Smiley face
Smiley face
Smiley face

ناوه‌رۆکى کۆبوونه‌وه‌که‌ى ئه‌مڕۆى حکومه‌تى هه‌رێم

2018-01-17 20:18:09



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کۆبووه‌وه‌ و گفتوگۆ ته‌کنیکییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غداى به‌ ئه‌رێنى له‌قه‌ڵه‌مدا.


ئه‌مڕۆ به‌ سه‌رۆکایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکى حکومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکى حکومه‌ت، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستان کۆبووه‌وه‌.


به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوێکى حکومه‌ت "سه‌ره‌تا نێچیرڤان بارزانی باسی له‌ گفتوگۆ ته‌کنیکییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کرد که‌ له‌لایه‌ن چه‌ند لیژنه‌یه‌کی حکومیی هه‌رێمی کوردستان و عێراقه‌وه‌ له‌سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌کان، ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان، به‌نداوه‌کان، نه‌وت و مووچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ ده‌کرێت و ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به‌ ئه‌رێنی له‌ قه‌ڵه‌می دا".


هه‌ر به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ "نێچیرڤان بارزانى باسى په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیی دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ری نێوان خۆی و ڕیکس تیله‌رسن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکای کرد، که‌ تیایدا گفتوگۆی لیژنه‌ حکومییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی عێراقی فیدراڵ، پرۆسه‌ی چاکسازی و شه‌فافیه‌ت له‌ هه‌رێمی کوردستان، دۆخی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان، هه‌وڵدان بۆ نوێنکردنه‌وه‌ی یارمه‌تییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ پێشمه‌رگه‌ تاوتوێ کرا و تیله‌رسن پشتگیریی ئه‌مه‌ریکای بۆ هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تێکی به‌هێز له‌ هه‌رێمی کوردستان دووپات کردووه‌".


له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش کراوه‌ "هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا مه‌ولوود باوه‌ موراد وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن به‌ وه‌کاله‌ت و ڕێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی و ئابووری و ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کان و که‌ریم شه‌نگالی وه‌زیری ناوخۆ، پو‌خته‌یه‌کیان ده‌رباره‌ی دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوویان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ په‌یوه‌نداره‌کانی حکومه‌تی عێراقی فیدراڵ پێشکه‌ش کرد و ڕوونیان کرده‌وه‌ که‌ کۆبوونه‌وه‌کان‌ له‌ که‌شێکی ئه‌رێنیدا به‌ڕێوه‌چوون و هیواخوازن له‌ ماوه‌یه‌کی نزیکدا، ده‌ره‌نجامه‌ ئه‌رێنییه‌کانی ئه‌و دیدار و کۆبوونه‌وانه‌ ده‌رکه‌ون و ڕێگه‌ بۆ ده‌سپێکردنی دانوستان و چاره‌سه‌رکردنی هه‌موو کێشه‌کانی هه‌ولێر ـ به‌غدا خۆش بکه‌ن."


ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش کراوه‌ "پاشان قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆکى حکومه‌ت له‌ چوارچێوه‌ی پلانی چاکسازیی حکومه‌تدا ڕاپۆرتێکی سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ی خزمه‌ت خسته‌ڕوو و ڕایگه‌یاند‌ حکوومه‌ت ده‌بێت به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌ته‌کانی خۆی به‌ هاوڵاتیان بگه‌یه‌نێت".


به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى حکومه‌ت "له‌ کۆتاییدا وه‌زیرانی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان که‌ دوێنێ بڕیاری کشانه‌وه‌یان له‌ حکومه‌تدا، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگری سه‌رۆکى حکومه‌ت و ئه‌ندامانی کابینه‌ی حکوومه‌ت نیشاندا، به‌ڵام لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆکى حکومه‌ت وێڕای سوپاسکردنی وه‌زیره‌کانی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان، که‌ کار و ئه‌رکه‌کانیان به‌ باشی ڕاپه‌ڕاندووه‌، نیگه‌ر‌انیی خۆی و حکوومه‌تی بۆ بڕیاری کشانه‌وه‌ له‌ حکوومه‌ت نیشان دا و دووپاتی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌م بڕیاره‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌ کاتێکی گونجاودا نه‌بووه‌ و له‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی کوردستان و خۆیاندا نییه‌".


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin