Smiley face
Smiley face
Smiley face

هونه‌ری ژنان له‌ چنین و به‌رهه‌مهێنانی مافوردا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌

2018-01-18 11:12:21



ڕۆژنیوز - سه‌میرا شه‌هابی

 

له‌ کارگه‌ی مافوری سلێمانی، هونەری ژنان لە چنین و بەرهەمهێنانی مافوردا ڕەنگ دەداتەوە و خەون و خەیاڵەکانیان ئاوێزانی بەن و ڕەنگ دەکەن.

 

کارگه‌ی مافوری سلێمانی له‌ ساڵی ١٩٩٧ له‌ سه‌ر ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دامه‌زراوه‌،  له‌ ساڵی ٢٠٠٦ ئه‌م کارگه‌یه‌ به‌ فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران خرایه‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی و لاوان،  لقیشی هه‌یه‌ لە هه‌ریر، دهۆک، هه‌ولێر، که‌سنه‌زان و به‌حرکه‌.

 

 

بەهۆی قەیرانی دارییەوە، کرێکاره‌کانی ئەم کارگەیە له‌ ١٢٠کرێکاره‌وه‌ بۆ ٥٠ کرێکار که‌مبووه‌ته‌وه‌.

 

هاوکات لەگەڵ دروستکردنی کاگەی مافوری سلێمانی، بۆ دابینکردنی خوری و ئاماده‌کردنی، له‌ شارەدێی ته‌ق ته‌ق و شارۆچکەی کفری، کارگەی ڕستن و ڕەنگکردنی خوری هەبوو، به‌ڵام هەر بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەردووکیان له‌ کار که‌وتوون، بەناچاریی هانا بۆ وڵاتی ئێران دەبرێت بۆ هاوردەکردنی پێداویستییەکانی کارگەی مافور.

 

یه‌کێک له‌ به‌شه‌کانى کارگه‌ى مافورى سلێمانى، به‌شی جۆڵایه‌، که‌ جاجم و به‌رماڵ و حه‌سیری پزیشکی (توبی) تێدا به‌رهه‌م ده‌هێندرێت و له‌لایه‌ن پزیشکەوە پێشنیار ده‌کرێت بۆ نەخۆشانی ڕۆماتیزم و ئاماۆژگاریی دەکرێن، کە به‌ پێخاوسیی به‌سه‌ریدا هاتووچۆ بکه‌ن.

 

 

هەروەها،  قه‌باره‌ و جۆری فه‌رشه‌کان جیاوازن، له‌وانه‌ ئاوریشم که‌ تێکه‌ڵاوه‌ له‌ گه‌ڵ مه‌رینۆس و نه‌ساز، تابلۆ یا فه‌رشی کۆمپیوته‌ریی، که‌ کاری ده‌سته‌ و به‌ پێی ژماره‌ ده‌چندرێت.

 

 

ئەوەی جێگای نیگەرانییە، قه‌یرانى دارایى هه‌رێمى کوردستان بووه‌ته‌ هۆکاری که‌مکردنه‌وه‌ی کڕینى به‌رهه‌مه‌کانى کارگه‌ى مافوری سلێمانی و بە زەحمەت ساغ دەبنەوە، بۆیە ساڵانە لە پێشانگای تایبەتدا کاری بەبازاڕخستن دەکەن و بەرهەمەکانیان دەفرۆشن.

 

کارمه‌ندانى کارگه‌که‌ بێزاریی و په‌رێشانى لە چاوه‌کانیاندا ده‌بیندرا، بەڵام لەژێر زەردەخەنەیەکی کورت مەودادا دەیانشاردەوە، کاتێک لە دەستەکانیانم دەڕوانی هەستم دەکرد، خەون و چیرۆکەکانی خۆیان لە چنینی فەرش و جاجمەکاندا تێکەڵ بە ڕەنگ و بەنەکان دەکەن.

 

ئەو ژنانە، پێیان وایە، ئەو حەقدەستەی وەری دەگرن لە ئاست ماندووبوونیاندا نییە و گرنگیی بە هونەرەکەیان نادرێت.

 

په‌روین قادر، یەکێک لەو ژنایە، کە ته‌مه‌نی ٣٥ ساڵه‌ و ماوه‌ی ١٤ ساڵه‌ هێزی ده‌ست و پەنجەکانی و ڕووناکی چاوه‌کانی تێکه‌ڵ به‌ هونه‌ره‌کانی چنین کردووه‌ و بەدەم چینینی جاجمەوە بە ڕۆژنیوزی وت: هه‌موو جۆره‌ فه‌رشێک ده‌چنم، له‌ ئێستادا کاره‌کانمان که‌م بووه‌ته‌وه‌، هیوادارین حکومەت ئاوڕێک ‌ له‌ ئێمه‌ی ژنانی کرێکار بداتەوە.

 

 

خه‌رمان محه‌مه‌د، یه‌کێکی تر له‌و ژنانەیە‌، که‌ سه‌رپه‌رشتیاری به‌شی جۆڵا بوو، وتی: لێره‌دا کارمه‌نده‌کان زۆر ماندوو ده‌بن و ڕه‌نج به‌و به‌رهه‌مانه‌وه‌ ده‌کێشن و ئه‌م دۆخه‌ی هه‌رێم هێنده‌ی تر زه‌حمه‌تییه‌کانی زۆرتر کردووه‌.

 

 

ئه‌و کارگه‌یه‌ چه‌ند به‌شێکى دیکه‌ى تێدایه‌ وه‌ک ناوه‌ندی ته‌ندروستی و دایه‌نگەی منداڵان بۆ ئه‌و دایکانه‌ی که‌ منداڵه‌کانیان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن بۆ کارگه‌که‌.

 

لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی پڕاوپڕ و ڕاست بوونی نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ مێژووی کاری چنین، به‌ڵام به‌پێی شوێنەوارەکان سه‌لمێنراوه‌، که‌ هونه‌ری ده‌ست له‌ مێژوودا بریتی بووه‌ له‌ سه‌به‌تە، ڕاخەر، جاجم، بەڕە و لەباو.

 

هەروەها، نه‌خش و نیگاره‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی ساده‌ بوون و دروستکراوی فکری خۆیان بوون‌، دواتریش به‌ تێپه‌ڕبوونی کات و پێشکه‌وتنی شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی گۆڕانکاری هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin