ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا یادی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد کرایەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٣دا لە پاریس تیرۆرکران.
هاوڵاتیانی کوردی دانیشتووی مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا، لە پێنجەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سێ ژنە شۆڕشگێری کورد، ئەمڕۆ لە ناوەندی چاندی کورددا مەراسیمێکیان بەڕێوەبرد.
مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان دەستیپێکردو تێیدا ئەلماستا جەمشید، هاوسەرۆکی یەکێتیی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و کلتورییەکان قسەیکردو وتی: لە ناوەندی ئەوروپادا خیانەتێکی گەورە لە گەلی کورد کرا، ئەگەر فەرەنسا و وڵاتانی ئەوروپایی بیانویستایە، دەیانتوانی بکەرانی ئەو تاوانە دەستگیربکەن و دادگاییان کەن، بەڵام کاتێک باس لە کورد دەکرێت کۆنەپەرستیی ئەورپاییەکانیش دێتە ئاراوە، بەڵام بیرمان نەچێت کە گەلی کورد خۆی بکوژەکان دەدۆزنەوە و دادگاییان دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: لەم قۆناغەدا یەکێتی بۆ گەلی کورد لە هەموو شتێک پێوویستترە، ئەگەر کورد یەکێتییان بەهێز بکەن هێرشی لەم جۆرەش کۆتاییان پێدێت، تەنیا بە یەکێتیمان دەتوانین گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان لاببەین.
س.ح