Smiley face
Smiley face
Smiley face

گۆڕان: بێده‌نگیى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ڕه‌وایه‌تیدانه‌ به‌ هێرشه‌کانى سه‌ر عه‌فرین

2018-01-20 22:41:56



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر هێرشه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک بۆ سه‌ر عه‌فرین ڕایگه‌یاند، بێده‌نگبوونی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئاست ئه‌و له‌شکرکێشییه‌ ڕه‌وایه‌تیدانه‌ به‌ پێشێلکاری دژ به‌ مافه‌کانی مرۆڤ و مافی هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌، که‌ ده‌یانه‌وێت به‌ ئاشتی و ئارامی بژین.


ده‌وڵه‌تى تورک هێرشه‌کانى بۆ سه‌ر عه‌فرین فراوانتر کردوه‌ و ده‌یه‌وێت داگیرى بکات، به‌ڵام له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانى کورده‌وه‌ به‌ توندى وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌.


بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ لێدوانێکى نوسراودا ڕایگه‌یاندوه‌: "ئێستا کانتۆنی عه‌فرینی ڕۆژئاوای کوردستان له‌به‌رده‌م له‌شکرکێشی و په‌لاماری سه‌ربازی ده‌وڵه‌تی تورکیا و چه‌ند گروپێکی چه‌کداری ئۆپۆزسیۆنی سوریادایه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌موو جۆره‌ په‌لاماردان و له‌شکرکێشیه‌ک ئیدانه‌ ده‌کات و داواکاره‌ ده‌ستبه‌جێ ئه‌و هێرشانه‌ بوه‌ستێنرێن و به‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دانوستان کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن".


ئه‌وه‌ش هاتووه‌: داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و هاوپه‌یمانیی دژی داعش ده‌که‌ین، که‌ هه‌نگاوی کرداری بنێن بۆ به‌رگرتن له‌و هێرش و په‌لامارانه‌ی سوپای تورکیا بۆسه‌ر کانتۆنی عه‌فرین، که‌ ته‌نها هاوڵاتیانی سڤیل تێیدا ده‌بنه‌ قوربانی و بێده‌نگ بونی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش له‌ ئاست ئه‌و له‌شکرکێشیه‌ ڕه‌وایه‌تیدانه‌ به‌ پێشێلکاری دژ به‌ مافه‌کانی مرۆڤ و مافی هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌، که‌ ده‌یانه‌وێت به‌ ئاشتی و ئارامی بژین و خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن و ڕۆڵه‌کانیشیان به‌ درێژایی شه‌ڕی تیرۆر له‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی دژی داعشدابوون و چه‌ندین قوربانییانداوه‌.


له‌ کۆتاییشدا گۆڕان ده‌ڵێت: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا جه‌ختده‌کاته‌وه‌ که‌ پشتیوانی ته‌واوی مافه‌ ڕه‌واکانی هاوڵاتیانی کانتۆنی عه‌فرین ده‌کات و داوای ڕێزگرتن له‌ ماف و ئازادییه‌کانی پێکهاته‌ جیاوازه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌کات.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin