Smiley face
Smiley face
Smiley face

"پێویستە گەنجان كتێبە فکرییەكان بخوێننەوە"

2018-01-06 10:31:00



ڕۆژنیوز- هاوكار مستەفا

 

بەشێك لە گەنجانی شارۆچكەی شارەزوور-ی سەر بەپارێزگای سلێمانی پێیانوایە تاكە ڕێگا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كێشەو گرفتەكان و دۆزینەوەی چارەسەرەكان ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ كتێب، گەنجێكیش پێیوایە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیان تێبگەین، زۆر گرنگە كتێبە فكرییەكان بخوێننەوە.

گەنجانی شارۆچكەی شارەزوور-ی سەر بەپارێزگای سلێمانی، باس لە گرنگیی خوێندنەوەی كتێب دەكەن، ئەوەش بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی گەنجان و چۆنیەتی مامەڵەكردن لە گەڵ قۆناغە جیاوازەكانی ژیاندا.

 


سەمەر سەعید، یەكێك لە گەنجانی شارۆچكەی شارەزوور، لەبارەی بایەخی خوێندنەوەی كتێب، بە ڕۆژنیوزی وت: لە سنووری شارۆچكەی شارەزووردا گەنجان وەكو پێویست ڕوو لە خوێندنەوەی كتێب ناكەن، بەشێكی زۆری ئەو خوێندكارانەشی كە لە قۆناغی زانكۆ و پەیمانگا دەردەچن، دوور دەكەونەوە لە خوێندنەوەی كتێب.

 

 

هەروەها وتیشی: ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە ئاستی ڕۆشنبیریی گەنجانی شارەزوور زۆر باش نەبێت، بەڵكو لە ڕێگەی كردنەوەی چەند خولێك و هەبوونی چەند ڕێكخراوێكی بواری گەنجان، تا ڕادەیەك توانراوە كاریگەرییان هەبێت لەسەر بەرەو پێشبردنی ئاستی ڕۆشنبیریی گەنجان.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەوەی تێبینی دەكرێت لە سنووری شارۆچكەی شارەزوور گەنجان كەمتر ڕوو لە خوێندنەوەی كتێبە فكرییەكان دەكەن، لەكاتێكدا بەشێكی زۆری گەنجان ڕوو لە خوێندنەوەی ڕۆمان و چیرۆكەكان دەكەن، بۆیە لەگەڵ ئەوەی خوێندنەوەی كتێب بەشێوەیەكی گشتی زۆر گرنگە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە گەنجان و خوێنەرانی كتێب تەنها ڕوو لە خوێندنەوەی یەك جۆر بابەتی كتێب نەكەن، بەڵكو بایەخ بە خوێندنەوەی كتێبە فكرییەكان بدەن.

 


زانیار محەمەد، گەنجێكی تری شارۆچكەی شارەزوورە، لەسەر هەمان بابەت بە ڕۆژنیوزی وت: چەندین ڕێكخراو و گروپ، لە سنووری شارۆچكەی شارەزوور هەن بۆ ئاشتكردنەوەی گەنجان لەگەڵ كتێبە جۆراوجۆرەكاندا، چونكە ئێستاکە ئاستی خوێندنەوە بەشێوەیەكی گشتی لە دۆخێكی باشدا نییە، لەكاتێكدا بەشێكی زۆری ئەو گەنجانەی كە دەبوو خۆیان بە خوێندنەوەی كتێبەوە سەرقاڵ بکردایە، دەیانبینین كاتەكانیان لە چایخانە و گازینۆ و چەند شوێنێكی تری لەو شێوەیە بەسەر دەبەن.

 

 

ئەوەشی باسكرد، تاكە ڕێگا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كێشە و گرفتەكان و دۆزینەوەی چارەسەرەكان، ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ كتێب، بۆیە ئەو گەنجانەی كە شەیدای خوێندنەوەی كتێبن بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێشەوە بچن، بەتەواوەتی لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیان تێبگەن، وا باشترە كتێبە فكرییەكانیش بخوێننەوە، بۆئەوەی خوێنەر تاموچێژی جیاواز لە خوێندنەوەی كتێب وەربگرێت.

 


ئەو گەنجەی شارۆچكەی شارەزوور، ڕای وایە كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاریگەری نەرێنییان هەبووە لەسەر بەفیڕۆدانی كاتەكانی گەنجان و بە كەلتووركردنی خوێندنەوە لای گەنجان، چونكە بەشێكی زۆری گەنجان لەبری ئەوەی سەرقاڵی خوێندنەوەی كتێب بن، خۆیان سەرقاڵ كردووە بە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەشێوەی ناتەندروست، ئەوەش لە ناڕۆشنبیری ئەو گەنجانەوە سەرچاوەی گرتووە كە كاتەكانی خۆیان بەو شێوەیە بەسەر دەبەن.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin