Smiley face
Smiley face
Smiley face

وه‌زیرى سه‌رچاوه‌کانى ئاوى عێراق: به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان نوێده‌که‌ینه‌وه‌

2018-01-11 14:35:25



ڕۆژنیوز ـ هاوکار مسته‌فا


وه‌زیری سه‌رچاوه‌کانی ئاوی حکومه‌تی عێراق سه‌ردانی به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان-ى کرد و باسى له‌وه‌ کرد، که‌ به‌نداوه‌که‌ نوێده‌که‌نه‌وه‌.


دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ حه‌سه‌ن جه‌نابی، وه‌زیری سه‌رچاوه‌کانی ئاوی حکومه‌تی عێراق سه‌ردانی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانی کرد و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ر و کارمه‌ندانی به‌ندوه‌که‌ کۆبووه‌وه‌.


دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ حه‌سه‌ن جه‌نابی وه‌زیری سه‌رچاوه‌کانی ئاوی حکومه‌تی عێراق له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌نووسیدا وتى: له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا بڕیارماندا که‌ له‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ ده‌ستبکه‌ین به‌ دووباره‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند لیژنه‌یه‌کی پسپۆڕی بیانی سه‌ردانى به‌نداوه‌که‌ ده‌که‌ن و قه‌باره‌ی زه‌ره‌ر و زیانه‌کان دیاری ده‌که‌ن.

 


ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: بودجه‌ی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی به‌نداوه‌که‌ له‌و بڕه‌پاره‌یه‌ دابینده‌کرێت که‌ له‌لایه‌ن بانکی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بڕیاره‌ بۆ عێراق خه‌رج بکرێت، که‌ نزیکه‌ی ٣١ ملیۆن دۆلاره‌.


وه‌زیرى سه‌رچاوه‌کانى ئاوى عێراق دڵنیایشیدا، که‌ له‌ ئێستادا مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ڕوخانی به‌نداوه‌که‌ نه‌ماوه‌.


هه‌رله‌و کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نوسییه‌دا ڕه‌حمان خانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: له‌و به‌ڵێنانه‌ی که‌ له‌باره‌ی زه‌ره‌ر و زیانه‌کانی به‌ندوه‌که‌وه‌ پێمان دراوه‌ ته‌نها بڕی یه‌ک ملیار دینارمان بۆ خه‌رجکراوه‌، که‌ ئه‌ویش له‌ چه‌ند پێداویستییه‌کی هه‌نووکه‌یی به‌ندوه‌که‌دا خه‌رجکراوه‌.

 


ئه‌وه‌شی وت: چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی چه‌ند کۆمپانیایه‌کی ده‌ره‌کین بۆ پشکنینی ناوه‌وه‌ی به‌نداوه‌که‌، چونکه‌ تا ئێستاش به‌ وردی نازانین زه‌ره‌ر و زیانه‌کانی چینی ناوه‌وه‌ی به‌نداوه‌که‌ چه‌ندن.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin