Smiley face
Smiley face
Smiley face

"ئازادیی ئۆجالان ده‌توانێت گۆڕانکاریى گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌که‌ بێنێته‌ ئاراوه‌"

2018-01-14 09:29:46



ڕۆژنیوز - هاوکار مسته‌فا


به‌شێک له‌ چالاکوانانى شاره‌زوور باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ ئه‌رکى هه‌موو گه‌لى کورده‌ فشاره‌کان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئازادیی ئۆجالان، "چونکه‌ ئازادیى ئۆجالان ده‌توانێت گۆڕانکاریى گه‌وره‌ له‌ ئاینده‌ى گه‌لى کورد و گه‌لانى ناوچه‌که‌ بێنێته‌ ئاراوه‌".


ده‌وڵه‌تى تورکیا به‌رده‌وامه‌ له‌ په‌یڕه‌وکردنى سیاسه‌تى گۆشه‌گیرکردنى ئۆجالان له‌ زیندانى ئیمرالى و ماوه‌ى حه‌وت ساڵه‌ ڕێگه‌ى نه‌داوه‌ پارێزه‌ره‌کانى سه‌ردانى بکه‌ن، له‌ 11ى ئه‌یلولى 2016شه‌وه‌ هیچ زانیارییه‌ک له‌سه‌ر ڕه‌وشى ئۆجالان نییه‌، ئه‌وه‌ش گه‌لى کوردى نیگه‌ران کردوه‌.


یه‌حیا حه‌بیب، ڕۆژنامه‌نووس و چالاکوانی شارۆچکه‌ی شاره‌زوور، بۆچوونى خۆى له‌سه‌ر گۆشه‌گیرکردنى ئۆجالان خسته‌ڕوو و باسى له‌وه‌ کرد: خه‌باتی ئۆجالان ته‌نها بۆ خودی خۆی نه‌بووه‌، به‌ڵکو مانه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ له‌ زینداندا سه‌لماندی که‌ خه‌باتی له‌پێناو گه‌لێکی سته‌ملێکراودا کردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان ئازاد ببێت له‌ده‌ستی داگیرکه‌ران، بۆیه‌ ئه‌رکی هه‌موو گه‌لی کورده‌ که‌ خاوه‌نداری لێبکه‌ن و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک فشاره‌کانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئازادیی ئۆجالان.

 


ئه‌وه‌شی وت: به‌ سه‌یرکردن له‌ باروودۆخی ناوچه‌که‌ به‌گشتی و دۆخی سیاسی گه‌لی کورد به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ که‌ تاکه‌ سه‌رکرده‌ بتوانێت گۆڕانکاریی له‌ ناوچه‌که‌دا بهێنێته‌ ئاراوه‌ و ڕێبه‌رایه‌تی گه‌لی کورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستان بکات ئۆجالان-ه‌، چونکه‌ به‌ ئازادیی ئۆجالان ده‌توانرێت گۆڕانکاری گه‌وره‌ له‌ ئاینده‌ی گه‌لی کورد و گه‌لانی دیکه‌ی ناوچه‌ بێنێته‌ ئاراوه‌.


هه‌روه‌ها هه‌رێم عه‌بدولڕه‌حمان، چالاکوانێکی تری شارۆچه‌کی شاره‌زوور، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ کرد: "ئامانجی ده‌وڵه‌تی تورک له‌ ده‌ستگیرکردن و گۆشه‌گیکردنی ئۆجالان بۆ بێده‌نگکردنی گه‌لی کورده‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستان، چونکه‌ که‌سایه‌تی ئۆجالان بۆ گه‌لی کورد وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، بۆیه‌ له‌ ئێستادا ئازادبوونی ئۆجالان زۆر پێویسته‌ بۆ هێنانه‌کایه‌ی پێکه‌وه‌ ژیانی ئاشتییانه‌ له‌ نێوان هاوڵاتیانی گه‌له‌که‌مان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان".

 


ئه‌و چالاکوانه‌ی شاره‌زوور، ئه‌وه‌شی باسکرد: له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی بۆ ئازادیی ئۆجالان، زۆر گرنگیشه‌ که‌ له‌ڕێگه‌ی کونسوڵخانه‌ و باڵوێزی وڵاتانی بیانی و ئه‌وروپییه‌وه‌ فشاره‌کان بۆسه‌ر ده‌وڵه‌تی تورک چڕبکرێنه‌وه‌ بۆ ئازادکردنی عه‌بدوڵا ئۆجالان.


له‌ ڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی ١٩٩٨، گه‌له‌کۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ ده‌ستگیرکردنی عه‌بدوڵا ئۆجالان، ڕێبه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان -په‌که‌که‌‌ ده‌ستیپێکرد، دواتر له‌ ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، ئۆجالان له‌ شاری نایرۆبی پایته‌ختی وڵاتی کینا ڕفێنرا و ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورک کرا و خرایه‌ زیندانی ئیمراڵی-یه‌وه‌.


له‌ ٥ى نیسانى ٢٠١٥شه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی تورک گۆشه‌گیریی خستووته‌ سه‌ر ئۆجالان و له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌نیا یه‌ک جار و له‌ ١١/٩/٢٠١٦ محه‌مه‌د ئۆجالان-ی برای سه‌ردانی ئیمراڵی کردووه‌ و چاوی پێیکه‌وتووه‌، له‌ دوای ئه‌و سه‌ردانه‌شه‌وه‌ هه‌تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ک له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئۆجالان نییه‌ و هیچ په‌یامێکی ئۆجالان نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندان.


ک.ک



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin