Smiley face
Smiley face
Smiley face

لە ساڵیادی ئەستێرەی گۆرانی کوردی کەریم کاباندا

2018-01-14 09:02:32



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

کەریم کابان، گۆرانیبێژێکی ناوداری کوردە کە ساڵانێکی زۆری تەمەنی لەڕێی هونەری کوردیدا بەخت کرد، ساڵانێکی زۆر توانیویەتی وەکو ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ھونەری کوردی دەربکەوێت.

 

ئەمڕۆ دووەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو گۆرانیبێژە ڕەسەنەیە، کە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ١٤/١/٢٠١٦ لە سلێمانی ماڵئاوایی یەکجارەکی کرد.

 

کەریم کابان، ناوی تەواوی "عەبدولکەریم جەلال مەحمود"ە، لە ساڵی ١٩٢٧ لە گەڕەکی شێخان لەشاری سلێمانی لەدایکبووە، خاوەنی ٣ کوڕ و ٣ کچە، ھەر بە منداڵی خێزانەکەی ناردویانەتە حوجرە و لەوێ فێری خوێندەواری بووە، بنەماڵەکەیان تەواو ئایینی بووە، دواتر قۆناغی سەرەتایی لە خوێندنگای فەیسەڵی ئولا لە سلێمانی تەواو کردووە.

 

 

کەریم کابان، برایەکی دیکەشی هەبوو بەناوی قادر کابان، ئەویش یەکێک بوو لە هونەرمەندە گۆرانیبێژە دەنگخۆشەکانی کورد، کە لە تەمنێکی گەنجیدا بەهۆی کاری سیاسییەوە دەستگیر کرا و لە کۆتایی دەیەی ١٩٦٠ لە یەکێ: لە زیندانەکانی رژێمی ئەو کاتە عێراق لەسێدارە درا و گۆڕغەریب مایەوە، کەریم و قادر کابان نەک تەنیا نازناوەکەیان بەهۆی خاتوو'کابان'ی دایکیانەوە وەرگرتبوو، خۆی هەمیشە لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەیوت، زوڵاڵی دەنگەکەشمان بە میرات لە 'کابان'ی دایکمانەوە بۆ من و قادری برام بەجێماوە، چونکە دایکم دەنگی خۆش بوو و هەمیشە لەبەر خۆیەوە گۆرانی دەوت.

 

لەساڵی ١٩٤٥ لە بەغدا بووەتە بەڕێوەبەری بەشی کوردی لە ڕادیۆ بەغدا.

 

 لە ‌١/٧/١٩٤٥ لەشاری بەغدا ئاھەنگێکی گەورە دەگێڕێت، ھەر لەو ساڵەشدا یەکەم بەرھەمی خۆی لە کاسێتێکدا بڵاوکردەوە بەناوی 'ڕێی دڵداری' کە بریتی بوو لە ٨ گۆرانی، بەرھەمەکانی لە رادیۆی دەنگی عێراق بڵاو کراونەتەوە.

 

 

هونەرمەند خاوەنی زیاتر لە ٢٠ گۆرانی تۆمارکراوە، لەژیانی ھونەریشدا ئەگەرچی بەرھەمی زۆری نەبووە، بەڵام بەو چەند بەرھەمەی کە ھەیەتی توانیویەتی زۆرترین ھەوادار کۆبکاتەوە، بە گۆرانییەکانی وەک (شەمی شەوان، یاران وەسییەتم، تەمەن) بەردەوام دەنگی لە بیر و هزی خەڵکدا ماوەتەوە.

 

"ئەی تەمەنی پڕ ئەسرینم دەڕۆی ئاوڕنادەیتەوە" یەکێکە لەو گۆرانیانەی کە پایزی تەمەنیدا کەریم کابان وتویەتی، لەم دوایانەشدا هونەرمەندە گەنجەکان تازەیان کردووەتەوە و وتویانەتەوە.

 

لە ژیانیدا تووشی زۆر ناخۆشی و دەربەدەری بووە، بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە دووجار دوورخراوەتەوە بۆ باشووری عێراق.

 

بەڵگە فیلمێک بە ناوی 'تەمەن' لە سەر ژیانی کەریم کابان دروست کراوە.

 

 

کەریم کابان چەند ساڵێک بوو بەدەست نەخوشییەوە دەیناڵاند، تاوەکو ڕۆژی پێنج شەمەی ١٤ـ١ـ ٢٠١٦ و لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا و پاش زیاتر له‌ ٧٠ ساڵ خزمه‌تکردن به‌ هونه‌ری گۆرانی و میوزیکی کوردی، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شار لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد، دواتر بە ڕێوڕەسمێکی شکۆمەندانە لە گۆڕستانی سەیوان لە سلێمانی بە خاک سپێردرا.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin