Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئێران و تورکیا گەمارۆی ئاو دەخەنە سەر عێراق و باشوری کوردستان

2018-01-13 12:23:37



ڕۆژنیوز - هاوکار مستەفا

 

هەریەکە لە دەوڵەتی تورک و ئێران بە دورستکردنی بەنداو گەرمارۆی ئاویی دەخەنە سەر عێراق و باشوری کوردستان، بەرپرسانی هەردوولاش لە ئاست ئەو هەوڵانە دەستەووەستان ماون.

 

هەریەکە لە بەنداوەکانی داریان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئلسو (پرۆژەی گاپ)لە باکوری کوردستان تەواو بوون و بەوەش مەترسییەکی گەورە لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و باشوری کوردستان دروستبووە.

 

بەنداوی ئلسو یاخود (پرۆژەی گاپ)، دەکەوێتە نزیک گوندی ئەلیسۆی سەر بە پارێزگای مێردین لە باکوری کوردستان و لە ساڵی 2008 وە تورکیا دەستیکردووە بە دروستکردنی و لە ئێستادا تەواو بووە و بڕیارە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا دەستبکرێت بە پڕکردنی بەنداوەکە کە توانای عەمبارکردنی 11 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئەو پڕۆژەیە کاریگەری دەخاتە سەر ئاست و ڕێڕەوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات، بەمەش %60ی ئاوی دیجلە کەم دەکات و مەترسیی دەکەوێتە سەر ئاسایشی ئاوی عێراق و باشور.

 

 

سەبارەت بە هەوڵەکانی عێراق، بۆ وەستاندنی ئەو پرۆژانە، حەسەن جەنابی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لەساڵی ڕابردوودا چوار جار سەردانی تورکیام کردووە و لەگەڵ وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی ئەو وڵاتە و گەورە بەرپرسانی تردا کۆبوومەتەوە لە سەرجەم کۆبوونەوەکانیشدا نیگەرانی لایەنی عێراقییم بە تورکیا ڕاگەیاندووە لەبارەی مەترسییەکانی ئەو بەنداوانەی، کە تورکیا دروستی کردوون لەسەر ڕوباری دیجلە و فورات.

 

حەسەن جەنابی

 

حەسەن جەنابی، ڕاشیگەیاند: لە دواین سەردانمدا بۆ تورکیا و لەکۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی تورکیا، بەفەرمیی داواکاری حکومەتی عێراقیم گەیاندە لایەنی تورکیا، بۆئەوەی پرکردنی بەنداوی ئەلیسۆ کە وابڕیارە لەمانگی ئازاری ئەمساڵ پڕبکرێت لە ئاو دوای بخەن بۆ مانگی تەموزی ئەمساڵ، چونکە لەمانگی ئازاردا دا ئێمەش پێویستی زۆرمان بە ئاو هەیە و هەروەها کاتی پڕکردنی بەنداوەکانی عێراق-یشە، هاوکات مەترسییەکانی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکانی عێراقم پێڕاگەیاندوون بۆئەوەی چاویان لە گەلانی عێراق بێت.

 

جەنابی، وتیشی: هەرچەندە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی تورکیا بەڵێنیدا، کە لەکۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران ئەو داواکارییەی ئێمە بخاتەڕوو، بەڵام لەدواین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا ئەو بابەتە تاوتوێ نەکراوە و هیچ وەڵامێکی دڵخۆشکەرمان لەلایەن تورکیاوە بەدەست نەگەشتووە، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەمان.

 

بەدەر لە بەنداوی ئلسو، ئێران-یش بە دروستکردنی بەنداوی داریان هێندەی تر مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاوی باشوری کوردستان و عێراق دروستکردووە.

 

بەنداوی داریان، دەکەوێتە گوندی داریان-ی سەر بە شارۆچکەی پاوە-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەسەر ڕووباری سیروان بە بەرزی 155 مەتر لەساڵی 2010 دەست بە دروستکردنی کراوە و لە ئێستادا بەنداوەکە تەواو بووە، کە توانای گلدانەوەی ئاوی بۆ 316300000 مەتر سێ‌جا هەیە و بەو هۆیەوە چەندین زیانی ئابووریی و کشتوکاڵیی و ژینگەیی لە ناوچەکانی نزیک بەنداوەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەدرێژایی ئاوەکە تا قوڵایی ناو خاکی باشوری کوردستان دەگات و زیاتر لە 42 شوێنەواری مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژێر ئاو کەوتوون، کە مێژووى هه‌ندێکیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ٧٠ هه‌زار ساڵ پێش زاین و هه‌ندێکى تریان بۆ پێنج سه‌ده‌ پێش زایین.

 

 

لەو بارەیەوە، ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم بۆ ڕۆژنیوز وتی: قسەکردن لەبارەی دروستکردنی بەنداوی داریان بووەتە شتێکی ڕابردوو، چونکە ئەو بەنداوە تەواو بووە و ئێستاش مەترسیی و کاریگەرییەکانی لەسەر بەندا و ڕووبارەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی دەرکەوتوون و ئاوی بەنداو و ڕووبارەکانی هەرێمی کوردستان زۆر کەمیان کردووە.

 

ئەکرەم ئەحمەد

 

ئەکرەم ئەحمەد، وتیشی: ئەوەی کە زانیارییمان هەیە لایەنی ئێرانی تەنها بەنداوی داریان-ی دروست نەکردووە، بەڵکو 14 بەنداوی دیکەش کە هەندێکیان تەواو بوون و هەندێکی تریشیان لە تەواو بووندان، بۆیە هەموو ئەو بەنداوانە ساڵ لە دوای ساڵ کاریگەرییەکەیان دەردەکەوێت لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی ئاو لە ڕووبار و بەنداوەکانماندا.

 

ناوبراو، وتیشی: بەهۆی ئەوەی پرسی ئاو و دروستکردنی بەنداوەکان پرسێکی سیادین ئەرکی حکومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی عێراقە گفتوگۆی ئەو بابەتە بکات لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا بۆئەوەی لەڕێگەی پێکهێنانی چەند لیژنەیەکەوە ڕێککەوتن واژۆ بکەن لەسەر ڕێژەی گلدانەوە و بڕی بەردانەوەی ئاو.

 

ڕۆژنیوز چەندین جار ویستی هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە بەنداوی داریان لە زاری حەسەن جەنابی-یەوە وەرگرێت، بەڵام جەنابی ئامادەنەبوو لەسەر ئەو بابەتە قسەبکات و وتی: زانیارییم نییە.

 

ساڵی ڕابردوو ناوەندی لێکۆڵینەوەی سترافۆر شرۆڤەیەکی ستراتیژیی بۆ کێشەی دەوڵەتی نەژادپەرستی تورکیا بەرامبەر کورد لە ڕوانگەی ئاو و بەنداوەکان کردووە بەپێی ڕاپۆرتەکە، تورکیا وەک ستراتیژ دەیەوێت گەلانی ناوچەکە بەتایبەتی کورد بخنکێنێت، بەجۆرێک لە سەرەتای سەدەی 20، تورکیا نزیکەی 600 بەنداوی دروستکردووە، لەگەڵ زیاتر لە 200 بەنداوی دیکە، کە خەریکی دروستکردنی بوون.

 

بەنداوەکانیش ئەمانە دەگرێتەوە، بەنداوی قەرەقایا کە لە 1988 تەواو بووە، بەنداوی ئەتاتورک کە لە 1992 تەواو بوو و یەکێکە لە گەورەترین بەنداوەکانی جیهان، هەردوو بەنداوەکە بەشێکن لە "پڕۆژەی باشوری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ" کە بەحیساب ئامانج لەو پڕۆژەیە پەرەپێدان بە چالاکی ئابووریی لە هەرێمەکەیە، بەڵام لە پراکتیکدا پڕۆژەکە بووەتە هۆی ئاوارەکردنی خەڵکی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بوونی مەترسی لەسەر وێرانکردنی شوێنە مێژوویی و کلتوورییەکان.

 

لە شرۆڤەکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سترافۆر بەم شێوەیە باس لە دروستکردن و تەواوکردنی بەنداوی ئەلیسۆ کراوە:

 

بەسەیرکردنی پڕۆژەی بەنداوی ئەلیسۆ راستیەکان زیاتر ڕوون دەبنەوە، کاتێک گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکە تەواو دەبێت، ئەگەری ئەوەی هەیە %80 ی شارۆچکەی مێژوویی و دێرینی حەسەن کیف ئاو بیبات، بەمەش ئەگەری بێ ماڵ و حاڵبوونی 80 هەزار کەسی دانیشتووی حەسەن کیف-ی لێدەکەوێتەوە، لەگەڵ وێرانبوونی ژمارەیەکی بێ شومار لە شوێن و سیمبولی کلتوریی بەهۆی ئاوەوە، سەرباری بوونی ناڕەزایی ناوخۆ و نێونەتەوەیی دژ بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە.

 

لە دیدی ئەنقەرەوە بەنداوەکان دەتوانن جوڵانەوەکانی پەکەکە لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە کۆت و بەند بکەن، بەتایبەتی بەدرێژایی سنووری تورکیا لەگەڵ باکوری عێراق" و ئەگەر ئەو ناوچەیە ئەگەر بەئاو دابپۆشرێت ئەوە بەرگریی کردن لێی ئاسانتر دەبێت لەوەی خاک بێت، هەروەها بە لێکدابڕینی بەشی باشور و باکوری هەرێمە کوردییەکە لە یەکتری، ئەنقەرە دەتوانێت چالاکی و جموجۆڵی گەریلا کوردەکان لە ناوچەکە سنووردار بکات.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin