Smiley face
Smiley face
Smiley face

وەزیری نەوتی عێراق: دەست بە هەناردنی نەوتی کەرکوک دەکەین بۆ ئێران

2018-01-07 13:45:12



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەینێت، لەم ماوەیە دەست بە هەناردنی نەوتی خاوی کەرکوک دەکەین بۆ ئێران.

 

جەبار عەلی حسێن لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە پێش کۆتایی ئەم مانگە دەست بەهەناردەكردنی نەوتی پارێزگای كەركوك دەكەن بۆ ئێران.


وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرا کردووە کە: "حكومەتی عێراق بەر لەكۆتایی ئەم مانگە، دەستدەكات بەهەناردەكردنی نەوت لەكێڵگە نەوتییەكانی باكووری كەركوكەوە بۆ ئێران".


ئاماژەی بەوەش كردووە، " بڕیارە لە سەرەتادا ڕۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕێگەی تانكەرەوە بنێرێت بۆ پاڵاوگەی كرماشانی ئێران".

 

ئەو بڕیارەش دوای ئەوە هات کە ئێران و عێراق لە مانگی ڕابردوودا ڕێکەوتننامەیەکیان لەو بارەیەوە مۆر کرد و ڕایانگەیاند کە بەم زووانە نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی تانکەرەوە ڕەوانەی ئێران دەکرێت.

 

فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ڕاگیراوە کە هێزەکانی عێراق دەستیان بەسەر بیرە نەوتییەکانی ئەو شارەدا گرت و لەژێر دەستی حکومەتی هەرێم دەریهێنا.

 

لە سالی ٢٠١٤، هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان گرت بەسەر چاڵەنەوتییەکانی کەرکوک، ئەوەش دوای ئەوە هات کە هێزە سەربازییەکانی عێراق لەبەرامبەر هێرشەکانی چەتەکانی داعش تێکشکان.

 

مانگی ڕابردووش لعێبی ڕایگەیاند کە هەردوو حکومەتی عێراق و ئێران، سەرقاڵی ڕاکێشانی بۆڕییەکی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوکن بۆ ئێران، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە تەنکەر هەبێت.

 

پێدەچێت ئەو بۆڕییە نەوتە، شوێنی بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی ئێستای کەرکوک بگرێتەوە کە لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە دەگاتە بەندەری جەیهان لە سەر دەریای سپی ناوەڕاست.

 

د.خ  



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin