Smiley face
Smiley face
Smiley face

قه‌ره‌یڵان: ئێمه‌ پێشنیارمان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى باشورى کوردستان

2017-12-29 12:50:51



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


موراد قه‌ره‌یڵان ئه‌ندامى کۆمیته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌که‌که‌ ڕایگه‌یاند، ئه‌وان پێشنیاریان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى باشورى کوردستان و پێویسته‌ گوێ له‌ داواکارییه‌کانى گه‌ل بگیرێت.


موراد قه‌ره‌یڵان ئه‌ندامى کۆمیته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پارتى کرێکانى کوردستان – په‌که‌که‌ له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ چرا تیڤى، که‌ ته‌له‌فزیۆنێکى تایبه‌ت به‌ ئێزدییه‌کانه‌، باسى بارودۆخى باشورى کوردستان و ڕه‌وشى ئێزدییه‌کانى کرد.


قه‌ره‌یڵان وتى: باشورى کوردستان جێگه‌یه‌کى گرنگى هه‌یه‌ له‌ ئازادى کوردستاندا، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بوو به‌ سیاسه‌تێکى ڕاست نزیک ببوایه‌ته‌وه‌، ئه‌و پێگه‌یه‌ بکاته‌ بنه‌مای سه‌رکه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجام، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌ باشور پێکنه‌هات، ئاڵۆزیى دروست بوو، ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر ڕوویاندا، ده‌ستکه‌وته‌کان به‌شێکى زۆرى له‌ده‌ستچوو، ئه‌و ڕه‌وشه‌ش ده‌بێت ڕاست شڕۆڤه‌ بکرێت.


قه‌ره‌یڵان وتیشى: ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌که‌ خۆپیشاندانى گه‌ل پێکدێت، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى باشور هاوکار بین، ئه‌مڕۆ له‌ له‌ باشور کێشه‌ هه‌یه‌ و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام ده‌بێت کێشه‌کان به‌ ته‌واوى ببینرێن و ده‌ستنیشان بکرێن.


ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد: له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پێشنیارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئێمه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌ڵێین له‌لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه‌ کۆمسیۆنێک دروست بکرێت، ئه‌م کۆمسیۆنه‌ له‌ هه‌موو ڕێکخراوه‌ سیاسى و مه‌ده‌نییه‌کان و هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کى فراوان دروست بکرێت.


قه‌ره‌یڵان زیاتر وتى: ده‌بێت ئه‌و کۆمسیۆنه‌ پلاتفۆرمى چاره‌سه‌ریى ئازاد پێکبێنێت، بچێته‌ شار و شارۆچکه‌کان و له‌گه‌ڵ گه‌ل کۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بدات، گوێ له‌ داواکارییه‌کانى گه‌ل بگرێت و چاره‌سه‌ریى بدۆزێته‌وه‌ و بیکاته‌ بڕیار، پێشنیارى ئێمه‌ بۆ چاره‌سه‌ریى ئه‌وه‌یه‌، چاره‌سه‌رى ڕاست ئه‌وه‌یه‌.


ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌گه‌ر وا نه‌که‌یت و بڵێیت به‌ هێز و فشار و به‌کارهێنانى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ڕێگه‌ له‌ گه‌ل ده‌گرم، نابێت، ده‌بێت به‌ سیاسه‌تێکى ڕاست نزیکى داخوازییه‌کانى گه‌ل ببنه‌وه‌. مافى خه‌ڵکه‌ خۆپیشاندان بکه‌ن، ده‌بێت تێکدان و سوتاندن نه‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵک چه‌ک به‌کارنه‌یه‌ت، داواکارى خه‌ڵک هه‌یه‌، ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان هۆکارى خۆى هه‌یه‌ و نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌رێمه‌که‌ که‌موکورتى هه‌یه‌.


باسى له‌وه‌ش کرد: پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتى 26 ساڵى باشورى کوردستان شیبکرێته‌وه‌ و بزانرێت به‌ چ ئه‌نجامێک و به‌ کوێ گه‌یشتوه‌، خه‌لًک گۆڕانکارى ده‌وێت و ده‌بێت داواکارییه‌کانى خه‌ڵک به‌ شێوه‌یه‌کى ڕاست ببینرێت.


موراد قه‌ره‌یڵان باسى ئێزدییه‌کانیشى کرد و وتى: گه‌لى ئێزدى پێویستى به‌ یه‌کێتى هه‌یه‌، ده‌بێت ببنه‌ یه‌ک، ده‌بێت بۆ ئامانجى هاوبه‌ش بێنه‌ لاى یه‌ک، پێویسته‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌کان ئێزدییه‌کان ئیتفاقى خۆیان دروست بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌لى ئێزدى ببێته‌ خاوه‌ه‌ن ئیراده‌.


وتیشى: شه‌نگال نه‌ک ته‌نها بۆ ئێزدییه‌کان، به‌ڵکو بۆ هه‌موو گه‌لى کورد گرنگ و پیرۆزه‌، چاره‌نوسى ئێزدیه‌کان له‌ده‌ستى خه‌ڵکى دیکه‌دا نییه‌، پێوسته‌ چاره‌نوسى ئه‌وان به‌ ده‌ستى خۆیانه‌وه‌ بێت، له‌ ڕوسیا و ئه‌وروپا ناتوانن چاره‌نوسى خۆیان دیارى بکه‌ن، به‌ڵکو له‌ شه‌نگال ده‌توانن.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin