Smiley face
Smiley face
Smiley face

"کاتژمێره‌که‌ى سه‌یدسادق" باسى چیرۆکى خۆى ده‌کات

2018-01-13 07:58:28



ڕۆژنیوز ـ هاوکار مسته‌فا


هاوڵاتییه‌کی دانیشتووی شارۆچکه‌ی سیدسادق چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌کى جیاوازى هه‌یه‌ و به‌ بێ ته‌ماشکردنى کاتژمێر ده‌زانێت کاتژمێر چه‌نده‌ و ئه‌وه‌ش وایکردوه‌ خه‌ڵک پێى بڵێن "کاتژمێره‌که‌ى سه‌یدسادق".


ڕزگار ئیبراهیم، هاوڵاتییه‌کى دانیشتوى شارۆچکه‌ى سه‌یدسادق سه‌ربه‌ پارێزگاى سلێمانى-یه‌ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌کى هه‌یه‌ و وایکردوه‌ ببێته‌ جێى سه‌رنجى هاوڵاتیان.


ڕزگار ئیبراهیم هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ هه‌ستى کردوه‌ که‌ تا ڕاده‌یه‌ک جیاوازه‌ له‌ هاوڕێکانی ده‌ورووبه‌رى، به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ ڕووی ژماره‌ و زانینی کاته‌وه‌ زۆر تواناى هه‌بوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ وایکردوه‌ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی کاتدا زیاتر ئه‌و به‌هره‌یه‌ى تیا ده‌ربکه‌وێت، "له‌ ژیانمدا کاتژمێرم نه‌کڕیوه‌ و و نه‌شمکردوه‌ته‌ ده‌ستم، چونکه‌ له‌هه‌ر کات و ساتێکدا بێت من ده‌زانم کاتژمێر چه‌نده‌ و چه‌ند خوله‌ک و چه‌ند چرکه‌شه‌، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌ هاوڵاتیان به‌ (کاتژمێره‌که‌ی سه‌یدسادق) بانگم بکه‌ن".

 


به‌ده‌ر له‌ زانینی کات، ڕزگار توانای لێکدان و کۆکردنه‌وه‌ی ژماره‌ زۆره‌کانى هه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا، هه‌روه‌ها ده‌توانێ کێش دیاری بکات، بۆ نمونه‌ "ئه‌گه‌ر پێمبوترێت 25 کیلۆ گه‌چ بکه‌ره‌ ناو توره‌که‌یه‌که‌وه‌، تێی ده‌که‌م و دواتر له‌کاتی کێشانیشدا هه‌مان کێش ده‌رده‌چێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ کار ئاسانی زۆری بۆ کردووم له‌ کێشانه‌کردنی ئه‌و پێداویستیانه‌ که‌ ڕۆژانه‌ پێویستم پێیانه‌".


ڕزگار به‌ وته‌ى خۆى، ماوه‌ی زیاتر له‌ ٢٠ ساڵه‌ ته‌نها یه‌ک کاتژمێر خه‌وى لێده‌که‌وێت، به‌ جۆرێک ئه‌و کاتژمێره‌ش به‌ ته‌واوه‌تی خه‌وى لێناکه‌وێت، به‌ڵکو ته‌نها ڕاده‌کشێت و ئاگاى له‌ ده‌وروبه‌رى هه‌یه‌، هاوکات توانیویشیه‌تى به‌ پێ‌ نێوان شارۆچکه‌ی پێنجوێن و شاره‌زوور و سه‌یدسادق ببڕێت.


ڕزگار ئیبراهیم وه‌ک خۆى گێڕایه‌وه‌، له‌ پێشبینیکردنی که‌شوهه‌واشدا تاڕاده‌یه‌کی زۆر پێشبینییه‌کانى وه‌ک خۆیان ده‌رده‌چن، "ئه‌وه‌ش به‌ شاهیدی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ڕۆژێک پێشتر وتوومه‌ سبه‌ی بارانه‌ یان خۆرهه‌تاوه‌ یان هه‌وره‌، به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رچووه‌".


ڕزگار خۆى به‌ خۆشحاڵ ده‌زانێ که‌ بتوانێ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و به‌هره‌یه‌وه‌، یارمه‌تی هاوڵاتیان بدات و بێزار نابێ له‌ پرسیارکردنی هاوڵاتیان له‌باره‌ی زانینی کاته‌وه‌.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin