Smiley face
Smiley face
Smiley face

پەرە بە پاسکیلسواری ژنان دەدرێت لە سلێمانی-دا

2018-01-14 08:54:54



ڕۆژنیوز - سەمیرا شەهابی

 

لە سەر دەستی ژنێکی گەنج پرۆژەیەکی پاسکیل سواری لە شاری سلێمانی کراوەتەوە و ڕۆژانە چەندین گەنج بەبێ جیاوازی ڕەگەزو تەمەن بەشداری تێدا دەکەن، وەک ڕاهێنەرو خاوەن پرۆژەکەش باسی دەکەن، زۆرترین ڕێژەی فێرخوازان ژنانن لە پرۆژەکەدا.

 

نیان یاسین-ی تەمەن ٢٨ ساڵ و پاڵەوانی پێشووی پاسکیل سواری لە هەڵبژاردەی عێراق و وڵاتان عەرەبی بووە هەروەها خاوەن مەدالیای زێڕین، لە ئێستادا پڕۆژەیەکی پاسکیل سواری لە پارکی هەواری شاری سلێمانی کردووەتەوە، وەک خۆی دەڵێت ئامانجی هاندانی ژنان و پیاوانە بۆ وەرزشکردن و دۆستایەتی ژینگە.

 

 

نیان یاسین سەبارەت کردنەوەی پرژەکەی دەڵێت، کە ئامانجی بەشداریپێکردنی هەموو هاوڵاتییانە بە بێ جیاوازی ڕەگەز و تەمەن، تا وەک وڵاتانی دونیا بتوانین ئەم پڕۆژانە پێش بخەین لە وڵاتی خۆماندا لە چوارچێوەی وەرزش کردن بە پاسکیل، دەشڵیت"ئەگەر شەقامەکانمان سەلامەتی تێدا نەبێت، ئەوا ئەم شوێنەی من کە ناو پارکی هەواری شارە شوێنێکی باشترە بۆ پاسکیل سواری بە هۆی بوونی پانتایی زۆر و کەمترین قەرەباڵغی".

 

نیان کە بۆ ڕۆژنیوز دەدوا، باسی لە مەرجەکان بۆ فێرخوازانی پاسکیلسواری کردو وتی: ئەو کەسانەی کە دێن بۆ ئێرە مەرجەکان جیاوازە بۆیان، بۆ هاتنی گروپەکان و کاتەسەربردنیان مەرجێکی ئەوتۆ نییە، بەڵام ئەوانەی کە ئۆتۆمۆبێلیان پێ نییە و بە تەنیا دێن ئەوا ناسنامە یاخود باجێکیان لێوەردەگیرێت، ئەویش بە مەبەستی دڵنیایی و ڕێکوپێک ئەنجامدانی کارەکە.

 

دەربارەی پێشوازی خەڵک لە پرۆژەکەی نیان دەڵێت: لە لایەن خەڵکەوە دەسخۆشیمان لێدەکرێت، چونکە بەشێکە لە ڕۆشنبیری هەر وڵاتێک، جگە لەوەی وەک وەرزشێکە و هۆکاریکیشە بۆ گواستنەوە، هاوکات بە دۆستی ژینەگەش دادەنرێت، کە باشییەکانی بێ دوکەڵ و دەنگەدەنگە و نابێتە هۆیی دروستبوونی قەرەباڵغی لە ناو شار.

 

سۆزی دڵشاد، کە وەک ڕاهێنەرێک لە پرۆژەکەدا کاردەکات و تەمەنی ٢٢ساڵە، و ماوەی حەوت ساڵە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە، باسی لە ئەرکەکانی کردو وتی، ڕاهێنان بە ئەو کەسانەدەکەم کە بەشدار دەبن وەک فێرخوازێک، زۆرینەشیان ژنن، تایبەت بۆ ئەو ژنانەی کە تا ئێستا نەیانتوانییوە پاسکیل لێخوڕن و لە ڕێگایی ئەمەوە دەتوانن فێر ببن و هەم چالاکییەکی وەرزشیش ئەنجام بدەن.

 

 

سۆزی خۆشحاڵ بوو کە ژنان ڕوو لە پاسکیلسواری دەکەن و وتی "بە خۆشحاڵییەوە ئەم پڕۆژەیە تاڕادەیەک تازەیە بۆ ژنانی کوردستان، چونکە پێشتر نەبووە و خەڵکی زۆریش ئارەزووی پاسکیل سوارییان هەیە، لە گەڵ فێربووندا کاتی خۆشیش بە سەر دەبەن، هاوکات بەشداری فێرخوازەکان لە هەموو تەمەنێکدایە، لە منداڵەوە بیگرە هەتا بە تەمەنەکان، بەتایبەت هەندێ ژن دێن کە وەک خۆیان باسی دەکەن چەندین ساڵە خولیای پاسکیل سواری لە ناخیاندایە و نەیانتوانیوە پێی بگەن".

 

سۆزی ئاماژەی بە بەشداری ژنان کرد و و ئەوەی وت، کە لە مانگی ٩ی ساڵی ڕابردووەوە توانیویەتی ٦٠ ژن فێری پاسکیل سواری بکات.

 

توانا عەبدوڵا کە خوێندکاری زانکۆیە و یەکێکبوو لە سەردانکەرانی پڕۆژکە، ئەو بۆ ڕۆژنیوز قسەیکردو، وتی: من بۆ بەسەر بردن کاتێکی خۆش هاتووم لەگەڵ هاوڕێکانماندا، جگە لەوەش چەند جارێکی تر بۆ وەرزش کردن هاتووم،  بوونی پڕۆژەیەکی لەم جۆرە و لە کوردستاندا جێگەی دڵخۆشییە، چونکە جگە لە بەسەر بردنی کات، مرۆڤ  دەتوانێ قازانجی وەرزشی و تەندروستی لێبکات.

 

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin