Smiley face
Smiley face
Smiley face

پێشێلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان سێ هێندە زیادی کردووە

2018-01-11 12:52:23



ڕۆژنیوز - قەرەچوغ ئەنوەر

 

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە لە ساڵی ٢٠١٧دا، پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان سێ هێندە زیادی کردووە، ئاشکراشی کرد کە لە ساڵی ڕابردوودا ١٣٧ جار مافی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن پێشێلکراوە.

 

لیژنەى داکۆکى لەمافى ڕۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوایین ڕاپۆرتى خۆى سەبارەت بەپێشێلکارییەکانی مافی دەزگا ڕاگەیاندنەکان و ڕۆژنامەنووسان لەساڵى ٢٠١٧ بڵاوکردەوە، ئاشکراشی کرد کە بەپێى ئامارەکەی لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان و ڕادەربڕین، پێشێلکارییەکانی دژی رۆژنامەنوسان، نزیکەى سێ هێندەى ساڵى ٢٠١٦ زیادى کردووە.

 

خۆشناو جەمیل، ئەندامى لیژنەى داکۆکى لەمافى ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: کێشە و ململانێ سیاسییەکان کاریگەرى هەبووە لەسەر زیادبوونى پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، لەساڵى ٢٠١٧ یاساى ژمارە ٣٥ وەکو خۆى جێبەجێ نەکراوە و پێشێلکاریى زۆر کراوە بەرامبەر بەرۆژنامەنووسان.

 

سەبارەت بە ئامارى پێشێلکارییەکان وتى: لە ١ى ١ى ٢٠١٧ تاوەکو ٣١ى ١٢ى ٢٠١٧، ٣ حاڵەتى تیرۆر بەرامبەر ٤ ڕۆژنامەنووس تۆمارکراوە، خۆکوشتن ١ حالەت بووە، شەهید بوون ٢ حالەت، داخستنی میدیا ٥ حاڵەت بەرامبەر ١٣ دەزگاى ڕاگەیاندن کراوە.

 

وتیشی: ٢٠ جار حاڵەتی گرتن بەرامبەر ٣٠ ڕۆژنامەنووس ڕوویداوە، بریندار بوون ٥ حاڵەت تۆمار کراوە بەرامبەر بە ٥ ڕۆژنامەنووس، لێدان ٢٥ حاڵەت هەبووە کە بەرامبەر ٣٩ ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە، ڕێگەنەدان ٢٤ حاڵەت تۆمار کراوە کە بەرامبەر ١١١ ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە، هەڕەشە ١٥ حاڵەت، کە بەرامەبەر ١٨ ڕۆژنامەنووس ڕوویداوە، سوتاندن بەرامبەر دوو کەناڵ، تالانکردنیش ٥ حالەت بەرامبەر ٥ دەزگا تۆمار کراوە.

 

هەروەها باسى لەوەش کرد: کۆى گشتى پێشێلکارییەکان ١٣٧ حاڵەت بەرامبەر ٢٣٠ ڕۆژنامەنووس و دەزگاى ڕاگەیاندن تۆمار کراوە، ئەوەش بە بەراورد بە سالی ٢٠١٦ کە تەنیا ٤٥ حاڵەت بووە، کە بەرامبەر ٨٠ ڕۆژنامەنووس کراوە، زۆر زیادی کردووە و نزیک دەبێتەوە لە سێ هێندە.

 

د.خ

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin