Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕۆژنامەنووسانی كەركوك: بەستنی كۆنگرەی نەتەوەییی پێگەی دوژمنانمان لاواز دەكات

2018-01-12 11:33:57



ڕۆژنیوز- كەركوك

 

ڕۆژنامەنووسانی شاری كەركوك، باس لە گرنگیی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان دەكەن و ئاماژە بەوە دەكەن، تەنها بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان پێگەی دوژمنانمان لاواز دەكات.

 

لە کاتێکدا هەوڵەكان بۆ بەئەنجامگەیاندنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بەردەوامە، شاندی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كەنەكە، ئامادەكاریی دەكات بۆ دووەمین كۆنفڕانسی ڕاوێژی نەتەوەیی لە باشوری كوردستان، بەىشێک لە رۆژنامانووسانی کەرکووک پێیوانوایە کە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر لاوازکردنی پێگەی دوژمنان لە وڵاتدا.

 

هەردی عادل، ڕۆژنامەنووس لە شاری كەركوك، لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی:" ئێستا لە هەموو كات زیاتر كورد هەم لە باشور هەم لە باكور هەمیش لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستان فشاری نێوخۆی و هەرێمی لەسەرە، هاوکات زەختێكی سیاسی و سەربازی هەیە بۆ بچوكکردنەوەی کورد، بۆ ئەوەی پێگەی كورد لە كوردستانی گەورە لاوز بێت، بۆیە هیچ كات بە ئەندازی ئێستا پێویست نییە كورد یەكڕەنگ و یەكدەنگ بێت، ئەم یەكڕەنگیی و یەكدەنگییەش پێموایە لە ڕێگای كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانەوە بەدی بێت".

 

 

دەشڵێت:"كاتی ئەوەیە سەركردایەتی سیاسی كوردستان لە هەرچوار بەشی كوردستان، هەرچی زووە بیر لە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بكەنەوە، لایەن هەیە لە كوردستان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆی و پاراستنی مەرامی دەوڵەتێك نایەوێت كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت، بۆیە باشتر وایە ئێمە نەتەوەیی بیر بكەینەوە نەك حزب و بەرژەوەندیی حزبی بخەینە پێشەوە".

 

ڕۆژنامەنووسێكی تر بە ناوی، شاڵاو محەمەد لەسەر هەمان پرس دەڵێت:"دوای شەڕی داعش هەم لە ڕۆژئاوای كوردستان هەمیش لە باشووری كوردستان، ئەم شەڕەش بووە هۆی ئەوەی كە هاوكاری باشی سەربازی كورد بكرێت، ئەمە دەرفەتێكی باش بوو بۆ كورد لە هەردوو بەشی كوردستان، لە ئێستا بەدواوە گرنگە لە ڕووی سیاسی و سەربازیی و ئابووریی و نەتەوەیییە كورد یەكڕیزیی خۆی پتەو بكات و هەوڵی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بدات".

 

 

دەشڵێت:"لایەنێك لە بەرژەوەندی وڵاتێكی داگیركاردا نایەوێت كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت، ئێتر بەڕاستی كاتی ئەوەیە ئەو لایەنەش پشت بە گەلی خۆمان ببەستێت و دوور بكەوێتەوە لە وڵاتی بەژرەوەندیخواز، بەرژەوەندیی حزبی لەگەڵ وڵاتێكی داگیركار سوودی بۆ گەلی كورد نابێت، تەنها بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی پێگەی دوژمنانمان لاواز دەكات".

 

یوسف مراد، ڕۆژنامەنووسێكی تری شارەكەیە، لەبارەی گرنگیی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت:"بەهۆی ئەو ڕووداوانەی كە ڕوویاندا، كورد بەشێكی گرنگی خاكەكەی لە باشوری كوردستان لەدەست دا، بەداخەوە ئەمە بە هۆی ناتەبایی و یەك نەگرتنەوە بووە، سەرەڕای ئەم دۆخەش هەندێک لایەن ئامادە نین سازش بۆ مافە نەتەوەییەكان بكەن و بێنە ڕیزی یەكڕیزیی و یەكگرتنی گەلی كوردەوە، ئەوەیش لە ڕێگای كۆنگرەی نەتەوەییەوە بێت، بە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لە هەموو ڕووەكانەوە بەهێز دەبێت، من هیوادارم یەكەم لایەن ئەو لایانانە بێنە ژێر باری كۆنگرەی نەتەوەییەوە كە دژایەتی بەستنی ئەو كۆنگرە دەكەن".

 

 

ئەوەشی وت:" لایەنەكان ئەگەر یەك نەبن دووژمنانمان بەهێز دەبن و ئێمەی گەلی كوردیش بەلاوازی دەمینێنەوە".

د.خ

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin