ڕانیە وەک چۆن بەردوام خزمەتی شۆرشیان کردووە و لانەکەی ڕاپەرین بووە، لە ئێستاشدا بە هەموو جۆرێک هەموو پاڵپشتییەکی ماددی و مەعنەوی خۆمان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دووپات دەکەینەوە، پێیان دەڵێین ئێمە بە گیان و بە دڵ لەگەڵ ئێوەداین، دڵنیایشین کە عەفرین سەردەکەوێت، چونکە گەلی ئێمە بەبەرخۆدان و خۆڕاگری خۆی شکست بە تورکیای فاشیست دەهێنێت.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin