Smiley face
Smiley face
Smiley face

مه‌ترسى وشکبوونى دارستانه‌ سروشتییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌

2018-01-16 09:22:12



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامى

 

به‌شێک له‌ دره‌خته‌کانى دارستانه‌ سروشتییه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ ڕووبه‌ڕووى وشکبوون بوونه‌ته‌وه‌ و به‌ڕێوبه‌رى دارستان و پاوانى هه‌ڵه‌بجەش ده‌ڵێت: له‌ئه‌گه‌رى چاره‌سه‌ر نه‌کردنى ئه‌و نه‌خۆشیه‌ ئه‌وا ته‌شه‌نه‌ ده‌کات.

 

ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه‌ به‌هۆى گۆڕینى که‌شوهه‌واى گۆى زه‌وى و به‌تایبه‌ت له‌هه‌رێمى کوردستان ڕێژه‌ى باران بارین که‌میکردووه‌ و پله‌کانى گه‌رما ڕووى له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ کردووه‌، ئه‌مه‌ش کاریگه‌رى له‌سه‌ر وشکبوونى به‌شێک له‌دارستانه‌ سروشتیه‌کانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ داناوه‌.

 

له‌ سنورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى دارستان و پاوانى هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ خورماڵ و سیروان و بیاره‌ ده‌گرێته‌وه‌، 1708 دۆنم دارستانى سروشتى هه‌یه‌، که‌ئێستا جۆره‌ نه‌خۆشیه‌ک ڕووى له‌ دره‌خته‌کانى ئه‌م دارستانانه‌ کردووه‌ و به‌ره‌و وشک بوونیان ده‌بات، ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى باشوورى کوردستان ته‌شه‌نه‌ى کردووه‌، ئێستا له‌کۆى ئه‌و 1708 دۆنمه‌ دارستانه‌، 616 نه‌مام به‌ته‌واوى وشکبوون.

 

محه‌مه‌د مه‌حمود، به‌ڕێوه‌به‌رى دارستان و پاوانى هه‌ڵه‌بجه هۆکاره‌کانى بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرا کردو، وتى: که‌مى ڕێژه‌ى باران بارین و جۆرى خاکه‌که‌ و تۆپۆگرافیاى شوێنى دارستانه‌کان و به‌رزى پله‌کانى گه‌رما، هۆکارى سه‌ره‌کین بۆ بڵاوبونه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ که‌ بووه‌ته‌ هۆى وشکبوونى به‌شێک له‌دره‌خته‌کان.

 

 

وتیشی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کاتێک ئه‌و نه‌مامانه‌ ده‌هێنرێن بۆ ناشتن گه‌وره‌ن و شاڕه‌گیان پچڕاندووه‌ و دواتر تواناى گه‌شه‌کردن و بڵاوبونه‌وه‌ى ڕه‌گیان نییه‌ به‌نێو قۆڵاى زه‌وىیدا".

 

محه‌مه‌د، وتیشى: بۆ ڕێگرى کردن له‌بڵاوبونه‌وه‌ و له‌ناوبردنى ئه‌و نه‌خۆشییه، بە مەیدانی سەردانی دارستانەکانمان کردووە و نمونەمان لێهێناوە بۆ تاقیگە و پشکنینی بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە یاخود بەکتریایی، هەربۆیە‌ چه‌ند جارێک داوامان له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى کشتوکاڵى هه‌ڵه‌بجه‌ کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت و پسپۆڕ ده‌ستنیشان بکه‌ن له‌ نزیکه‌وه‌ نمونه‌ى ئه‌و نه‌خۆشییه بپشکنن،‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر و ئێستاش چاوه‌ڕێى ده‌رئه‌نجامى پشکنینه‌کان ده‌که‌ین.

 

ساڵانى ڕابردووش هه‌مان دیارده‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌که‌مى و به‌پێى که‌مى ڕێژه‌ى بارین بارین حاڵه‌ته‌که‌ که‌م و زیاد بووه‌، هەربۆیە به‌ڕێوه‌به‌رى دارستان و پاوانى هه‌ڵه‌بجه هۆشداری دەدات و دەڵێت: له ‌ئه‌گه‌رى به‌رده‌وام بوونى ئه‌م حاڵه‌ته‌ و چاره‌سه‌رنه‌کردنى ئه‌و نه‌خۆشیه‌، ئه‌وا ته‌شه‌نه‌ ده‌کات.

 

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin