Smiley face
Smiley face
Smiley face

یه‌په‌گه‌: له‌ عه‌فرین شه‌ش هاوڵاتى و سێ شه‌ڕڤان شه‌هید بوون

2018-01-20 23:48:58



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


فه‌رماندارى گشتى یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل – یه‌په‌گه‌ ڕایگه‌یاند، به‌هۆى هێرش و بۆردوومانه‌کانى تورکیاوه‌ بۆ سه‌ر عه‌فرین شه‌ش هاوڵاتى و سێ شه‌ڕڤانى یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ شه‌هید بوون.


که‌مێک پێش ئێستا فه‌رماندارى گشتى یه‌په‌گه‌ له‌ عه‌فرین لێدوانێکى نوسراوى له‌سه‌ر هێرشه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک بڵاوکرده‌وه‌.


به‌پێى لێدوانه‌که‌ى یه‌په‌گه‌، له‌ کاتژمێر 4ى ئێواره‌وه‌ بۆردوومان و هێرشه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک بۆ سه‌ر کانتۆنى عه‌فرین ده‌ستى پێکرد و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.


یه‌په‌گه‌ ڕایگه‌یاندوه‌: ده‌وڵه‌تى تورک له‌ بۆردوومانه‌کاندا هاوڵاتیانى مه‌ده‌نى و سه‌نگه‌ره‌کانى یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌کانى به‌ ئامانج گرتووه‌، لانى که‌م 100 بازگه‌ى شه‌ڕڤانانى بۆردوومان کردوه‌.


ئه‌وه‌ش هاتووه‌: هێرشه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک به‌ 72 فڕۆکه‌ى جه‌نگى ده‌ستى پێکردوه‌ و عه‌فرین و گونده‌کانى سنورى عه‌فرینى بۆردوومان کردوه‌، هه‌روه‌ها ناوه‌ندى شارى عه‌فرین-یش بۆردوومان ده‌کات.


هه‌ربه‌پێى لێدوانه‌که‌ى یه‌په‌گه‌، "له‌ هێرشه‌کاندا که‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌، لانى که‌م 13 هاوڵاتى مه‌ده‌نى بریندار بوون و برینى سیانیان سه‌خته‌، هه‌روه‌ها شه‌ش هاوڵاتى و یه‌ک شه‌ڕڤانى یه‌په‌گه‌ و دوو شه‌ڕڤانى یه‌کینه‌کانى پاراستنى ژن- یه‌په‌ژه‌ شه‌هید بوون".


یه‌په‌گه‌ باسى له‌وه‌ش کردوه‌، "ئه‌و هێرشانه‌ى ده‌وڵه‌تى تورک بێ ڕازیبوونى هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، به‌ تایبه‌تیش ڕوسیا ئه‌نجام نه‌ده‌درا که‌ سه‌ربازى خۆى هه‌یه‌ له‌ عه‌فرین، هه‌ربۆیه‌ له‌م هێرشانه‌دا هێنده‌ى ده‌وڵه‌تى تورکى داگیرکه‌ر، ده‌وڵه‌تى ڕوسیاش به‌رپرسیار ده‌بینین".


ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش کراوه‌، "ده‌وڵه‌تى تورک ناوچه‌ مه‌ده‌نییه‌کان بۆردوومان ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵک ناوچه‌که‌ چۆڵ بکه‌ن و له‌ چه‌ندین ناوچه‌که‌ش شه‌ڕڤانان به‌ توندى وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه‌ و سوپاى تورکیان شکاندوه‌".


ک.ک 
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin