Smiley face
Smiley face
Smiley face

"کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی لەنێوان هێزە کوردییەکان ده‌رفه‌تێکى زێڕینه‌"

2018-01-14 08:38:52



ڕۆژنیوز ـ زۆسک باڵه‌ک


به‌شێک له‌ چالاکوانان و چاودێرانى سیاسى له‌ ده‌ڤه‌رى سۆران و باڵه‌کایه‌تى پێیان وایه‌ کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئێستادا پێویستیه‌کى گرنگه‌ و ده‌بێت هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى هه‌رچوار پارچه‌ى کوردستان به‌ده‌م به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کگرتنى کوردانه‌وه‌ بچن و ملکه‌چى داخوازییه‌کانى گه‌ل بن.


کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان- که‌نه‌که‌ له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ له‌ ساڵى 2018 کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى له‌نێوان هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان ببه‌سترێت، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ستى به‌ هه‌وڵدان کردوه‌، خه‌ڵکى کوردستان و چالاوانان و چاودێرانى سیاسى-یش پشتیوانى ده‌که‌ن.


حه‌مید ڕوستى چاودێرى سیاسى له‌ ده‌ڤه‌رى سۆران بۆ ئاژانسى ڕۆژنیوز وتى: کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌رفه‌تێکى زێرینه‌ له‌نێوان هه‌موو هێزه‌ کوردییه‌کان، بۆیه‌ پێموایه‌ که‌ هه‌موو حزبه‌ سیاسیه‌کان پێویسته‌ به‌شدارى ئه‌م کۆنگره‌یه‌ بکه‌ن.

 


وتیشى: ئه‌م کۆنگره‌یه‌ بۆ جیهان ده‌سه‌لمێنێت که‌ کورد میله‌تێکى یه‌کگرتووه‌ له‌ ناوخۆدا، له‌ کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌توانرێـت هه‌موو پرسه‌ گرنگه‌کانى کوردستان به‌ ته‌واوه‌تى مناقه‌شه‌ بکرێن و چاره‌سه‌ر بکرێن، هه‌روه‌ها ڕێگریشه‌ له‌به‌رده‌م هێزه‌ ده‌ره‌کییه‌کان که‌ ده‌ستێوه‌ردانى کوردستان بکه‌ن.


جه‌لال ئیبراهیم چالاکوانێکى بوارى گه‌نجان پێیوایه‌ کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی گرنگه‌ له‌ ئێستادا له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان ببه‌سترێت، "چونکه‌ به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێته‌ هۆى کۆکردنه‌وه‌ى هه‌موو هێزه‌ کوردى و ئازادیخوازه‌کان ئه‌وه‌ش دووباره‌ کوردستان بونیاد ده‌نێته‌وه‌".

 


ئه‌وه‌شى وت: پێویسته‌ له‌دواى ئه‌و شکستانه‌ى له‌م دوایه‌دا ڕووبه‌ڕووى باشورى کوردستان بونه‌وه‌، هێزه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کان ملکه‌چ بن بۆ داوا و داخوازیه‌کانى گه‌ل، که‌ داواى یه‌کڕیزى و یه‌کگرتنى نێوان کوردان ده‌که‌ن له‌ هه‌موو پارچه‌کانى کوردستان.


هه‌روه‌ها هه‌ڵۆ مه‌لا قه‌سره‌یی چالاکوانى مه‌ده‌نى ده‌ڵێت: ئه‌و هێزانه‌ى که‌ تا ئێستا نه‌هاتوونه‌ به‌ره‌ى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى که‌وا له‌ هێڵى خۆیان شکخستیان خواردووه‌ و ویستویانه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌ره‌ى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یش شکست پێبێنێت، دیاره‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێتـه‌وه‌ که‌ چونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ى دوژمن هه‌یه‌تى.

 


ده‌شڵێت: بۆیه‌ پێویسته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گه‌ل واز له‌و جۆره‌ عه‌قڵیه‌ته‌ هاوشێوه‌ییه‌ی دوژمن بێنن و له‌ به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی داهاتوودا هه‌موویان پێکه‌وه‌ به‌شداربن بۆ سه‌رخستنى ئه‌و کۆنگره‌یه‌، تا یه‌کگرتنى کوردان پێک بێت له‌ به‌رامبه‌ر دوژمن و دونیا.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin