Smiley face
Smiley face
Smiley face

حکومەتی هەرێم: زانیارییەکانی عەبادی ناڕاستن

2018-01-04 08:43:54



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی حەیدەر عەبادی دەداتەوە سەبارەت بە داهات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەڵێت: زانیارییەکانی ناڕاستن.

 

ئێوارەی ٢/ئەم مانگە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕایگەیاند:" بەپێی حسابی ئێمە هەرێمی کوردستان 300 ملیار دینار بەشی مووچەی مانگێکی دەکات، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لە نەوتی هەناردەکراوە 544 ملیار دیناری تەواو دەستدەکەوێت، کە زیاتر لە 80%ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەمە وێڕای داهاتی دیکە وەک داهاتی گومرگەکان و باج کە نادرێتە حکومەتی ئیتیحادی".

 

شەوی ڕابردووش، سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی ئەو وتانەی عەبادی دایەوە.

 

دزەیی، زانیارییەکانی عەبادی بە ناڕاست ناوبردووە و لە چەند خاڵێکدا ڕوونکردنەو دەدات، کە بریتن لە:

 

1. دواى ئه‌وه‌ى سه‌ره‌تاى 2014 حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کرد و لەوساوە تا ئێستا داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچە خەرج دەکرێت.

 

2. هەردوو ساڵی 2014 و 2015 لە هەرێمی کوردستان به‌ داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ مووچە بەبێ پاشەکەوت دراوە، ساڵانی 2016 و 2017 ش دوای پەیڕەوکردنی ناچاریی سیستمی پاشەکەوت، بڕی (12) ترلیۆن و (77) ملیار و (764) ملیۆن دینار بۆ مووچە خەرج کراوە کە هه‌مووى له‌و داهاته‌ بووە.

 

3. بەڕێز عەبادی دەڵێت: مانگی (10)ی 2017 هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (450) هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، لای هەمووان ئاشکرایە، پاش ڕووداوەکانی 16/10/2017 هەردوو کێڵگەی هاڤانا و بای حەسەن کە ڕۆژانە بە تێکڕای (250) هەزار بەرمیل نەوتی هەبووە، کەوتنە ژێر دەستی حکومەتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی باکوور و لەوساوە هەناردەکردن لەو دوو کێڵگەیە ڕاوەستاوە، لەو بەروارەشەوە ئیتر هەرێمی کوردستان داهاتەکەی بووەتە نیوە.

 

4. له‌ دواى 16/10/2017ـه‌وه‌ تا کۆتایى ساڵى 2017 تێکڕای هه‌نارده‌ى نەوت لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە (265) هه‌زار و (970) بەرمیل نه‌وتى ڕۆژانه‌ کە بە نرخی برێنت نەفرۆشراوە و داهاته‌که‌ى ناکاتە دوو تریلیۆن دینار وەک بەڕێز عەبادی ئیدیعای دەکات.

 

5. وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2014ـەوە تاکو کۆتایی 2016 ڕاپۆرتی مانگانەی بەرهەمهێنان و فرۆش و داهاتی نەوتی خستۆتە ڕوو، لە سەرەتای ساڵی 2017یشەوە کۆمپانیای جیهانیی (دیلۆیت) وردبینیی ته‌واوى پرۆسه‌که‌ ده‌کات که‌ بەم زووانە ڕاپۆرتی شەش مانگی یەکەمی 2017 ده‌خاته‌ ڕوو، ئەو ژمارانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی دەکاتەوە و بەڕێز سەرۆک وەزیران ئاماژەی پێدەدات، وردبینی نەکراون و جێگەی گومانن، چونکه‌ لە ساڵی 2016 بەدواوە ئەندامیەتیی عێراق لە دەستپێشخەریی شەفافیەتیی نێودەوڵەتی (EITI) بەهۆی جێبەجێنەکردنی پێوەرەکانی شەفافیەتی نەوتەوە هەڵپەسێردراوە.

 

6. مووچەی یەک مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (850) ملیار دینارە، له‌گه‌ڵ پاشەکەوتی ناچارییش ئینجا نزیکەی (600) ملیار دینارە بۆ هه‌ر مانگێک، که‌چى بەڕێز عەبادی ده‌ڵێت تەنها (300) ملیار دینارە. هه‌روه‌ها داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمی کوردستانى بۆ سێ مانگی کۆتاییی 2017ی بە (544) ملیار دیناری عێراقی دیاری کردووە که‌ نرخی نه‌وتى برێنته‌، له‌ کاتێکددا نه‌ نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان و نه‌ نه‌وتى عێراقیش به‌ نرخى برێنت نافرۆشرێن!‌. نازانین سەرچاوەی ئەم زانیارییە ناڕاستانەی بەڕێز عەبادی چییە و چۆن دەتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە؟!

 

7. بەراوردکردن و هاوتاکردنی تێچووی نەوت لە هەرێم و عێراق نادروست و ناڕەوایە کە بەڕێز عەبادی بە (11) هەزار دیناری عێراقی داناوە. بەڕێز عەبادی خۆی باش ئەوە دەزانێت گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستی بەشداریکردنن لە بەرهەمهێنان، نەک گرێبەستی خزمەتگوزاری وەک ئەوانەی عێراق کە تەمەنی بلۆکەکانی دەیان ساڵه‌. جگه‌ له‌وه‌ى تەنها لە پڕۆژە ‌بودجەی ساڵی 2018ی عێراقدا بڕی (28) تریلیۆن و (770) ملیار دینار بۆ خەرجیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان له‌ عێراق تەرخان کراوە، که‌چى هیچ بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دابین نەکراوە، پابەندیش کراوە ڕۆژانه‌ (250) هەزار بەرمیل نەوت هه‌نارده‌ بکات!.

 

8. لە بودجەی 2018ى عێراقدا (334) ملیار دینار بۆ مووچه‌ى هه‌رێمى کوردستان دانراوه‌، کە بە پاشەکەوتیشه‌وه‌ ئینجا ده‌کاته‌ نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئه‌م ڕێژه‌یه‌ لە بودجەی عێراقی فیدراڵی بۆ ساڵی 2017دا (497) ملیار دینار بوو، هۆکاری ئەم کەمکردنەوەیە دیار نییە، لە کاتێکدا ژمارەی فەرمانبەران هەمان ژمارەیە و هیچ گۆڕانکارییەک لە مووچە و دەرماڵەکانیاندا ڕووی نەداوە.

 

9. لەگەڵ بڕینی بودجەی هەرێم لە سەرەتای ساڵی 2014ـەوە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش ناردنی بەرهەمی نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگرت که‌ مافی دەستووریی خۆیەتی بەپێی ژمارەی دانیشتوان، لە پاڵاوتنی نەوت لە عێراق سوودمەند بێت و پێویستی بە (300) ملیۆن لیتر سووتەمەنی هەیە، که‌چى حکوومه‌تى فیدراڵ تەنها بڕی (30) ملیۆن لیتری ناردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی تا ئێستا جووتیارانی هەرێمی کوردستان شایستەی داراییی خۆیان لە ساڵی 2014 تا 2017 وەرنەگرتووە کە دەکاتە (733) ملیار دیناری عێراقی.

 

10. هەرچی پەیوەندیداریشە بە ناردنی دەرمانەوە، لە ساڵی 2015ـەوە تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت، هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان 100%ی پشکی خۆی وەرنەگرتووە و ئەوەی وەریگرتووە بە تێکڕایی لە 60% تێپەڕی نەکردووە.

 

11. سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی هەندێک بەڕێوەبەرایەتیی دیاریکراو، وەک بەنداوەکان، ڕەگەزنامە و ئیقامەیش‌، ئەوانە هەر خۆیان فەرمانگەی فیدراڵین لە هەرێمی کوردستان و بەپێی دەستوور مووچەیان لەسەر حکوومەتی عێراقە. ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەکانیش بە نموونە وەربگرین، ژمارەی فەرمانبەرانیان ته‌نیا (429) فەرمانبەرە و مووچەی مانگانەیان (389) ملیۆن دینارە.

 

 

ش.ف

 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin