Smiley face
Smiley face
Smiley face

مامۆستایه‌کى به‌شى فه‌لسه‌فه‌: ئۆجالان بووه‌ته‌ فکرێکى ئازاد

2018-01-20 10:23:29



ڕۆژنیوز ـ محه‌مه‌د و شه‌ماڵ


مامۆستایه‌کى به‌شى فه‌لسه‌فه‌ له‌ زانکۆى ڕاپه‌ڕین ده‌ڵێت، ئۆجالان بووه‌ته‌ پرۆژه‌یه‌کى فکریی و شۆڕش و به‌رخۆدان، ئێستا ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌کمان هه‌یه‌ فکرێکى ئازادمان هه‌یه‌.


ماوه‌ی ١٩ ساڵه‌ عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕێبه‌ری په‌که‌که‌ له‌ زیندانی ئیمرالی گۆشه‌گیرکراوه‌ و ماوه‌ی حه‌وت ساڵیشه‌ ڕٍێگه‌ نه‌دراوه‌ پارێزه‌ره‌کانی سه‌ردانی بکه‌ن.


له‌ مانگی نیسانی ٢٠١٥وه‌ تا ئێستا شاندی ئیمرالی نه‌یانتوانیوه‌ بچنه‌ ئیمرالی و چاویان به‌ ئۆجالان بکه‌وێت، دواهه‌مین جاریش له‌ژێر فشارێکی زۆردا ڕۆژی ١١ی ئه‌یلولی ٢٠١٦ بنه‌ماڵه‌که‌ی سه‌ردانی ئیمرالیان کرد و چاویان به‌ ئۆجالان که‌وت.


له‌ ١١ی ئه‌یلولی ٢٠١٦وه‌ تا ئێستا هیچ زانیاریه‌ک له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئۆجالان نییه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌رده‌وام داواکاری پێشکه‌شی دادگا ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئۆجالان بکه‌ن، به‌ڵام داواکه‌یان ڕه‌تده‌کرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ساڵی ٢٠١١وه‌ تا ئێستا پارێزه‌رانی ئۆجالان زیاتر له‌ ٧٢١ جار داواکاریان پێشکه‌ش کردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ ئیمرالی بۆ بینینى ئۆجالان، به‌ڵام داواکه‌یان ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌.


ئۆجالان له‌ژێر ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ دژواره‌دا به‌رده‌وام کتێبى نوسیوه‌ و بۆچوون و فکره‌کانى خۆى خستوه‌ته‌ڕوو، ئه‌و تا ئێستا چه‌ندین کتێبى له‌ زیندان نوسیوه‌.


ئارام قادر مامۆستا له‌ به‌شى فه‌لسه‌فه‌ له‌ زانکۆی ڕاپه‌رین له‌ ڕانیه‌ بۆچوونى وایه‌: "ئۆجالان بۆ‌ته‌ پرۆژه‌یه‌کی فکریی و شۆڕش و به‌رخۆدان، ئه‌م پرۆژه‌ سیاسییه‌ شۆڕشگێڕییه‌ له‌ هه‌ر ئانوساتێکدا هه‌ر زه‌مینه‌یه‌کی جوگرافیایی بۆ بڕه‌خسێت، ده‌توانێت له‌سه‌ر ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ به‌ واقیعی خۆی تۆکمه‌ بکات و دامه‌زراوه‌یه‌کی سیاسیی و شۆڕشگێڕیی به‌رهه‌م بێنێت، ئه‌مه‌شمان له‌ کانتۆنه‌کانی ڕۆژئاوا بینی، به‌ڵام هه‌رگیز به‌ گۆشه‌گیرکردنی جه‌سته‌یه‌ک و تاکه‌ که‌سێک ناتوانن ئامانجه‌ گه‌وره‌که‌، که‌ زیندانییکردنى مه‌عریفه‌ و هزر و شۆڕش و به‌رخۆدانه‌ به‌جێ بگه‌یه‌نن".

 


ئه‌و مامۆستایه‌ زیاتر وتى: به‌رگرینامه‌کانى ئۆجالان که‌ نوسراون له‌ زیندان، ده‌وڵه‌تی تورک هه‌ستی کرد جارێکیتر ئه‌و به‌رگرینامانه‌، که‌ بینینه‌کانى ئۆجالانه‌، ده‌بنه‌وه‌ هه‌وێنی شۆڕش و ده‌بنه‌ کڵپه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و گوڕه‌ شۆڕشگێڕییه‌، بۆیه‌ دێن بینینه‌کانیش قه‌ده‌غه‌ ده‌که‌ن، بێگومان ئه‌و ئامانجه‌یان نه‌هاتووه‌ته‌ دی، له‌به‌رئه‌وه‌ی وتمان ئۆجالان بۆته‌ پرۆژه‌ و ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌کمان هه‌یه‌، فکرێکی ئازادمان هه‌یه‌.


ئارام قادر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئیتر جه‌سته‌ زیندان بێت یاخود نا، فکر ئازاده‌، فکر توانیو‌ێتی ئه‌نجامی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورک به‌و مه‌به‌سته‌ بیه‌وێت نه‌ته‌وه‌یه‌ک زیندانى بکات و شۆڕش بکوژێنێته‌وه‌، له‌ هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌دا ده‌ژیت.


ئه‌و مامۆستایه‌ى به‌شى فه‌لسه‌فه‌ له‌ زانکۆى ڕاپه‌ڕین وتیشى: تازه‌ پرۆژه‌یه‌ک نه‌ک له‌ تورکیا به‌ڵکو له‌ ‌ده‌ره‌وه‌ی تورکیا گه‌شه‌ی کردووه‌، بۆ‌ته‌ پرۆژه‌یه‌کی میللی نه‌ته‌وه‌یی ئینسانی له‌‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ش، به‌ ‌تایبه‌ت له‌ ‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیک و هه‌موو ئه‌و تێزه‌ تازانه‌ی که‌ له‌ به‌رگرینامه‌کان گه‌شه‌یان کردووه‌، که‌ ئێمه‌ ده‌توانین له‌ ده‌ره‌وه‌ی تورکیا و هه‌رێمی کوردستان-یش بیانبینین.


به‌ تێڕوانینى ئه‌و مامۆستایه‌: ده‌وڵه‌تی تورک به‌ نییه‌تی ئه‌وه‌ی دوانه‌ی شۆڕش-تیرۆر لێک ببه‌ستێته‌وه‌ هه‌نگاوی زۆری ناوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می کاپیتالیزمی خۆرئاوایی، که‌ هاوکاریه‌کی زۆری ئه‌و بۆچوونه‌وه‌ی تورکیای کردووه‌، به‌وه‌ی لیستی تیرۆری داناوه‌، له‌نێو لیستی تیرۆر کۆمه‌ڵێک هێزی شۆڕشگێڕى پۆلێن کردووه‌، ئه‌وه‌ به‌ مه‌رامێکی تورکیا کۆتایی هاتووه‌ که‌ هێزه‌ شۆڕشگێره‌کان وه‌ک تیرۆریست بناسێنێت، له‌کاتێکدا ئێمه‌ ده‌بێت به‌ جیهان بڵێی، که‌ جیهانیش تاڕاده‌یه‌ک له‌و گه‌یشتووه‌، که‌ ئه‌مه‌ بابه‌تیی تیرۆر نییه‌ به‌ڵکو شۆڕشه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ رۆژئاوا هه‌یه‌، پێداچوونه‌وه‌ و دیتنێکی نوێ هه‌یه‌ بۆ شۆڕش و پرسی کورد له‌لایه‌ن خۆرئاواوه‌، بێگوومان ئه‌مه‌ش به‌ دڵی تورکیا نابێت.


ئارام قادر له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا وتی: ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئێمه‌ کاری له‌سه‌ر بکه‌ین جارێکیتر به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌ و چالاکیی مه‌ده‌نیی به‌رفراوان و وه‌رگێڕانیی به‌رهه‌مه‌کانی ئۆجالان بۆ سه‌ر زمانه‌کانی دیکه‌ی جیهان، به‌ شێوه‌یه‌ک تێز و پرۆژه‌کانی ئۆجالان نمایش بکه‌ین بۆ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی، که‌ ئێمه‌ هێزی مه‌ده‌نیی و دیموکراتخوازین و هێزی شۆڕشگێڕیین و ده‌توانین نموونه‌یه‌کی باشتر له‌و نموونه‌یه‌ی که‌ ڕێگه‌ی له‌ نموونه‌که‌ی ئێمه‌ گرتووه‌، پێشکه‌ش بکه‌ین، وه‌ به‌رده‌وام له‌نێو نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و ناوه‌ندی بڕیار و کاپیتالیزمی خۆرئاوایی، ئێمه‌ چالاکیمان هه‌بێت و به‌ئاگاهێنانه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامی خۆمان و ئه‌وانمان هه‌بێت.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin