Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەڕێوبەری شارەدێی لەیلان لە سەر ڕێگریكردن لە تەعریب دەدرێتە دادگا

2018-01-18 14:35:06



رۆژنیوز – كەركوك

 

 
بەڕێوەبەری شارەدێی لەیلان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ڕێگریكردن لە گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەكان بۆ شارەدێیەکە، دە سكاڵای لەسەر تۆمارکراوە، دەشڵێت: ڕێگری لە عەرەبەكان نەكەم شەڕێكی خوێناوی دورست دەبێت.

 

 
دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، عەرەبە هاوردەكان كە ئێستا لە شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق نیشتەجێن، گەڕاونەوەتەوە شارەدێی لەیلانی سەربە كەركوك و دەیانەوێت ئەو زەویانە داگیربكەن كە لە كاتی ڕژێمی بەعسدا بەسەریاندا دابەش كراوە، بەڕێوەبەری شارەدێیەکەش ڕێگرییان لێدەکات.

 

 
محەمەد وەیس، بەڕێوبەری شارەدێی لەیلان، بە رۆژنیوزی ڕاگەیاند:"بەهۆی ئەوەی ڕێگریم لە گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەكان كردووە بۆ سنووری شارەدێی لەیلان، دە سكاڵام لەسەر تۆماركراوە، بە تۆمەتی پابەند نەبوون بە یاسایەوە، فشارێكی زۆرم لەسەرە بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەڕانەوەی ئەو عەرەبانە نەكەم، بەڵام من ڕێگری دەكەم و  پاشگەز نابمەوە، ڕێگری من پەیوەندی بە هەڵگیرسانی شەڕێكی خوێناویەوە هەیە، ئەگەر ڕێگە بدەم شەڕ دورست دەبێت".

 

 
وتیشی:"ژمارەیەكی عەرەبی شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق لە شارەدێكە كۆبوونەتەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ئەو زەویانەی پێشتر بەعس بەسەریاندان دابەشی كردووە، دادگای كەركوك-یش ڕێگەی بە گەڕانەوەی ئەو عەرەبانە داوە، بە بیانوی ئەوەی تا ئێستا گرێبەستی ئەو زەویانە كۆتایی نەهاتووە".
 

بەڕێوبەری شارەدێی لەیلان، ڕوونشیكردووە:"لەلایەن ڕاكان سەعید پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك ئاگادار كراومەتەوە كە ڕێگری نەكەم، بەڵام من ڕێگری دەكەم، بۆ ئەوەی شەڕ دروست نەبێت، بۆ ئەمەش ناچارم بڕیاری دادگا جێبەجێ نەكەم، ئێستاش چاوەڕوانی هاتنی وەفدێكین لە بەغداوە بۆ چارەسەر كردن ئەو كێشەیە".

 

 
شارەدێی لەیلان دەكەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری كەركوك بە دووری 25 كیلۆمەتر، شارەدێكە 52  گوند لە خۆ دەگرێت، كە حەوت گوندی عەرەب نشین و شەش گوندی توركمان و 39 گوندی كوردنیشنە، لە ساڵی 1975 شارەدێكە دوورجار كەوتووەتە بەر شاڵاوی ڕاگواستنی كوردەكان، لە دوای ساڵی 2003ەوە زەوەییەكان گەڕانەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان.
 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin