Smiley face
Smiley face
Smiley face

لە سلێمانی پرۆژەی خێزانی جێگرەوە جێبەجێ دەکرێت

2018-01-20 09:50:13



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد

 

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی پرۆژەی (خێزانی جێگرەوە) جێبەجێ دەکەن و منداڵی ناوخانەکانی بەڕێوبەرایەتییەکە دەدەنە ئەو کەسانەی کە لە ڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئابوری توانای بەخێوکردنی منداڵیان هەیە، لە سلێمانیدا لە ساڵی ڕابردوودا 5 منداڵ چونەتە ناو 5 خێزانی جێگرەوە.

 

ئەو خێزانانەی کە منداڵیان نییە، یاخود حەزیان لە بەخێوکردنی منداڵێکە، یاخود توانای بەخێوکردنی منداڵێکیان هەیە، ئەوا لە ڕێگەی پرۆژەی خێزانی جێگرەوە هەوڵی بەدەستهێنانی منداڵێک دەدەن، عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی زانیاری دەربارەی خێزانی جێگرەوە و مەرجەکانی وەرگرتنی منداڵ و بەڵگەنامەکان بۆ وەرگرتنی منداڵێک بۆ ڕۆژنیوز دەخاتەڕوو.

 

پرۆژەی خێزانی جێگرەوە چیە؟

عومەر گوڵپی: پرۆژەی خێزانی جێگرەوە هەوڵدەدات کە خێزانێک بدۆزێتەوە بۆ ئەو منداڵانەی کە خێزانە بایۆلۆجییەکانیان لەدەست دەدەن و ڕوودەکەنە خانەکانی منداڵان، چونکە شوێنی شایستە بۆ منداڵ ناو خێزانە، ئەگەر چی خانەکان شوێنی شیاو بێت ،بەڵام سەرەنجام دەبێت منداڵ لەچوارچێوەی خێزانێکدا پەروەردە بکرێت، ئەگەر خێزانە بایۆلۆجییەکەی لەدەستدا ئەوا خێزانێک بدۆزرێتەوە ئامادە بکرێت و ڕابهێنرێت بۆ لە خۆ گرتنی منداڵ.

 

 

یەکەمین پرۆژەیە لە ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت

عومەر گوڵپی دەڵێت: ئەم پرۆژەیە یەکەمین جارە لە هەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانی پەیڕەو دەکرێت، لە عێراق بوونی نییە و لە وڵاتانی ئەوروپی و پێشکەوتوو ئەم بیرۆکەیە جێگیربووە و دەیان و سەدان ئامادەن هەر کاتێک منداڵێک خێزانەکەی لەدەستدا ئەوا لە خۆی بگرن.

 

پرۆژەکە لە قۆناغی کرداریدایە

عومەر گوڵپی: لە سلێمانی زیاد لە دوو ساڵە خەریکی ئەم کارەین، هەنگاوی کرداری لە 2017دا نراوە و ژمارەیەکی زۆر خێزان هاتوونەتە پێش، بەڵام ئەوانەی تا ئێستا پەسەند کراون 10 خێزانن و 5 خێزانیان 5 منداڵیان پێدراوە و ئەوانی دیکەش پێیان دەدرێت.

 

ئاماری منداڵ لە خانەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە:

‌أ. خانەی ساوایان (خوار 4 ساڵ): ژماره‌ى منداڵانى خانه‌ له‌ ئێسته‌دا بریتییه‌ له‌ ( 15 منداڵ/ 13 کوڕو 2 کچ)، ژماره‌ى ئه‌و منداڵانه‌ى گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناو خانه‌واده‌کانیان یان گه‌یه‌نراونه‌ته‌ خێزانى جێگره‌وه‌، بریتییه‌ له‌ (18 منداڵ/ 7 کوڕ و 11 کچ).

 

‌ب. خانەى کوڕان: ژماره‌ى سودمه‌ندان له‌ خانه‌ى کوڕان (18) منداڵ ژیانى ئاسایى به‌ڕێده‌که‌ن.

 

‌ج. خانەی کچان: ژماره‌ى سودمه‌ندانى خانه‌ى کچان (9) منداڵ له‌ ماڵه‌که‌دان‌و ژیانى ئاسایى به‌ڕێده‌که‌ن.

 

مه‌رجه‌کانی ئه‌و خێزانه‌ی ده‌توانێت ببێته‌ خێزانی جێگره‌وه‌ چین؟

عومەر گوڵپی وتی: مەرجەکان بریتین لە

1ـ عێراقی بێت‌ و دانیشتووی هه‌رێمی کوردستان بێت.

2 ـ شایسته‌یی یاسایی هه‌بێت.

3 ـ به‌ خوو ڕه‌وشتی په‌سه‌ند‌ و باش ناسراوبێت.

4 ـ نه‌خۆشی گوازراوه‌ی نه‌بێت.

5 ـ توانای له‌ خۆگرتن ‌و به‌خێوکردنی منداڵ ‌و دابینکردنی خزمه‌تگوزاری چاودێری جێگره‌وه‌ی هه‌بێت ‌و نیازپاک بێت.

6 ـ پێویسته‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ ژن ‌و پیاو ته‌مه‌نیان له‌ 25 ساڵ زیاتر بێت.

 

 

ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی کە خێزانە جێگرەوەکان پێویسته‌ پێشکه‌شی بکەن:

1 ـ داواکارییه‌ک که‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو هاوسه‌ره‌وه‌ واژۆکرابێت ئه‌گه‌ر له‌ ژیاندا بوون، یان که‌سێک که‌ مافی پێشکه‌شکردنی داواکاری هه‌یه‌.

2 ـ ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی و ناسنامه‌ی باری شارستانی و کارتی زانیاریی.

3 ـ ڕاپۆرتێکی پزیشکی که‌ له‌ لایه‌نێکی پزیشکی تایبه‌تمه‌ند و متمانه‌پێکراوه‌وه‌ ده‌رچووبێت.

4 ـ نووسراوی پشتگیریی ئاسایش.

5 ـ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک بیسه‌لمێنێت پێشینه‌ی تاوانکاری نییه‌.

6- پێویسته‌ پێشکه‌شکاری داوا خولێکی تایبه‌ت به‌ په‌روه‌رده‌ی منداڵی پێسپێردراوی بینیبێت.

 

ئه‌و منداڵه‌ی پێویستی به‌ خێزانی جێگره‌وه‌یه‌ مه‌رجه‌کانی چین:

1-  منداڵێک که‌ به‌ده‌ست گرفته‌ خێزانییه‌کانه‌وه‌ گرفتاره‌ یان چاودێری دایک ‌و باوک یان یه‌کێکیانی به‌هه‌ر هۆکارێک له‌ده‌ستداوه‌ یان ناشایسته‌یی دایک یان باوک یان هه‌ردووکیان.

2-  پێویسته‌ ته‌مه‌نی له‌ هه‌ژده‌ ساڵ که‌متربێت.

3- پێویسته‌ له‌ یه‌کێک له‌ ماڵه‌کانی تایبه‌ت به‌ چاودێری نه‌وجه‌وانان بمێنێته‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ک که‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی دیاریده‌کات به‌ر له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خێزانه‌ جێگره‌که‌وه‌ بکات.

 

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، ڕاشیگەیاند: لە هەموو تەمەنەکان دەتوانین منداڵ ببەخشین، لە یەک ڕۆژ هەتا ١٨ ساڵ، بەڵام لەم قۆناغەدا لەسەر منداڵی ساوا ئیش دەکەین کە 1 ڕۆژ دەگرێتەوە تاوەکو 4 ساڵ، لە ئێستادا منداڵی 1-2 ساڵمان بەخشیوە بە خێزانە جێگرەوەکان.

 

ناونیشان‌و ژماره‌ ته‌له‌فونی هۆبه‌ی خێزانی جێگره‌وه‌:

سلێمانی، شه‌قامیس سه‌ره‌کی گه‌ڕه‌کی به‌کره‌جۆ، بینای کۆمه‌ڵگه‌ی چاودێری کۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی.

به‌رپرس: موحه‌ممه‌د عه‌لی/  توێژه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی.

ژماره‌ ته‌له‌فوون:  053,3160079، مۆبایل: (07721570117).

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin